لەناو زمانی تورکیدا مانایەکی تایبەتی نییە و بە ڕای مێژوونووسە تورکەکان ناوی سەرزەمینێکی ئەفسانەیی تورکەکانە لە ئاسیای ناوەڕاست، بەڵام هەندێ لە مێژوونووسانی ڕووس دەڵێن، ئەرگەنەکۆن بە مانای داوێنەچیایەکی تیژە و ئەفسانەیەکە لە چەشنی هەموو ئەفسانانەکانی تری میللەتان کە بۆ بوونی خۆیان درووستیان کردووە، واتەچیرۆکێکە کە باسی درووستبوونی میللەتی تورک دەکات.
وەکو “گلگامێش” و “کاوەی ئاسنگەر” و”شانامە” و....
ساڵی 1996 چەند بەڵگەی نهێنیی ئەو گرووپە ئاشکرا بوو کە کۆمەڵێک نووسەر و کەسایەتی دیموکراتیخواز لەلایەن گرووپێکی نادیارەوە کوژراون پاش ئەو ڕووداوە کە بە ناوی (سوسورلوک) ناسرا، ڕۆژنامەنووش (جان دوندار) لە پرۆگرامێکی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیونیدا ناوی ئەرگەنەکۆنی ئاشکرا کرد.
بۆچوونێکی تری دۆکۆمێنتی هەیە کە باس لەوە دەکات ئەرگەنەکۆن ئەفسانەیەکی کۆنی چینیە و بە پێی ئەو ئەفسانەیە تورک لە گورگ دروست بووە و بە پێی گێرانەوەی تورکەکان، کچە پاشایەک مێردی بە گورگێک کردووە و بەرهەمەکەیان ناو ناوە تورک. یان بە واتایەکی تر دوای یەکەم شەڕەکانی نێوان تورک و نەتەوەکانیتر تورکەکان شکستیان خوواردوە و خۆیان لە شونێکی دوور لە چیاکاندا شاردوەتەوە و ئەو شوێنەش ناوی ئەرگەنەکۆن بووە.
کاری ئەگەنەکۆن پاکتاوکردنی ئەو کەسانە بوو کە دژی سیستەمی کەمالیزم بوون، بە تایبەت نەتەوەکانی تر لە تورکیا.ئەرگەنەکۆن ڕێکخراوی "گلادیۆ"ی تورکیایە کە لە ساڵی 1949 دا بووەتە ئەندامی پەیمانی ئەتلانتێکی باکوور (ناتۆ) ولە دەستپێکی ساڵانی شەستەکاندا وڵاتانی ڕۆژئاوا بـڕیاریاندا ڕێکخراوی شاراوە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا دابمەزرینن کە لە ژێر سێبەری ناتۆدان، ئەو ڕێکخراوانە لەڵایەن ئەمریکاوە یارمەتی ماڵی و لوجێستیکیان وەردەگرت و زۆربەی سەرکردەکانیان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاوە پەروەردە دەکران. پاش نەوەدەکان و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ڕێکخراوی "کۆنتراگەریلا" یان "گلادیۆ"کان ئەندامیەتی خۆیان لە تەواویی وڵاتانی ناتۆدا هەڵوەشاندەوە، بەڵام تورکەکان ڕێکخراوەکەی خۆیان هێشتەوه، بە شێوەیەک کە ئەرگەنەکۆن دەرفەتی ئەوەی پەیدا کرد لە سەرانسەری تورکیادا ئەندامی ببێت.
لە سەردەمی شەڕی ساردی نێوان بەرەی ڕۆژئاوا و بەرەی کمونیست دا، (ناتۆ) هێزێکی نەهێنی تروریستیی لە وڵاتی ئیتالیادا دروست کرد کە وەک ئەرتەشێکی نادیار ئەرکی پێ سپێردرا و ڕاستەوخۆ لە ژیر فەرمانی دوو ڕێکخراوەی جاسووسی (سی. ئەی. ئای)ی ئە مریکایی و (ئێم. ئای 69)ی ئینگلیسی دا بوون. بەرپرسی ڕێکخراوەی (گلادیۆ Gladio)، (جۆرج کەنەدی یانگ) دانیشتووی ئیتالیا بوو. (کەنەدی یانگ) لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1332ی هەتاویدا، گەڵاڵەی کۆدەتای دژ بە حکومەتی دوکتور (محەمەد موسەدیق) سەرۆک وەزیرانی ئێرانی کرد، لە ئەنجامی ئەو کودەتایە شای ئێران گەڕایەوە سەر حوکم و دەستی کرد بە کوشتاری خەڵک.
