ناوی تەواوی یوسف ئیبراهیم ئیبراهیم لە ساڵی 1944 لە شارۆچکەی سرێکانی لە پارێزگای حەسەکە لەدایکبووە، ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە زۆزان لە دەورووبەری دیار بەکر لە باکووری کوردستان.
لە ساڵی 1953 خوێندنی سەرەتایی دەستپێکردووە پاشان لە پۆلی سێیەم گواستراوەتەوە بۆ خوێندنگەیەکی کریستیانی نموونەیی و بۆ خوێندنی ئامادەیی ڕۆشتوە بۆ حەسەکە.
بارودۆخی کورد لە سوریا و باری سیاسی بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتای لاوێتیدا پاڵی پێوە دەنێت بەرەو سیاسەت. لە ماوەی خوێندنی ئامادەییدا دەبێت بە ئەندام لە پارتی دیموکراسیی کوردی لە سوریا کە بە نهێنی چالاکی دەکرد لەو کاتەدا.
لەدوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە حمس لە ساڵی 1966 سوریا بە جێدەهێڵێت بەرەو یۆغسلافیا، لەوێ پەیوەندی دەکات بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (باڵی ئیبراهیم ئەحمەد و مام جلال). لە پاش بەرێوەچوونی کۆنفرانسی ڕێکخراوی حزب لە ئەوروپا لە بەرلین لە بەهاری 1967 نوێنەرایەتیی حزبی لە رێکخراوەکانی یۆغسلافیا هەر لەو کۆنفرانسە بە ئەندامی یەدەک هەڵدەبژێردرێت لە ڕێکخراوی حزب لە ئەوروپا.
لەو ماوەیەدا چالاکیی زۆری دەبێت لەوانە:
1- دووبارە چاپ کردنەوەی پەرتووکی محەمەد تەڵەب هلال بە زمانی عەرەبی و وەرگێرانی بۆ زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بە هەماهەنگی لەگەڵ عیسمەت شەریف وانلی.
2- لەگەڵ هەندێک لە هاورێکانی هەڵدەستێت بە دەرکردنی گۆڤاری ئەلقافلە بە ناوی لقی دامەزراوە لە یۆغسلافیا و دەرکردنی گۆڤاری پرشنک لە لقی بەرلین.
بەشێکی دیکەی لەو ئەرکانەی بەڕێز یوسف زۆزانی وەری گرتووە:
1- ساڵی 2000 گەڕایەوە سلێمانی بۆ سەرپەرشتیکردنی دووبارە چاپکردنەوەی ڕۆژنامە ئەلموئتەمەر کە ئەوکات وتەبێژی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو.
2- لە 20ی 5ی 2004 لەلایەن سەرۆک مام جەلال_ەوە ڕاسپێردرا کە نوێنەرایەتی خودی مام جەلال بکات لە زانکۆی سلێمانی، پردی پەیوەندی بێت لەنێوان مام جەلال و سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی بەمەبەستی بەرەوپێشخستن و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، پاشان ڕاسپێردرا بە ئەرکی سەرپەرشتی کردنی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
3- لە ساڵی 2010 هەڵدەبێژرێت وەکو ئەندام و وتەبێژی لیژنەی سەرۆکایەتی کۆنفرانسی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی. [1]