کوڕی حاجی محەمەد سەرسێفی لە مانگی سەرماوەزی ساڵی 1348ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی و زەحمەتکێشی شاری #سەقز# لە دایک بووم. دەگێڕنەوە کاتێک لەدایک بووم بە هۆی خۆشحاڵیی بنەماکەم بۆ دونیا هاتنی من، جێژنێکی خۆماڵییان گرت و دوای بانگ دان بە گوێ مندا، ناوی ڕەزایان بۆ هەڵبژاردم.
سەردەمی خۆشی منداڵی تێکەڵ لە گەڵ شادی و کایەی دەورانی منداڵی و بە تایبەت کایەکانی ئەو کات، وەک: تفەنگ بازی، هەلووکێن، شەڕە گەڕەک، مەلە کردن، ماسی گرتن، تۆپێن، مێشێن، قەرا قەرا، حەوت بەردینە و زۆر شتی دیکە کە بیرەوەری خۆشی ئەو سەردەمە کە هێشتا لە بیرو مێشکمدایه، تێپەڕ بوو و لەبیرمە لەبەر کایە و هەڵات هەڵات هەر دەچووینە ماڵەوە خەومان لێ دەکەوت و نەماندەزانی کات و سات چۆن تێپەڕ دەبێت.
تەنها خۆشی ژیانمان هەر ئەوە بوو و خەمێکی دیکە لە سەر دڵمان نەبوو، بەڵام بە هۆی زۆر بوونی ئەندامانی بنەماڵە بنەماڵەی 10 کەسی و هەروەها شەریکی ماڵەکەمان لەگەڵ ماڵی مامم کە ئەوانیش بۆخۆیان 8 7 کەس بوون، زیاتر لە 20 کەس دەبووین کە لە خانوویەکی بچووک دەژیاین کە تەنها سێ هۆدەی بوو، کە ئەمەش گیروگرفتێکی زۆری پێک دێنا، بەڵام بە هۆی قەناعەتی خەڵکی ئەو سەردەمه، پێکەوە ژیان لە ئێستا ئاسانتر بوو.
خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی مەردوخی شاری سەقز دەست پێکرد، کە ئەو کات سەردەمی دەسەڵاتداریی پەهلەوی بوو، کچ و کوڕ لە قوتابخانەدا تێکەڵ بوون و هیچ کەس مافی ئەوەی نەبوو جلوبەرگی کوردی لە بەر بکات و بە زمانی کوردی قسە بکات و بخوێنێ. لێدان و ئازاری قوتابی لەو پەڕی خۆیدا بوو. هەر چەندە من لە بواری دەرس خوێندن، زەر موشکیلەیەکم نەبوو، بەڵام جار جاریش لەو تەمێ کردننانە بێبەش نەدەبووم.
لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی دا بووم کە شای ئێران هەڵات و شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت. پاشان تێکەڵاو لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی و هێرش بۆ سەر شارەکانی کوردستان و هەڵاتنی خەڵکی، ئێمەیش لەو ماوەیەدا چووینە ئاوایی زێدی باوکم، واتە سەرسێف و ماوەی چل شەو و ڕۆژ لەوێ بە ژیانێکی سەخت و دژوار ڕامانبوارد. هەر چەندە جار جاریش بۆ ئێمە خۆشی تێدا بوو. پاشان بۆ ئەزموونی چوارەمی سەرەتایی گەڕاینەوە بۆ سەقز و دواتر چوومە پۆلی پێنجەم کە ئەو کات ئیتر جلی کوردی و تا ڕادەیەک خوێندنی کتێبی کوردی ئازاد بوو و ئەمانتوانی کتێب یان نووسراوەی کوردی وەدەست بخەین و بیانخوێنینەوه.
دوای قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەی سەڵاحەدیین ئەیووبی درێژەم بە خوێندن دا و پاشان چوومە هونەرستانی فەننی و لە ڕشتەی میکانیک درێژەم بە خوێندن دا. لەو ماوەیەدا زۆر کتێبی شێعر و دیوانی شاعیرانم خوێندەوە و هۆگرییم بە ئەدەبی کوردی پەیدا کرد. بە تایبەت کتێبی ملوانکەی شینی کاک شەریف کە لە سەر هەست و ڕۆحی من زۆر شوێنەواری دانا. زۆر جار ئەو کتێبەم بۆ دایکم ئەخوێندەوە و ئەویش زۆر بە دڵی بوو، تەواوی شێعرەکانی ئەو کتێبەم لە بەر بوو. ئیتر بە دوای ئەوەدا بوو کە سەرم کردە خوێندنی کتێبی کوردی و زۆر جار تامەزرۆی کتێبێکی خۆش بووم کە دەستم کەوێ و بیخوێنمەوه.
لە هونەرستان ساڵی 1363ی هەتاوی بەردەوام لە پاڵ وانەی فەننی، دەچوومە پەرتووکخانەی گشتیی شار و زۆر دیوانی شێعر و کتێبی باش باشم لەو شوێنە دەست دەکەوت و دەمخوێندەوه. ساڵی 1364ی هەتاوی بە هۆی دەرچوونی گۆڤاری خۆشەویستی سروە یادگاری بە نرخی مامۆستا هێمن زۆربەی ژمارەکانی سروەم دەکڕی و دەمخوێندەوە و پاشانیش ئەگەر گۆڤاری دیکەی کوردیم دەست بکەوتایه، دەمخوێندەوه. بە هۆی خوێندنەوەی گۆڤاری سروه، کوردی خوێندن و کوردی نووسینم زۆر باشتر لە جاران بوو، پاشان دەفتەرێکم دانا بۆ شێعری شاعیرانی کورد و هەر شێعر یان بابەتێکم بە دڵ ببوایه، لەو دەفتەردا دەمنووسی.
