ناو: ئەمین
نازناو: موتابچی
ساڵی لەدایک بوون: 1929
شوێنی لەدایک بوون: #سلێمانی#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #12-05-2022#
شوێنی کۆچی دوایی: لەندەن
$ژیاننامە$
د. ئەمین موتابچی: زانای زمان و ئەدەب
بنەماڵەی موتابچی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی شاری #سلێمانی#ن، لەم بنەماڵەیەدا دەیان کەسایەتیی نیشتمانی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و زانستی و کۆمەڵایەتی هەڵکەوتوون و خزمەتی زۆریان بە گەل و نیشتمان کردووە، ناویان بەشانازییەوە لە لاپەڕە درەوشاوەکانی مێژوودا تۆمار کراوە.
د.ئەمین موتابچی یەکێک لە هێما دیارەکانی ئەو بنەماڵە هێژایەیە، ئەو زانایەکی ناوداری کوردستانە و لە بوارەکانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و زانستیدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش کردووە و شوێن پەنجەی ڕەنگینی دیارە.
د. ئەمین عەلی سەعید ناوی تەواوی ئەو کەسایەتییە مەزنەیە و بە (د.ئەمین موتابچی) ناسراوە.
ساڵی 1929 لە گەڕەکی سەرچیمەنی شاری سلێمانی لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە تەواوکردووە.
موتابچی خولیای فێربوونی زمانی فارسی بووە، هەر بۆیەش لە سەردەمی خوێندکاری و مامۆستایی لای شێخ نووری شێخ بابە عەلی و مەلا ڕەحیمی مەریوانی لە سلێمانی، ڕێزمان و ئەدەبی فارسی خوێندووە، بەگوڵستانی سەعدی شیرازی و شەرحەکەی ئاشنا بووە.
ساڵی 1951 چووەتە خولێکی پێگەیاندنی مامۆستایان و بەسەرکەوتوویی تەواوی کردووە و بەمامۆستا دامەزراوە.
موتابچی خولیای خوێندن بوو، هەر بۆیەش ساڵی 1959 چووە بەشی کوردیی کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا و ساڵی 1963 بەپلەی نایاب تەواوی کرد و بە موعید لە هەمان زانکۆ دامەزرا.
دواتر چووە زانکۆی تاران و ساڵی 1969 لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لەزمان و ئەدەبیاتی فارسیدا بەدەستهێنا.
گەڕایەوە وڵات و لە کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا لە بوارەکانی ڕێزمان و ئەدەبی کوردی و فارسی خزمەتی کرد و وانەی وتەوە، سەدان خوێندکار لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای بەدەستهێنا.
خۆشی پلەی زانستی بەرز بووەوە بووە پڕۆفیسۆر.
موتابچی، بێ لە بواری خوێندن، لە بوارەکانی ئەدەب و مێژوو و زانستدا بە نووسین و وەرگێڕان خزمەتی کرد و خاوەنی چەندین پەرتووک و لێکۆڵینەوەی زانستییە.
(کوردنامە) لە دیارترین پەرتووکەکانی ئەوە و لەژێر کاریگەریی شانامەی فارسیدا نووسیوویەتی، ئەم پەرتووکە باسی مێژووی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی مادەوە تا کۆتایی کۆماری #مەهاباد# دەکات، ماوەی 26 ساڵ خەریکی نووسینی ئەو پەرتووکە بووە، لە ساڵی 1970 دەستی پێ کرد و ساڵی 1996 تەواوی کرد و ساڵی 2002 پاکنووسی کرد و ساڵی 2007 چاپی کردووە.
موتابچی چەندین پەرتووکی دیکەی چاپکراو و دەستنووسی هەیە.ئەمانە بەشێک لە پەرتووکە چاپکراوەکانین (تێهەڵکێشی موتابچی لە36 غەزەلی حافزی شیرازی، دەفتەری یەکەمی مەسنەوی مەعنەوی جەلالەدین ڕۆمی بە کوردی-وەرگێڕان، دیوانی مەلا وەسمان-لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە، زەردەشت و شەش چیرۆکی کوورت، چواردە چیرۆکی کوورت-وەرگیڕان، کوردستاننامە یا شێرکۆ و ماری، دیوانی موتابچی-دوو بەرگ، کورد و مەسەلەی کورد-وەرگێڕان) و چەندانی تر.
موتابچی ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد بوو، لە ڕێی کۆڕ و گۆڤارەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و زمانی کوردی کردووە.
ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی شاری بەغدای بەجێهێشت و لە شاری لەندەن نیشتەجێ بوو، لەوێش وەک مامۆستای زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان لە زانکۆی لەندەن خزمەتی کرد.
پاش خزمەتێکی زۆر بەکایەکانی زانستی و ئەدەبی، ڕێکەوتی 12-05-2020 لە وڵاتی غەریبی و لە شاری لەندەن کۆچی دوایی کرد.
تێبینی
موتابچی: پیشەیەکی دەستیی کۆنی شاری سلێمانییە، ئەو پیشەوەرانە، لەمووی بزن، بەچەند ئامێرێکی سەرەتایی، (گوریس و قەیاسە و خەرار) یان درووست دەکرد.[1]