- دەستپێکردنی ژیانی هونەریی موزیکوان و گۆرانیبێژ قادر دیلان.
- دەرچوونی یەکەمین ژمارەی یەکەمین گۆڤاری منداڵان لە چاپخانەی کوردستانی مەهاباد، بەنێوی گڕوگاڵی منداڵانی کوردەوە.
- ناردنی نێرژەیەکی ڕۆشنبیری بۆ یەکێتی سۆڤیەت لەلایەن کۆماری مەهابادەوە.
- هێزەکانی کۆماری مەهاباد لەم ساڵەدا بریتی بوون لە بارزانی بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا - 1200 پیادە، بارزانی بە سەرۆکایەتیی شێخ ئەحمەد - 900 پیادە، جەلالی و میلانی 400 سوارە، شکاک بە سەرۆکایەتیی عومەر خان 800 سوارە، شکاک بە سەرۆکایەتیی تایەر خانی سمکۆ 500 سوارە، هەرکی بە سەرۆکایەتیی ڕەشید بەگ و بەگزادە بە سەرکردایەتیی نوری بەگ 1000 سوارە، هەرکی بە سەرۆکایەتیی زیرۆ بەگ 700 پیادە، دەستەی بنەماڵەی سەید عەبدوڵڵا گەیلانی زادە بە سەرۆکایەتیی سەعید فەهیم 200 سوارە، زەرزا بە سەرۆکایەتیی موسا خان 300 سوارە، قەرەپاپاخ کە تورک بوون بە سەرۆکایەتیی پاشاخان و خەسرەوخان 500 سوارە، مامەش بە سەرۆکایەتیی هەمزە نەڵۆسی ئەمیر عەشایری 500 سوارە، مامەش بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا قادری 400 سوارە، پیران بە سەرۆکایەتیی محەمەد ئەمین ئاغا و قەرەنی ئاغا 300 سوارە، مەنگوڕ بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا بایەزیدی 300 سوارە، مەنگوڕ بە سەرۆکایەتیی عەلی خان و ئیبراهیم سالاری 400 سوارە، گەورکیی سەردەشت بە سەرۆکایەتیی کاکەڵڵائاغا محەمەدی 200 سوارە، گەورکیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی بایزی عەزیز ئاغا 300 سوارە، گەورکیی سەقز بە سەرۆکایەتیی عەلی جوانمەردی و محەمەد ئاغا و حاجی ئیبراهیم ئاغا 400 سوارە، تێکەلاوی خێڵەکانی سەردەشت 500 سوارە، تیرەی سویسنی 100 سوارە، دیبۆکریی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی جەعفەر کەریمی 400 سوارە، دیبۆکریی بۆکان بە سەرۆکایەتیی ئاغاکانی ئیلخانی زادە 500 سوارە، فەیزوڵڵا بەگی بۆکان و سەقز 800 سوارە، بنەماڵەی بداشی سەقز 200 سوارە، تێکەڵاوی تیرەکانی مەهاباد و شاهیندژ 300 سوارە، دەستەی حەمە ڕەشید خانی بانە 300 سوارە و پێشمەرگەی جوانڕۆ و هەورامان 150. کۆی هەموویان دەکاتە 12.750 کەس.
- داخرانی گۆڤاری ڕووناهی.
- دەرچوونی دوا ژمارەی گۆڤاری ڕۆژا نوێ لە بەیروت.
- هاوینی ئەم ساڵ، عەبدولئیلاهی سەرپەرشتکاری پادشای ئێڕاق، هاتە هەولێر و ئاهەنگێکی شاهانەی بۆ گێڕدرا، لەو ئاهەنگەدا هەلپەرستان و خۆپەرستان گەلێک گووتار و هەڵبەستیان خوێندەوە.
- پایزی ئەم ساڵ، لە دوای کشانەوەی سوپای سۆڤیەتی لە کوردستان و ئازەربایجاندا، قەوام ئەلسەڵتەنە، وەزیرە کۆمۆنیستەکانی نێو وەزارەتی ئێرانی دوورخستەوە.
- داهاتی تووتن لە باشووردا هاتە کزی و ئەم قات و قرییە تا سەرەتای پەنجاکان بەردەوام بوو.
- لەدایکبوونی کوردناسی ڕووسی ئۆڵگا ئیڤانۆڤنا ژیگالینا، لە کۆماری تورکمەنستان.
- ڕوودانی شۆڕشی هۆزە ئێرانییەکان دژی د.ا، کە عەباس خانی سەرۆکی هۆزی کەلهوڕ ڕۆڵێکی گرنگی تێدا بینی.
- لەدایکبوونی مەسعود بارزانی لە شاری مەهاباد.
- ئیبراهیم ئەحمەد، بووە سەرۆکی ڕێکخراوێکی نێوخۆیی شاری سلێمانی کە سەربە حدکا بوو.
- ڕۆژنامەی سون پۆست نووسیی: کە هیچ کاتێک کەمایەتیی کورد، لە تورکیا نەبووە.
- پەیوەندیکردنی مامۆستا سەعید ناکام بە کۆماری مەهابادەوە، کە کرایە سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان.
- تۆفیق وەهبی بووە وەزیری ئابووری لە حوکومەتی ئێڕاقیدا.
- لەدایکبوونی هونەرکاری وێنەکێش قازی زادە، لە شاری سەردەشت.
- ڕوودانی بوومەلەرزەیەک لە شاری پێنجوێن.
- هۆزەکانی ناوچەی هەڵەبجە، نوێنەرێکی خۆیانیان ناردە لای پێشەوا، تاوەکو پیرۆزبایی کۆمارەکەیی لێ بکەن.
- لەدایکبوونی هونەرکاری وێنەکێش دارا حەمە سەعید، لە شاری سلێمانی.
- دامەزرانی پەڕتووکخانەی کوردستان لە سلێمانی، لەلایەن کەمالی میرزا کەریمەوە.
- لەم ساڵەدا 43.263 کارگە لە تورکیادا هەبووە، کە تەنێ 2.427یان لە باکووری وڵاتدا بووە.
- یاریکردنی شانۆنامەی لە ڕێی نیشتمانا لە قوتابخانەی گۆیژەی سەرەتایی لە سلێمانی، کە لە ئامادەکردنی مامۆستا ڕەفیق چالاک بوو و سوودەکەی بۆ باربۆکردنی بوومەلەرزەکەی پێنجوێن بوو.
- بەهاری ئەم ساڵ، پچڕاندنی تێلی تەلەفونی نێوان سەردەشت و بانە لەلایەن پێشمەرگەوە.
- کۆچی دوایی هۆزانەوان مەلا مارفی کۆکی.
- کۆچی دوایی نووسەر وەزیری نادری.
- لەدایکبوونی کوردناسی هۆڵندی مارتین فان بڕاونسن، لە شاری ئوتریختی هۆڵندا.
- نووسینی هەڵبەستی گوڵی سوور لەلایەن هۆزانەوان دڵدارەوە.