لە هونەرستان ئەدەبیات و ئینشام باش بوو و تا ڕادەیەکی زۆریش موتالا و خوێندنی کتێب شوێنی لە سەر ئەمە دانابوو. لەبیرمە زۆر زیاتر لە خوشک و براکانم کتێبم دەخوێندەوە و بۆ کتێبەکانم زۆر ڕێزم دادەنا. لەم سەروبەندەدا شەڕی شارەکان بوردوومانی شارەکان دەستی پێکرد و دیسان ئاوارەیی و هەڵات هەڵات و دەرس وێڵ کردن دەستی پێکرد. لەو ئاستەدا دەرس خوێندن زۆر دژوار بوو، تەنانەت بەر پەنجەری فێرگەکەمان لە گونیەی خوڵ هەڵچنرابوو. ترس و دڵەڕاوکی و بوردوومان و داخرانی ناو بە ناوی قوتابخانەکان خوێندنی پەک خستبوو، بەڵام هەر جۆرێک بوو توانیم لە هۆنەرستانی شەهید بیدهندی شاری سەقز بڕوانامەی دیپلۆمی فەننی وەرگرم و دواتر لە تاقیکاریی زانستگەکان، بۆ زانکۆی شاری تاران دەرچووم.
ساڵی 1368ی هەتاوی دەورەی کاردانیم لە تاران هەر لە ڕشتەی مکانیک دەست پێکرد. لەو دەورەدا بە هۆی ئاشنایەتی زیاتر لەگەڵ نووسەران و چالاکانی ئەدەبی زۆرتر بەرەو دونیای ئەدەبی کوردی ڕاکێشرام. بیری کۆکردنەوەی مێژووی ناودارانی کورد هەر لەو کاتەوە لە مێشکم دا هەوێنی داڕێژرا. زۆربەی کاتەکانم لە بەر کتێب فرۆشیەکانی بەر زانستگەی تاران تێپەڕ دەکرد و ڕۆڵی پیشانگای کتێبی تاران لە ئاشنایەتی من بەرەو دونیای چاپەمەنی کتێب زۆر گرینگ بوو.
دوای کۆتایی خوێندنم لە فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان دامەزرام و بۆ ماوەی ساڵێک لە شاری سنه، مامۆستای هونەرستانی شەهید نمەکی ئەو شارە بووم. زۆر بیرەوەری و یادەوەری خۆشم لەو ماوەیەدا هەیە کە بە داخەوە کاتی گێڕانەوەیان نییه، لەو ماوەیەدا زۆر شت فێر بووم و زۆر شت لەو بابەتانەی کە بە دوایدا بووم دەستم دەخست.
لە سەر خواستی خۆم ساڵی 1373ی هەتاوی گەڕامەوە سەقز و ئیتر بە شێوازی بەردەوام کارم لە سەر ئەدەبیاتی کوردی دەست پێکرد. هەر چەندە لە پێشتردا زۆر کارم کردبوو، بەڵام هێشتا کرچ و کاڵ بوون و بە دڵی خۆم نەبوون. موتالا و خوێندنم زۆرتر درێژەدا و ساڵی 1375ی هەتاوی بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە شاری یەزد و هەتا ساڵی 1377ی هەتاوی لەو شارە دەرسم خوێند و توانیم بڕوانامەی لیسانسی فەننی وەرگرم و پاشان دیسانەوە هاتمەوە بۆ شاری سەقز و بە شێوەیەکی جیدی خەریکی نووسین بووم. هەرچەند لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی بەشدار بووم، بەڵام حەزم دەکرد ئەو بەرهەمانەم بە شێوەی کتێب چاپ و بڵاو بکرێتەوه. لە ژیاندا زۆر چەرمەسەری و ئازارم چێشتوە کە ئیتر جێگەی باسی زیاتر نییه.
لە سەر ئەم بیرو باوەڕە خەریکی کۆکردنەوە و کارکردن لە چەندین بابەتی وەک: فۆلکلۆر، مێژووی کورد، زمانی کوردی و گۆرانی ڕەسەنی کوردی و چەند بابەتێکی تر بووم. دوو کتێبم ئامادە کرد کە کتێبی یەکەمیان بە ناوی داب و نەریتی کوردەواری چاپ کراوە و کتێبی دووهەمیشم ناوی پەند و مەتەڵ و بنەڕەتی مەسەلی کوردییه، کە بە ناوی پەندی پێشینانی کوردی بە زووترین کات چاپ و بڵاو دەکرێتەوه. هەروەها کتێبی سێهەمیشم کە ناوی دیارییه، بۆ ئیزنی چاپ ناردوه، کە ئەویش بابەتی فۆلکلۆری یە و داگری چوار بەشی: نەقڵی کوردی، چیرۆکی بەیتی کوردی، وتەی گەورە پیاوان و گۆرانی ڕەسەنی کوردییە و ئێستاش لە سەر مێژووی ناودارانی کورد کار دەکەم.