رێکخراوەی (گلادیۆ) واتە ئەرگەنەکۆن لە هەموو وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و لە تورکییە و ئێراندا ئەرکی کۆمەڵکوژی و تێرۆری چلاکوانانی سۆسیالیست و کمونیست و ئازادیخوازەکانی بەڕێوە دەبرد. ئەرگەنەکۆن لە نێوان ساڵانی (1980 1960) دا، دەیان کردەوەی تیرۆریستیی بەڕێوە برد، پۆلیسی تورکییە دەربارەی یەکێک لە سەرکردەکان بە ناوی (تونجای گونای) ڕایگەیاند، کە ساڵی 2001 لە تێرۆری نووسەری ڕۆژنامەی کۆماری، واتە(ئوغور موجۆ)، کوژرانی سەرۆکی ئەرکانی ئەڕتەش و فەرماندەی هێزەکانی ژاندەرم(ئەشرەف بەتلیسی) لە خوڵقانی کارەساتێکی هەوایی و کوژرانی مایۆڕێکی نیزامی(1990) دا، هاوکاری سەرۆکی ئەرکانی ئەڕتەش(وەلی کوچەک) کردووە لە ڕێکخراوی ئەرگەنەکۆن دا .
دوای کۆتایی شەڕی سارد، لە تورکیا (ئەرگەنەکۆن)جێگای(گلادیۆ)ی گرتەوە. بەڵام ماهییەتی شتەکەیان نەگۆڕی و ئەرگەنەکۆن وەک درێژەپێدەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیاسی ئابوری نیزامیی ئەمریکا، ئیسڕاییل و حکومەتی ژەنەڕاڵە فاشیستەکان، جێگای (گڵادیۆ)ی پڕ کردەوە.
زۆربەی سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوەیە ئەفسەرە خانەنشینەکانن، بەڵام نووسەر، دکتۆر، ئەندازیار و بازرگانیشی تێدایە، لە دوای نەوەدەکانەوە ئەرگەنەکۆن ڕاستەوخۆ لە دژی کوردەکان هەستاوەو وەک سیستەمی بنچێنەیی کۆنتراگەریلای کە وەک باڵی سەرەکی ئەرگەنەکۆن دەناسری لە دژی کورد کاری کردووە.
سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیا یەکەمین ڕێکخراوی سەربازیی نهێنی بە ناوی (قەرەقۆل) لە لایەن مستەفا کەمالەوە دامەزرا بە هۆی گوشار و کاریگەریەکانی بەریتانیاوە پاش 3 ساڵ هەڵوەشایەوە.هەر لە سەرەتاوە تا دەگاتەساڵی 1928و دروستبوونی ڕێکخراوی (میللی عەمەلە خیزمەت) و (میللی ئەمنیەت تەشکیلاتی) و پاشان دەزگای هەواڵگری تورکیا میت و کۆمەڵێک ڕێکخراوی نهێنی چەپ و نەتەوەیی، دژی تەڤگەری چەپ و کوردەکان کاریان کردووە.
کودەتای 12 ی ئەیلولی 1980بە هۆی مململانێ و شەڕی ناوخۆوە ئەرگەنەکۆن لە ژێر ناوی جۆراوجۆری وەک، ژیتەم، تەیەتە، هێزی میللی، وتەنلار درێژە ی دا بە کارەکانی خۆی.
لە هەر یەک لەو وڵاتانەی کە سەر بە پەیمانی ناتۆ بوون، دەستگەی هەواڵگریی ئەمەریکا CIA ڕێکخراوێکی نهێنیی بۆ دامەزراندن کە ئەم ڕێکخراوانە لە ناو دەوڵەتدا کاریان ئەوە بوو ڕێگە نەدەن پارتیێکی کۆمۆنیستی دەستەڵات بگرێتە دەست. بە نسبەت وڵاتی تورکیا مەسەلەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر بوو کە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بەدی دەکرا، تورکیا هەر لە سەرەتاوە سێ کێشەی سەرەکی هەبوو؛ کێشەی کورد و کەمایەتیی ئایینی و مەزهەبییەکان، و مەترسیی کۆمۆنیزم. ئەمانە کاری ئەو ڕێکخراوە نهێنییەی قوورستر کرد و بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستیەکانی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستی ئاواڵاتر بوو. تورکیا دوای ساڵی 1950 کە بوو بە حکومەتێکی فرەحزبیی، بوو بە گۆڕستانی پارتە سیاسییەکان.
