ناو: حەمە ساڵح
نازناو: ساڵح کارگەچی
ناوی باوک: عەبدوڵڵا
ساڵی لەدایکبوون: 1934
ڕۆژی کۆچی دوایی: #28-09-1984#
شوێنی لەدایکبوون: #سەرگەڵو#
$ژیاننامە$
ساڵح کارگەچی ناوی تەواوی (حەمە ساڵح عەبدوڵڵا ڕەحیم) ە، گۆرانیبێژێکی دەنگ خۆش و نیشتمانپەروەر بووە، لە ساڵی 1934 لە خێزانێکی هەژاری گوندی #سەرگەڵو# ی ماوەت لە دایکبووە. دایکی ناوی خانم بووە، خەڵکی نەمەشیری ناوچەی #بانە# یە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کاتی گرانی گەورەدا هاتۆتە ئەمدی و لە لادێی سەرگەڵو نیشتەجێ بووە، لەوێ لەگەڵ باوکی ساڵح ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و لە ژیانی هاوسەریاندا سێ منداڵیان بووە بەناوەکانی (ساڵح و سەعید و ئەحمەد) هێشتا بەتەواوی لەخەم نە ڕەخسابوون باوکیان کۆچی دوایی کردووە و دایکیان ئەم سێ منداڵەی بە بێوە ژنی بەخێو دەکات تا بەتەواوی لە خەم دەڕەخسێن ئینجا هونەرمەند ئەرکی خێزانەکە دەخاتە ئەستۆی خۆی و دەکەوێتە کاسپی کردن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، ساڵح کارگەچی کە منداڵی و گەنجێتی لە #سلێمانی# بەسەربردووە گەنجێتی ئەو سەردەمە وەک ئێستا نە بووە، شەوانە چەند گەنجێک پێکەوە ڕێک دەکەوتن بەتایبەتیی دەنگ خۆشەکان بە کوچە و کۆڵانەکانی شاردا دەگەڕان و گۆرانییان دەچڕی یان لە ئاهەنگەکان و ناونان و شەوارەدا بەشدارییان دەکرد تا بەیانی نووستن نەبوو ئەو ساتانەیان بەخۆشی دەبردەسەر. سەرەتای هونەری لە ساڵەکانی چلەکان بە دواوە دەستی پێ کردووە بەتایبەتیی ساڵانی 1946-1947 دا پێش ئەوەی تەسجیلی گروندیک بڵاوبێتەوە، ئەوسا لەسەر قەوان لێدەدرا و قەوانەکەش بە هندل ئیشی دەکردوو لەم ساڵانەدا ناوە ناوە کە گۆرانییەکی ئامادە بکردایە سەردانی ئێستگەی کوردی بەغدای دەکردوو لەوێ گۆرانییەکەی تۆماردەکرد، هەروەکوو مامۆستا حەمە فەرەج مەعروف کە کارمەندی ئێزگە بووە لە کۆتایی پەنجاکاندا دەڵێت: ناو بە ناو بانگەوازمان بۆ ئەو کەسانە دەکرد کە دەنگیان خۆشە تا سەردانی ئێزگە بکەن بۆ تاقیکردنەوەی دەنگیان، ئەوە بوو لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە بەهانای بانگەوازەکەمانەوە دەهاتن و لە ساڵانی چلەکاندا ئەم بەڕێزانە بوون: (#ڕەشۆڵ#، مەحمودی حەمەی لەیلێ، مەلا ئیبراهیم حەزین، #قادر حاجی حسێن#، تاڵیب مەجید، ساڵح کارگەچی) .
