- پادشای کوردستان شێخ مەحمودی بەرزنجی نامەیەکی ئاڕاستەی یەکێتیی سۆڤیەت کرد، تاوەکو لە دژی داگیرکەری ئینگلیز یارمەتیی بدەن، بەڵام هیچ وەلامێکیان نەدایەوە. شێخ لە نامەکەیدا دەڵێت: ساڵی 1917 کاتێک دنیا دەنگی ئازادی ڕاستەقینەی گوێ لێبوو و زانی کە گەلەکەتان لە چنگ چەوسێنەر و تاوانبارەکان ڕزگاری بووە، هەمو گەلان و نەتەوەکانی جیهان شادمان بوون.... ئەمڕۆ کە گەلی کورد دەستی یارمەتی بۆ لای ئێوە درێژ دەکات و بە دڵسۆزییەوە ئاواتەخوازە لەگەڵ ئێوە بەدۆستایەتی و برایەتی بژی، لانی کەم ئەو هیوایەمان هەیە کە گەلی کورد مافە نەتەوایەتییە ڕەواکانی خۆی بەدەست بێنێت.... ئێوە لە گیروگرفتی تەقەوەستاندن ئاگادارن و دەشزانن کوردستانی باشوور لە دژی کێ ڕاپەریوە. هەروەها دەشزانن هەڵوێستی وڵاتەکانی دراوسێ بەرامبەر ئەو چەشنە مەسەلانە چۆنە. ناکرێ هەموو شتێک بەدرێژی بنووسین، چونکە پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوان ئێمە و حوکومەتی سۆڤێتیدا نییە، کە بڕوامان پێی هەیە و بە پشتیوانی خۆمانی دەزانین. لەگەڵ ئەوەش دەتوانم شتێک بڵێم: گەلی کورد هەمووی پێی وایە گەلی ڕووس، خۆرهەڵات ڕزگار دەکات. ئێستا ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە یارمەتی بە مەسەلەکەمانە.... گەلی ئێمە بەپەلە چاوەڕوانە کە لە نێوان هەردوولادا پێوەندی دابمەزرێتەوە.....