هەر لەو ساڵانەدا چوار کودتای سەربازیی بە خۆیەوە بینی. نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تورک ”جان دووندار” لە کتێبی “ئەرگەنەکۆن” دا دەنووسێت: ئامانج و کاری “ئەرگەنەکۆن” لە تورکیادا هەر لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ بریتی بووە لە: ”خستنە گەڕی هەموو هەوڵ تێکۆشانیان بۆ لە ناو بردنی دوژمنانی ناوخۆیی و بە تایبەتی ئەو کەسانەی هەوڵی ڕووخاندنی کۆماری تورکیا دەدەن.
بە کورتی کاری ڕێکخراوەی ئەرگەنەکۆن بە سێ بەش پۆلین دەکرێن:
1 – جیاوازی لە هەستی شۆڤینی و ئیدئۆلۆژی وایکرد کە گرووپی جیا جیا دروست بکرێت،بەلام لە ژێر چاودێری یەک سەرۆکدا. ئەمانە خەڵکانێکی مافیایی و ڕەگەزپەرست بوون کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی تورکیادا پێوەندییان هەبوو. بەناوبانگترین ئەوە کەسانەە بریتین لە (عەبدولڵا چاتڵی، عەلائەددین چاکجی، سێداد پێکەر، وەلی کووچووک،
2- گرووپی نیشتمانی کە کاری تەنیا ئاژاوە نانەوە لە نێوان، کورد-تورک، سوننی-شیعە و عەلمانی و ئیسلامی بوو. ئەو کەسانەش بریتی بوو لە نووسەریگۆڤار و خاوەنئیمتیازی ڕۆژنامە، و بەڕێوەبەری کەناڵە تەلەڤزیۆنەکان.
3- گرووپی ئامادەکار بۆ هێرش بردنە سەر پارتە ئیسلامییەکان. ئەم گرووپە کاری ئەوە بوو کە زەمینە دروست بکات بۆ هاتنی کەسایەتیە ئیسلامیەکان. وەکو، شێخ و سەید و سۆفی و نوشتەنووس و.. ئەم گرووپە کەسانی ئایینیان هاندەدا بۆ کاری دژ بە کەمالیزم و پاشان دەوڵەت و سوپای هەڵدەکوتایە سەریان و سەرکوتی دەکردن. ساڵی 1996 کە تێیدا دەیان فیرقە و گرووپ و تەکیەیان زیندوو کردەوە و،خستیانە سەر ئەستۆی حزبی ڕەفاه.
“ئەرگەنەکۆن” چۆن دۆزرایەوە؟
دوای کودتای پۆست مۆدێرنی 28ی شوباتی ساڵی 1996 لە زەینی خەڵکی تورکیادا شتێک چەسپا کە ئەویش بریتی بوو لەوەی هەندێک هێز هەن لە ناو دەوڵەتی تورکیادا زەمینە بۆ کۆدەتا، گۆڕینی ڕژێمی سیاسی و زۆر شتی دیکە خۆش دەکەن. 28ی شوباتی 1996 ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی تورکیا کۆبۆوە و دوای ئەو کۆبوونەوەیە حزبەکەی چیللەر لە پەڕڵەمان لێک هەڵوەشایەوە. ئەو کەسانەی کە حزبی ڕەفاهی تورکیایان بەرەو داخستن برد، گرووپگەلێک بوون کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆماری تورکیا لە سایەی ڕەفاهەوە کەوتووەتە مەترسییەوە.
