لە یەکەمین ڕۆژی نەورۆزی ساڵی 1928 لە شاری #مەهاباد# هاتە دنیا. ساڵی 1942 لە مەهاباد کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ژ.کاف پێکهات و دکتۆر سەید عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان کە ئەو کات تەمەنی 14 ساڵ بوو لە گەڵ براکەی بە ناوی محەمەد ئەیووبیان لە دامەزرێنەرانی ئەو کۆمەڵەیە بوون و بوونە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف و سەید عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان یەکێک بوو لە کەم تەمەنترین ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە.
دکتۆر سەید عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان وەکوو کەسایەتییەکی خاوەن هەست لە هەمبەر کێشەی کورد لە سەردەمی ئێستادا، زۆر پەرۆشی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. بۆیەش بە تامەزرۆییەوە بۆ شاری #هەولێر# سەفەری کرد و بە شێوەی فەرمی لە گەڵ #مەسعود بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری کرد.
دکتۆر سەید عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان لە ماوەی ساڵانی کار و تێکۆشان و خزمەتی خۆیدا بە دەیان کتێب و وتار و لێکۆڵًینەوەی ئەدەبی پسپۆرِانەی چاپ و بڵاو کردەوە. یەکێک لە تایبەتەمەندییە گرینگەکانی ئەو کەسایەتییە پاراستنی ڕەسەنایەتی فەرهەنگیی لە زمان و نووسین و ئاخاوتنی کوردیدا و هەڵوێستی نەگۆرِی سیاسی و جۆری جل و بەرگی تایبەتی کوردی ئەو بوو.
لە بەرهەمە چاپکراوەکانی دکتۆر سەید عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان دەکرێ ئاماژە بکەین بە کتێبەکانی چریکەی مەم وزین بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی لە 277 لاپەرِەدا و ڕۆڵی قارەمانی ڕۆژهەڵات سوڵتان سەڵاحەدین ئەبووبی لە بەردەم مێژوودا لە 183 لاپەڕەدا کە لە شاری تەورێز چاپ کراون.
رۆژی شەممە 28ی ئۆگۆست لە تەمەنی 82 ساڵیدا بە هۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.