زمانەوانی گەورەی کورد پڕۆفیسۆر د. محەمەد مەعروف فەتاح، ناسراو بە (حەمەی مارف) ساڵی 1943 لە گەڕەکی (کانی ئاسکان) ی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە.
لە سلێمانی قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی خوێندووە.
لە ساڵانی 1962-1966 لە کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی بەغدا بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە.
ساڵانی 1971-1973 لە زانکۆی ئەمریکایی لە بەیرووت ماجستێری لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەست هێناوە.
بۆ ماوەی 35 ساڵ مامۆستای زانکۆی سلێمانی و سەڵاحەدینی #هەولێر# بووە.
لە خزمەتی زانستی دا بە پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر گەیشتووە، بە دەیان وتاری زانستیی دەربارەی زمانەوانیی کوردی و ئینگلیزی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و خولە زانستییەکانی زانکۆکاندا بڵاو کردووەتەوە.
لەبەر ئەوەی ملی بۆ خواستەکانی ڕژێمی پێشوو نەداوە، بۆیە هەر بە پلەی (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر) گەیشتبوو.
لە دووای ڕاپەڕین لە هۆڵەند کورسییەکی خوێندنی باڵای زمانەوانیی بەراورد (کوردی ئینگلیزی) ی وەرگرت و لە ساڵانی 1995-1997 دکتۆرای لەو بوارەدا هێنایەوە و، پلەی زانستیی پڕۆفیسۆری وەرگرت.
لە ڕێزمان و زمانەوانیی کوردی و ئینگلیزی و زمانەوانیی بەراورد دا خاوەنی ڕێباز و قوتابخانەیەکی زانستیی تایبەت بووە.
سەرپەرستیی زیاتر لە (200) نامەی زانکۆیی زانستیی لە زانکۆکانی کوردستاندا کردووە کە لە بواری زمانی ئینگلیزی، زمانی کوردی، زمانەوانیی بەراوورد دا نووسراون.
لە هەر چوار زانکۆی کوردستان (#دهۆک#، سەڵاحەدین، #کۆیە#، سلێمانی) مامۆستای موحازیر بووە و سەرۆکایەتی یان ئەندامێتیی دەیان لێژنەی هەڵسەنگاندنی نامەی زانستیی کردووە.
لە ڕێکەوتی #22-06-2010# لە سلێمانی کۆچی دووایی کردووە. [1]