لە کۆتایی ساڵی 1998 گومانی ئەوە هەبوو کە کەسانێک هەن کە خەریکن زەمینەی کودەتای سەربازی خۆش دەکەن و دەیانەوێت حکومەت تێکشکێنن. هەرچەندە کە کۆمیسیۆنی پەڕڵەمانی تورکیا نەیتوانی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات و شکستی هێنا، بەڵام ئەو ڕووداوە لە زەینی خەڵکی تورکیا هەر مایەوە. بەر لە هاتنی حزبی داد و گەشەپێدان حکومەتی مەرگەزی دەسەڵاتی ئەوەی نەبوو کە بتوانێ ئەو بەڵگانە کۆکاتەوە و بیسەلمێنێت کە کودەتایەک لە ئارادا هەیە. تا لە ڕۆژی 12ی حوزەیرانی ساڵی 2007 دا لە گەڕەکی “عومرانیە”ی شاری ئیستانبوڵ لە ماڵێکدا 27 نارنجۆک و ژمارەیەکی چەک و تەقەمەنی لە لایەن پۆلیسەوە کەشف کرا. دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم چەک و تەقەمەنییە هی ئەفەسەرێکی خانەنشینی کۆماندۆی سوپای تورکیایە بە ناوی(ئۆکتای یڵدرم).پاش دەستگیر کردنی (یلدرم) چەند بەڵگەنامەیەکیش دەستی بەسەردا گیرا، کە باسی چۆنیەتی ڕێکخراوی ”ئەرگەنەکۆن” و پێکهاتەکەی دەکرد و پاش ماوەیەکی کورت سوپا تورکیا چەند کەسێکی بە ناو سەرکردەی ئەو گرووپەی دەستگیر کردوو ئێستا لە زینداندان.
پەیوەندی ئەرگەنەکۆن و کورد
وەک پێشتر باسمان کرد ئەرگەنەکۆن یەکێک لەو ڕێکخراوانەبوو کە بە پشت بەستن بە ئەمریکاو ناتۆ ڕێگەیان لەتەشەنەکردنی یەکێتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکرد، دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، تورکیا بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە نەتەنیا ئەو ڕێکخراوەی هەلنەوەشاندەوە، بەڵکو بەهێزتری کرد بۆ سەرکوتکردنی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد.
ئەرگەنەکۆن بەشێوەیەکی سیستەماتێک لەدژی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا وەستاوە، هەرچەندە کە لە تورکیا پرسی کورد وەک مەسەلەیەکی ئەمنیەتی سەیردەکرێت تا کێشەیەکی سیاسی. ئەوەش ڕادەستی سوپای ئەم وڵاتە کراوە.
ئەوانەی ئێستا کە وەک سەرکردەی ئەو ڕێکخراوە لە زینداندان،بە دڵنیاییەوە هەموویان ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کوردستان لە دژی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد شەڕیان کردووە و کەسیان کوشتووە. بەڵگەنامەکان نێشانیانداوە ئەوانەی لە ناو سوپادا شەڕی کوردیان نەکردووە لە لایەن ئەرگەنەکۆنەوە کوژراون.نموونەی بەر چاوە ئەم بەڵگەیەش کوشتنی ژەنەراڵ(ئەشرف بیتایس) و (بەختیار ئایدن) کە بە هۆی شەر نەکردنیان لە گەڵ کوردان،کوژران.
هەوڵەکانی ئەرگەنەکۆن بۆ دروست نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی تەنیا باکووری کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو هەموو تەڤگەرێکی ئازادیخوازی کوردی لە پارچەکانی تریش سەرکووت کردووە، ئەرگەنەکۆن یەکێک لەو ڕێکخراوانە بووە کە بە شێوەیەی نەهێنی لە ڕێگای سوپاوە نەیهێشتووە پەیوەندی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا لەگەڵ حزبە کوردەکان دروستبێت.
دوای ساڵی 2003 مەسەلەی کورد لە تورکیا وەک هێزی گوشار دژ بە حکوومەتی ئەردۆغان ڕاوەستا و، PKK ئەو هێزەی توندتر و قایمتر کرد و حکومەتی تورکی خستە ژێر مەترسێکی گەورەوە.لە دوای دەستگیر کردنی ئۆجەلان ساحەی سیاسی کورد لاواز بوو. ئەرگەنەکۆن دووبارە PKK ی وەگەڕ خستەوە.
ئەرگەنەکۆن دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداریی پەکەکە لەگەڵ سوپای تورکیا لە حوزەیرانی 2004 بە شێوەیەکی شێلگیرانە میدیای تورکیەکانی لە دژی کوردستانی عێڕاق هاندەدا و هەمیشە ئاگرخۆشکەرە بوون و کەسی زۆریان لەناو PKK و گرووپە سیاسییەکانی کورددا هەبووە کە لە ژێر کاریگەری و ئایدیۆلۆژی ئەوان کاریان کردووە و ڕێگربوونە لەبەردەم نزیکبوونەوە لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا.
