رێکەوتننامەکە کە لە 27-07-2007 بە ئیمزای سکرتێری یەکێتی نیشتمانی، جەلال تاڵەبانیو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی گەیشتوە، چەندین خاڵی گرنگ دەخاتەڕوو کە هەر دوو لایەن (ینک و پدک) لەسەر ڕێکەوتوون.
دەقی ڕێکەوتننامەکە:
روونکردنەوەیەکی پێویست
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو ڕاستییەیان لا یەکلابۆتەوە کە بەحوکمی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەهەردوولایان و هەستیاریی بارودۆخی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و هەبوونی کۆمەڵێک ئەرکی هاوبەشی ئەم قۆناغەو لەپێناوی یەکڕیزی و ڕێکخستنی نێوماڵی کوردی و سەنگی کوردستان لەپرۆسەی سیاسیی عیراق و هەرێمایەتیدا، بەرپرسیارێتی زێدەتر دەکەوێتە ئەستۆی ئەمان، بۆیە لە 27-07-2007 دا بەئیمزای بەڕێزان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژییان ڕاگەیاند.
بلاوکردنەوەی دەقی ئەو ڕێککەوتنامەیە بۆ ئەوەیە هەموو خەڵکی کوردستان ئاگاداری ڕاستگۆیی ئەو دوو حزبە سیاسییەی کوردستان و عیراق بن بەرامبەر بەمیللەتەکەیان کەڕێککەوتنی نێوانیان تەنیا ڕێککەوتنی دوو حزب نییە، بەڵکو چووە چوارچێوەیەکی سیاسی و بەیەکەوە کارکردنی هەردوولایە بۆ یەکگرتوویی حکومەتی هەرێم و تۆکمەی گوتاری سیاسیمان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆرو گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی لەسەر بنەمای دیموکراسی و مۆدێرن، هەروەها دابینکردنی ئازادییەکانی تاک و کۆمە ڵ و زامنکردنی مافی نەتەوەو ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانی کوردستان.
شایانی باسە لەدوای ئەو ڕێککەوتنەوە تا ئەمڕۆ بەهاوکاریی حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، بەشێکی زۆری بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە جێبەجێکراون و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانێتی لەهەرێمی کوردستاندا پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوەبینیوە. ئێستا لەهەرێمدا یەک حکومەت هەیەو وەزارەتەکانی وەکو دارایی و پێشمەرگەو ناوخۆ یەک وەزارەتن و لەلایەن یەک ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێن.
لێرەدا دەقی ئەو ڕێککەوتنە بلاودەکەینەوە کە بەڕاستی ڕێککەوتنێکی ستراتیژییەو هەموو پرۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی کۆمەڵگاکەمانی لەوەرچەرخانێکی مێژووییدا خستەسەر ڕاستەڕێی خۆی و بە بەرژەوەندیی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ئازادی و یەکگرتوویی و تۆکمەیی سیاسی و کۆمەلایەتیمان شکایەوەو ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەچنینەوە.
لەبەر هەستیاریی بارودۆخی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و هەبوونی کۆمەڵێک ئەرکی هاوبەشی ئەم قۆناغەو بەحوکمی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەهەردوولامان و مێژوو و خەبات و قوربانیی چەندین ساڵە لەپێناو ئامانجە ڕەواکاندا، قورسایی زێدەتر دەکەوێتە ئەستۆی هەردوولامان، بەتایبەتی بەهەڵواسراویی مانەوەی چەند کێشەیەکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەرووشیانەوە کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکە لەهەرێمی کوردستان. لەبەرامبەر پرۆسەی سیاسیی عیراق و هەڵوێستی هەرێمایەتی، یەکڕیزی و ڕێکخستنی نێوماڵی کوردی سەنگی کوردستان لەپرۆسەی سیاسیدا بەسوودی گەلەکەمان گرانتر دەکات.
هەروەها لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و هاندانی هزری نەتەوەیی لەسەر بنەمای دیموکراسی دوور لەتوندوتیژی و دابینکردنی ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ و مسۆگەرکردنی مافی نەتەوە و ئایینزاکانی کوردستان و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت و منداڵ و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەلایەتی و بەرهەڵستکاریی تیرۆرو چەسپاندنی حوکمی یاساو بەرەو بەمەدەنیکردنی کۆمەڵگە کەتێیدا هەموو دامودەزگاکانی هەرێم بەشێوەی موئەسەساتی بەڕێوەبچن و بەرەو پیری قۆناغی جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت و بازاڕی ئازادو پتەوکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ گشت دۆستەکانی ڕاستەقینەی میللەتەکەمان بەتایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گۆڕینی باری ئێستای کوردستان و حزبە سیاسییەکانی بۆ بارێکی یاسایی باشتر بۆ پێکەوەژیانی سروشتی.
(یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) و (پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕادەگەیەنن:-
یەکەم:
لایەنی سیاسی و تیۆری:
-1ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر بنەمای پەیمانێکی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەیی کوردستانییە کەتێیدا وتاری سیاسیی کورد لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی بالا ڕەنگ بداتەوە، بەدیاریکردنی ئەرکەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییمان و پشتگیری و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان.
-2پابەندبوونی هەردوولا بەم ڕێککەوتننامەیە لەهەموو ئاستەکانی قەوارەیی، سیاسی، ئیداری و کۆمەلایەتی دەگرێتەوە بەهەموو ناوەندو ئۆرگان و ڕەگەزەکانییەوە لەم قۆناغەدا تا گەیشتن بەقۆناغێکی دیکەی سیاسی کەخواست و مافە نەتەوەییەکانمان بەشێوەیەکی جیاواز لەم قۆناغە دێتەدی.
-3هەردوولاو لەژێر پاساوی تەیاری فکری سیاسی نابێت ئەم ڕێککەوتننامەیە بەلاوە بنێن، بەڵکوو دەبێت پابەند بن، لەهەموو کۆنفرانس و کۆنگرەکانیشدا ڕەچاوی ئەم پرۆسەیە بکەن.
-4پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.
دووەم:
لایەنی پەڕڵەمانیی:
-1رێکخستنی فراکسیۆنی هەردوولا بۆ ئاسانکردنی درووستبوونی یەکدەنگی لەسەر یاساو پرۆژەکان و دەنگدان لەسەریان، هەروەها باشتر چاودێریکردنی حکومەت.
-2هەڵبژاردنی پەڕڵەمان بەیەک لیست دەبێ و ئەمە ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر هەموو ئەنجومەن و سەندیکاو کۆمەڵەو ڕێکخراوەکان و ئۆڵۆمپی بەپێی تەوافوق و تەوازن.
سێیەم:
لەڕووی حکوومەتەوە:
-1ژمارەی وەزارەتەکان کەم بکرێتەوە، بەپێی پێویست تەرشیقی حکومەت بکرێت لەسەرەوە بۆ خوارەوەو چاو بخشێنرێتەوە بەبودجەی حکومەتدا بەجۆرێک کە بەشە هەرە زۆرەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی کۆمەلایەتی و خوێندەواریی و تەندروستی و خزمەتگوزاریی بێت.
-2حوکمڕانیی حکومەت هەموو هەرێم بگرێتەوە نەک ئیجازە لەپارتی و یەکێتی وەربگرێ بۆ بەدواداچوونی حوکمڕانی خۆی و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی و دەستکاری لەدامەزراوەکانداو هەموو بابەتە پەیوەندارەکان.
-3یەکخستنی وەزارەتەکانی پێشمەرگەو دارایی و ناوخۆو دەزگاکانی ئاسایش پێش کۆتایی ساڵی 2007، بۆئەوەی یەک حکومەتیی مانای خۆی بدات بەتەواوی.
-4شکاندنی دیواری تاکە لایەنی لەئیداراتی کوردستاندا هەر لەخانەقینەوە تا زاخۆ بەتەوافوق و تەوازن و ئیعتیمادکردن بەپرەنسیپی کفائات.
چوارەم:
-1هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەسەر ئاستی عیراق لەپێناوی چەسپاندنی حوکمی فیدرالی دیموکرات و پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی لەسەر ئاستی عیراق و دابینکردنی موشارکەی ڕاستەقینە لەبەڕێوەبردنی حوکم و هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانی سیاسی و ئابووری و نەوت و عەسکەری و پەیوەندییەکانی عەرەبی و ئیقلیم و جیهانی.
-2بەگژاچوونی تیرۆریزم و گێرەشێوێنی و هەڵگەڕانەوە لەحوکمی قانوون بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی و سەروەریی دەستوورو قانوون.
-3دانانی پاڵێوراوی ژیر و کاراو بەتواناو زمانزان بۆ پەڕڵەمانی عیراق لەلیستی هاوبەشدا.
-4هەڵبژاردنی وەزیرەکان و فەرمانبەرانی دیکەی کوردستان لەکابینەی بەغدا بەڕەچاوکردنی تواناو تەوازن و لێوەشاوەیی.
پێنجەم:
لەڕووی پەیوەندیی دەرەوە و دیبلۆماسییەوە:
-1یەکخستنی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەو دەستنیشانکردنی کەوادری لێهاتوو لەم بوارەدا.
