ساڵی 1934 لە یەکێک لە تایفەکوردەکانی کرمانجی باکووری خوراسان لە تیرەی "عاشیق" لە گوندی "ئاشخانە" لە باکووری خوراسان لە دایک بووە. لە سەردەمی منداڵییەوە لە تەنیشت باوکیدا کە بە کەلەسەری ئاژەڵەکان کەمانچەی ساز دەکرد و دەیژەنی هۆگری بەم ئامێرە پەیدا کرد.
پاشان لەگەڵ مامیدا درێژەی بە فێربوونی ئامێری کەمانچەدا، دوای کۆچی دوایی باوکی لە خزمەت "سولەیمان نامی" کەمانچەژەنی کرد و زۆربەی ئاهەنگ و ئاوازەکانی عاشیقی لەو فێربوو.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە کاتی لە دایکبووندیا ناسنامەکەی بە ناوی باوکییەوە واتە "وەلی ڕەحیمی" بۆ وەردەگرن، بەڵام کوردەکانی کرمانج کە شارەزایی و لێهاتوویی ئەو هونەرمەندەیان بە سەر ئامێری کەمانچەدا بۆ وەدەردەکەوێت نازناوی "وەلی عاشیق"ی بۆ دیاری دەکەن.
"وەلی عاشیق"یش هەر وەکوو تەواوی ژەنیارە پێشەییەکان و ئەوینداری موزیک، لە هیچ کاتێکدا ئامێرەکەی لە خۆی دوور نەدەکردەوە.
ئەم هونەرمەندە تا کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979دا هەم ئامێری کەمانچەی دەژەنی و هەمیش بۆ خۆی گۆرانی دەژچی. تا ئەوەی کە کەسانێک لە گوندی "ئاشخانە" ئامێرەکانی موزیکیان دەشکاند، بەڵام "وەلی ڕەحیمی" یەکێک لە کەمانچە میراتییەکانی کە لە باوکییەوە پێی گەیشتبوو لە کادێنی ماڵەکەیدا و ئەویدیکەیان لە نێوان شتوومەکەکانی ماڵێدا دەشارێتەوە تا کاتی ژەنینی بگات و بەم ئامێرانە موزیکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە بۆ خەڵکی بژەنێت.
کەسایەتی ناوداری کوردی کرمانجی باکووری خوراسان "کەلیموڵڵا تەوەحودی" بۆ یەکەمین جار دەستی "وەلی عاشیق" دەگرێت و دەیبات بۆ فیستیڤاڵی ئایینی و ئاوازی موزیکی حەوزەی هونەری تاران و دوای پێشکەش کردنی کۆنسێرت لەم فیستیڤاڵەدا، "وەلی عاشیق" لە تەواوی فیستیڤاڵەکانی نێونەتەوەیی و ناوچەیی ئێراندا بانگهێشت کرا تاکوو موزیک و گۆرانی ڕەسەنی کوردەکانی کرمانجی باکووری خوراسان پێشکەش بە هۆگران بکات، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی فەجر لە شاری تاران، فیستیڤاڵی موزیکی ناوچەیی ئێران لە شاری کرمان، فیستیڤاڵی موزیکی ئایینی و سونەتی لە شاری تاران، فیستیڤاڵی موزیکی زیکر و زاکرین لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و هەروەها چەندین فیستیڤاڵی موزیکی دیکە لە سەرتاسەری ئێران.
"وەلی عاشیق" کوردە نزیکەی 100 ئاواز و مێلۆدی ڕەسەنی کوردەکانی کرمانجی باکووری خوراسان و هەروەها نوکتەی خۆش و پێکەنینی ئەم ناوچەیەی بە زمانەکانی کوردی و فارسی لە زاکیرەدا بوو، بەڵام جێگای سەرسوڕمانە کە هیچ کاتێک بە شێوەی ئەوتۆ لە دەنگی ئەم هونەرمەندە کەڵکی پێویست وەرنەگیرا. هەندێک لەو پارچە موزیکانە لە CD "خۆشییەکانی ئێران"دا بڵاوکراوەتەوە.
شارەزایی و لێهاتوویی "وەلی عاشیق" تا ڕادەیەک بوو کە موزیکزانی ناوداری کورد و کەمانچەژەنی بەتوانای کەمانچەی کوردستان و ئێران و دنیا "کەیهان کەڵهور" بۆ بینینی ئەم هونەمەندە لە وڵاتی کەنەداوە سەردانی گوندی "ئاشخانە"ی کرد و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەکەیدا مایەوە تاکوو بتوانیت تەکنیکەکانی ژەنینی "وەلی ڕەحیمی" بە ئامێری کەمانچە فێربێت.