بە هۆی ئەو ئاژاوانەی کە ئەرگەنەکۆن” لە مەراسیمی ناشتنی تەرمەکانی سوپای تورکیا دەیناوە، حکوومەتی تورکیای ناچار کرد ڕێگر نەبێت لە بەردەم پەلاماری سوپا بۆ سەر خاکی کوردستان، لە ساڵی 2007ـدا چەندین ڕووداوی شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و PKK دا هاتوەتە ئاراوە. کوژرانی 14 جاشی کوردی سەر بە سوپای تورکیا لە ناوچەی شیرناخ کە PKK بێ ئاگایی خۆی لێیان نیشان دا! نموونەی هەرە بەرچاوی کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەرگەنەکۆن بوو. بەڵگەنامەکان دەریان خستوە ”ناوی ئەحمەد تورک” سەرۆکی پارتیی DTP و چەند ئەندام پەڕڵەمانێکی کوردی سەر بەو حزبە لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە دەبوایە “ئەرگەنەکۆن” تیرۆریان بکات. ئەرگەنەکۆن زۆرترین هەوڵی دەدا کە لە ڕێگەی میدیاکانەوە سووکایەتی بکات بە سەرانی کوردستانی عێڕاق و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوانگەی حکومەت و خەڵک بەرامبەر بە کورد لێڵ تر و ئالۆزتر بکات.
سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا کە ئێستە لە زیندانی (ئیمرالی) تورکیادایە،رایگەیاندووە کە ئامادەیە لە مەسەلەی دادگاییکردنی گرووپی ئەرگەنەکۆندا شاهیدی بدات و ڕاستیەکان ئاشکرا بکات.
ساڵی 2007 و پێش هەڵبژاردنی پەڕڵەمان دەیان میتینگی گەورە بە دروشمی(پاراستنی جمهورییەتی تورکیا) ساز کران، تا حزبە ڕاستڕەوەکان یان نەیارانی AKPـ شکست بخۆن.”ئەرگەنەکۆن” و لایەنگرانی لە زۆربەی ئەو میتینگانە دەر دەکەوتن،بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پێچەوانە دەرچوو و AKP ئەمجارەیان زیاتر لە جاری پێشووش زۆرترین دەنگی هێنا.ئەمە وایکرد “ئەرگەنەکۆن” سۆنگەیەکی تر بدۆزێتەوە بۆ ئەو کێبەرکێیە. ویستی سوپا و حکوومەت بەگژ یەکدا بکات. بەلام مۆڵەتدانی حکوومەت بە سوپا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی لە دەرەوەی سنووری تورکیا ئەمە جارێکی تر هەوڵی ئەرگەنەکۆنی بێئاکام کرد،حکومەت لە بەیاننامەیەکیدا لە شوباتی 2008 (دوای ئەوەی سوپا لەژێر گوشاری ئەمەریکادا لە کوردستان کشانەوە)، بە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیای گوت: ”ئەوەی ئێوە دەیکەن هیچی لە هی خائینان کەمتر نییە.”
ئەرگەنەکۆن یەک لە دوای یەک پلانەکانی شکستی دەهێنا و تا ئەوەی کە بۆ دوایین کاری دەست داتە پیلانی ڕووخاندنی حکوومەت لە ڕێگەی کودەتایەکەوە. ئەو بەڵگانەی کە لە میدیاکانی تورکیاوە خراونەتە ڕوو باس لەسەر ئەوە دەکەن کە، “ئەرگەنەکۆن” بڕیاری دابوو زەمینەیەک خۆش بکات بۆ کودەتایەکی سەربازی لە ساڵی 2009ـدا. بۆ دەستپێکردنی ئەم کارە دەبوایە بڕێ کەسایەتیی سیاسی، ئابووری و تەنانەت ڕۆشنبیر و نووسەری وەک ”ئۆرهان پامووک” تیرۆر بکەن.
ئەرگەنەکۆن بۆیە ساڵی 2009ـی هەڵبژاردبوو، دەیزانی ”بیوک ئانیت” لەبەر خاڵە لاوازەکانی ئەم کارە ناکات و چاوەڕێی ئەوەبوو کە ”ئیلکەر باشبوغوو” کە سەربازێکی توندڕەوە بێتە سەرکار.