ئەگەر لە یاد و بۆنە کوردەوارییەکانی ساڵانی چلەکان و پەنجاکانی سلێمانی وردبینەوە بەتایبەت ئاهەنگی نەورۆز، ئەو هونەرمەندانەی بە شێوەیەکی زیندوو گۆرانیان دەچڕی و خەڵکی لێیان کۆدەبوونەوە، بریتی بوون لە: (#محەمەد ساڵح دیلان#، #قادری حاجی حسێن#، #ڕەشۆڵ#، ساڵح کارگەچی) کە زۆر خۆشەویستی خەڵک بوون، هەر چەندە لە ئێستگەی کوردی بەغدا داوایان لێکردووە کە لەوێ دایبمەزرێنن، بەڵام بەهۆی پەیوەندی خێزانی و بارودۆخی خۆیەوە نەیتوانی وە لەوێ بمێنێتەوە، چونکە دایکێکی پیری هەبوو بەتەنیا نە یدەتوانی بەجێی بهێڵێت. لە ساڵی 1948 دا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و هاوسەرەکەی ناوی ئامینە محەمەد مستەفایە.
لە ساڵانی 1940-1950 بووەتە پۆلیس، لەم ساڵەدا یەکەم کوڕی لە دایکبووە و ناوی ناوە عومەر خیام. هونەرمەند لە ماوەی ژیانیدا حەوت کوڕ و سێ کچی بووە، بەڵام سێ کوڕ و کچێکی گیانیان بەخاک سپاردووە. ئێستا پێنج کوڕ و دوو کچی لە ژیاندا ماون، کە ئەمانە ناوەکانیانە: (فەرەیدون، عەبدول خالق، زەردەشت، کامەران، کاروان، بەهار، بەناز) .
هونەرمەند زۆر حەزی لە خوێندەواری بووە و لە ساڵی 1958-1960 لە قوتابخانەی کەشتی نوح لای نەجمەدین مەلا خوێندویەتی و خوێندەوارییەکەی بەهێزتر کردووە و هەوڵی داوە خۆی ڕۆشنبیر بکات، بۆیە لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە دا بەشداری دەکرد، هەمیشە ڕاو بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو مەسەلانە دەربڕی وە کە لەو کاتەدا پێشکەش دەکراو هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا #ئەژی گۆران#ی شاعیر و شەهید مامۆستا دڵشاد #مەریوان#ی دا بەتین بووە و وێنەی یادگاری لەگەڵدا گرتووە، لە ساڵی 1960 دا لەلایەن ڕژێمی ئەو سەردەمەی ئێراقەوە دەستگیر دەکرێت و ڕاستەوخۆ ڕەوانەی زیندانی نوگرە سەلمان باشووری ئێراقی دەکەن، ماوەی ساڵێک بەند دەکرێت و لە دواییدا بەناوی کەسێکی ترەوە ئازاد دەکرێت و یەکسەر پەیوەندی کردووەتەوە بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە و لە بنکەی گەڕەدێی سیتەکی شارباژێڕ و لەوێ کراوە بە لێپرسراوی ئازوقە، هەر لە یەکەم ڕۆژی ببوون بە پێشمەرگە، مووچەی پێشمەرگایەتی ڕەت کردووەتەوە، لە کاتێکدا کە لێپرسراوی گومرگ بووە، یەک مانگ لە ماڵەوە پارەی بۆ نە نێردراوە ناچار بووە کاتژمێرەکەی دەستی خۆی فرۆشتووە، وە هەروەها لە ساڵی 1970-1973 بووەتە لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی سەندیکای کرێکاران، وە لە ساڵی 1975 لە فەرمانگەی شارەوانی وەکوو چاودێری شارەوانی لە بەشی ڕێگا و بان دامەزراوە و لە ساڵی 1980 دا بە بڕیاری لیژنەی پزیشکی خانەنشین بووە. لە ساڵی 1982-1983 بۆ چارەسەر سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردووە بۆ (ئیتاڵیا، بولگاریا، ڕۆما، فەڕەنسا) .
لە 28-09-1984 دا کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی لە تەنیشت شێخە بچکۆلەوە بەخاک سپێردراوە.
هونەرمەند لە ماوەی ژیانی هونەریدا 21 گۆرانی بەستە و مەقامی بۆ ئێستگەی کوردی بەغدا و گۆرانییەکیشی بۆ تەلەڤزیۆنی #کەرکووک# تۆمارکردووە.
ئامادەکردنی: سەرهەنگ عەبدولڕەحمان[1]