-2یەکهەڵوێستی لەکاری پەیوەندیی دەرەوە لەسەر ئاستی عیراق و ولاتە ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتیدا.
-3یەکهەڵوێستی لەهەمبەر پەیوەندییەکانی کوردستانی لەناوەوەو دەرەوە.
شەشەم:
میکانیزم و چاودێری:
-1دامەزراندنی هەیئەتێکی کارگێڕیی هاوبەش لەچەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی هەردوولا بۆ سەرپەرشتیکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
-2هەمان دامەزراوە لەسەر ئاستی لق و مەڵبەندەکانیش دابمەزرێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دێنەپێش.
-3سەرکردایەتیی هاوبەش و دامەزراوەی هاوبەش ئەرکیانە ڕۆحی ئەم ڕێککەوتننامەیە شۆڕبکەنەوە خوارێ بۆ ناو ڕێکخستنەکانی هەردوولا بە بەستنی کۆڕو سیمینار لەهەموو دەڤەرەکاندا بەئامادەبوونی نوێنەرانی سەرکردایەتیی هاوبەش.
-4هەردوولاو هەموو پێکهاتەکان نابێت خۆیان لەجیاتی حکومەت و دامەزراوەکان دابنێن، بەڵکو هەموو پشتگیرییەک بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێم دابینبکەن.
-4سزادانی هەر کادرێک لەهەرلاوە دژی ئەم ڕێککەوتننامەیە بن.
حەوتەم:
لەڕووی ڕاگەیاندنەوە:
لەسەر ئاستی هەرێم
پابەندبوون بەئەخلاقیاتی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن، بەسایتەکانیشەوە، لەسەر بنەمای یاساو ڕێکخستنەوەی یاسای باری ڕاگەیاندنی هەرێم و پەلەکردن لەدەرکردنی پرۆژەیاساکان بۆ ئەم مەبەستە.
لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنی هەردوو حزب:
-1دامەزراندنی هەیئەتێکی ڕاگەیاندنی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی وتاری یەکگرتووی ڕاگەیاندن.
-2رەنگدانەوەی ئەم وتارە یەکخراوە لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆن، ڕادیۆکان، ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا.
-3رێگە نەدان بەهەر هزر یان زاراوەیەک لەراگەیاندنی هەردوولا کەهاندەری دژایەتیی حکومەتی هەرێم و هەردوولای تێدا بێت.
هەشتەم:
لەڕووی نەهێشتنی کێشەی پاشماوەکانی قۆناغی ڕابردوو:
-1چارەسەرکردنی کێشەکانی خانووبەرەو زەوی و زاری خەڵک کە بەبڕیاری هەردوولا زەوتکراون یان دابەشکراون.
-2یەکخستنەوەی یاساکان و تەعلیماتی هەردوو ئیدارەی پێشوو بەتەواوی و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی قۆناغی لەتبوون.
لەکۆتاییدا، دەبێت ئەم ڕێککەوتننامەیە کاریگەریی ئەرێنی (ئیجابی) هەبێت بۆ نەهێشتنی باری گرژی و زاڵبوونی گیانی یەکڕیزی و تەبایی و چەسپاندنی باری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لەجیاتی ئەو ململانێیەی بەدەستییەوە دەماننالاند، ڕێگەگرتن لەهەلپەرستان و سەنگەرگۆڕە بێ بنەماکان. هەروەها ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێتە مایەی ڕێگەگرتن لەپرەنسیپی پەنجا بەپەنجاو نابێتە هۆی بەرتەسک بوونەوەی ئازادیی سیاسی و دیموکراتی، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەروەکو لەدەستووری کوردستاندا هاتووە.
هیوادارین ئەم یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستییە ببێتە مایەی ئەوەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراو و دامەزراوە دیموکراتییەکان پتر بەگەڕ بخرێن و پشتیوانی بکرێن و نابێ ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ئەگەری بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی نەرێنی (سلبـی) لەکوردستاندا یان لەژێر سایەیدا گەندەڵی سیاسی و ئیداریی حەشار بدرێن، بەڵکو پێویستە نەخشەیەکی ژیرانەی بۆ دابنرێت بۆ لەڕەگ و ڕیشە هەڵکەندنی گەندەڵیی سیاسی و ئیداریی. هەروەها هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەو جینۆسایدەی دژ بەگەلی کورد کراوە بەدنیا.
بۆیە ئەم ڕێککەوتنە لەڕوانگەی دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و دروستکردنی متمانەی پتری جەماوەر بەپێویست دەزانین.