هەریر لەساڵی (1923) لەسەدەی بیستەمی ڕابردوودا لە سەروبەندی قەلەمڕەوی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراقدا بڕیاری بە شارەدێ بوونی دەرچووە، لە بەراییدا ناوەندە کارگێڕییەکەی #باتاس# بووە، دواتر لە ساڵانی پەنجاکان گواستراوەتەوە بۆ هەریر.
بە شارەدێبوونی هەریر هەمان ساڵ هاوکاتبوو لەگەڵ بوونی #هەولێر# بە پارێزگا لەساڵی 1923.
لەسەرەتاوە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربە شارۆچکەی #ڕواندوز# بووە، دواتر خراوەتە سەر شارۆچکەی #شەقلاوە# لەسنووری ئیداری پارێزگای هەولێر.
کۆنترین شارەدێیەو، کەوتۆتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر بەدووری (70)کیلۆمەتر.
کەوتۆتە سەر ڕێگای ستراتیژی و مێژوویی هاملتۆن.
عەلی هەریری شاعیری ناودارو کلاسیکی کورد
خەڵکی ئەم دەڤەرەی هەریرە هەرچەندە ژێدەرەکانی مێژووی ئەدەبی کوردی ڕای جیاوازیان هەیە لەبارەی ئەم شاعیرە کلاسکیەی کورد. گۆڕەکەشی لەناوسەنتەری شارەدێی هەریرە.
پایتەختی میرنشینی سۆران بووە لە سەردەمی قەڵەمڕەوی خانزادی میری سۆران.لە سەروبەندی داگیرکاری ئیمپراتۆری عوسمانییەکان. بەپێی ژێدەرە دیرۆکیەکان خانزادی میری سۆران لە ساڵی
1617 دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لەم میرنشینە نزیکەی 22 ساڵ حوکمڕانی کردووە تاکو ساڵی 1639.
بنەماڵەی حەیدرییەکانیش لەم دەڤەرە نیشتەجێ بوونە بنەماڵەیەکی ناودارو ئەهلی زانست ومەعریفە بوونە کەسایەتی گەورەی ئایینی و ڕۆشنبیرو سیاستمەدار و شاعیر و نووسەری دیارو گەورەیان لێ هەڵکەوتووە لە سەرئاستی کوردستان و عێراق.
تاکوئێستا شوێنەواری قەڵای خانزادی سۆران لە سەرچیای بەنی هەریر ماوە.
لە ساڵی (1923)ەوە تاکوئێستا (48)کەس بەکوردو عەرەبەوە بەڕێوەبەری ئەم شارەدێیە بوونە.
ژمارەی دانیشتوانی (40000)چڵ هەزار سەر خێزانە و، (54) گوندیش لە سنوورە کارگێڕییەکەی لە خۆدەگرێت.
(26) فەرمانگەی حکومی لەم شارەدێیەدا هەن.
یەکەم قوتابخانە لە ساڵی (1923) لە هەریر دامەزراوە لە باتاس کە تاکو ئێستاش قوتابیان تێیدا درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن.
لەم دەڤەرە دابۆماوەی (35) ساڵ مەسیحی و ئیسلام پێکەوە ژیاون لە ساڵی (1928) تاکو ساڵی (1963).
پاتریارک ماردنخا کە لە ساڵی 1935 لەگوندی دەربەندۆک سەربەڤشارەدێی هەریر لەدایکبووە پاتریارکی کەنیسەی ئاشووری جیهانی وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوولە ساڵی 2015لە ویلایەتی شیکاگۆی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد خەڵکی هەریرە لە مەسیحیەکانی ئەم دەڤەرە بووە.
چەند شوێنەوارێکی دێرین لە م دەڤەرە هەن. دیارترینیان قەڵای خانزادی میری سۆران و پەیکەرە لە بەرد هەڵکۆڵراوەکەی چیای بەنی هەریر کە مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە.
هەریر خاڵی پێکەوە گرێدانی هەردوو دەڤەری سۆران و بادینانە.
لە ساڵی 1979 کارگەی قوتوبەند و کارگەی مافووری دەستکرد لەم شارەدێیە دامەزراون لە لایەن حکومەتی ئەوسای عێراق.
ساڵی 1980 فرۆکەخانەی هەریر لەلایەن حکومەتی
عێراق سەردەمی بەعسی ڕووخاو دروستکراوە لە پرۆسەی ئازادی عێراق لەسالی 2003 هێزەکانی ئەمەریکا لەم فرۆکەخانەیە دابەزین.
هەریر دەڤەرێکی کشتوکاڵیە و دەشتێکی بەرفراوانی هەیە کەبە دەشتی هەریر و باتاس ناسراوە، زێی بادینانیش بە سنووری جوگرافی ئەم شارەدێیەدا تێپەڕ دەبێت کە سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوییە بایەخێکی زۆری هەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە دەڤەرەکەدا.
لە ژێدەرێکی مێژوییدا بەم شێوەیە باسی هەریرکراوە: هەریر گوندێکی گەورەی مێژوویی کۆنە، لە باکووری پارێزگای هەوڵێر دایە کەوتۆتە دواینی چیای هەریر، لە دەشتایی هەریر وباتاسدا.
ئەم گوندە پێش چەندسەد ساڵێک لەمەوبەر شارێکی گەورە بووە. لە دووسەد ساڵ لە مەوبەریشدا بۆتە پایتەختی میرنشینی سۆران، مێژووی دروستبوونی شارەکە کۆنە، ئەگەرێتەوە بۆپێش زایین، بەهۆی گەلێ کارەساتەوە بایەخی کەمبۆتەوە وبچووک بۆتەوە، ئەم گوندەی ئێستا هەیە، نزیکەی 500 پێنج سەد خانوودەبێت، گەلێ پاشماوەی شورەی کۆنی هەرماوە.[1]