خزم و بنەماڵەکەی ساڵی 1950 لە دەڤەری موکریان - کوردستانی ژێردەست و داگیرکراوی ئێران دەرکران بۆ ئیسرائیل. دانیێل لە دایکبووی ساڵی 1963 و دەتوانێ گەلەک بە باشی لاسایی حەسەن زیرەک بکا، بۆیە بە حەسەن زیرەکی ئیسرائیل ناودارە. شایانی وتنە، کە ئەو لە زۆربەی ئاهەنگە کوردییەکانی ئیسرائیلدا بەشداری دەکا و زۆربەی جاران سترانەکانی حەسەن زیرەک دەخوێنێ. دانیێل تا ئێستە سێ بەرهەمی تۆمار کردووە و بۆ ئامادەکردنی بەرهەمێکی تر دەستی پێکردووە. بەڵام بۆ تەواوکردنی بەرهەمەکە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە.
سترانبێژ دانیێل عەزری کە بە (حەسەن زیرەکی ئیسرائیل) ناسراوە، بە تاسەوە وتی:
- ئەوە کوردە جووەکان 60 ساڵە چاوەڕوانی رزگارکردنی کوردستان دەکەن! باوکم داود یوودا عەزری، خەڵکی شاری #بۆکان#ە، ساڵی 1995 کۆچی دوایی کرد، دایکم سیمحە کچی وەستا ئیبراهیم، خەڵکی میراوایە و ساڵی 2008 کۆچی دوایی کرد. ئەو کاتەی کە من منداڵ بووم، دایک و بابم بۆ گوێگرتنی دەنگوباسان لە سەر کێشەی کورد و کوردستان، زۆربەی جاران گوێیان لە ڕادیۆیان دەکرد و تەماشای لە تەلەڤزیۆنیان دەکرد. هەروەها لە زستانان و بە تایبەت لە شەوانی درێژ، بۆمان باسی کورد و کوردستانیان دەکرد، کە ژیان لەوێ چۆن بوو.
دانیێل سەبارەت بە بنەماڵەکەی خۆی وتی:
- من و هاوسەرەکەم دالیا پێنج کوڕ و کچێکمان هەیە ڕافی، یوودا، عۆری، ئێڤیەتار، ئێلیەساف و شیرین. ڕافی کوڕە مەزنەکەمە، ئەویش سترانبێژە و بە هەموو زاراوەکانی کوردی باش ستران دەخوێنێ و بە تایبەت بە زاراوەی کورمانجی. ئێڤیەتاری کوڕم کە تەمەن دە ساڵە، گەلەک حەزی لە ڕەزمە و لە کاتی ڤالادا بە تەنیا دونبوک لێدەدات. دراوسێیەکانمان گەلەک جار گلەیی زۆری لێ دەکەن، بەڵام ئەم منداڵە واز لەم ئارەزووەی ناهێنێ، بۆیە سەری هەموومانی گێژ کردووە. ئێدی من هیوادارم کە منداڵەکانم دوای من لە سەر بڵاوکردنەوەی هونەری کوردی بەردەوام بن. جێی شانازییە کە بابم ئامۆژگارییەکی هەبوو و جاربەجار لەگەڵ من قسەی دەکرد و دەیوت:
- کوڕم دانیێل، با منداڵ و نەوەکانت لە گەڵ کەلتووری کوردیدا بژین.
بۆیە من دەمەوێ نامەی ئەم بابە بگەیێنم بۆ نەوەی داهاتوو و لە سەر هونەری کوردیش درێژەم پێداوە و بەم کارە پیرۆزە گەلەک خۆشحاڵم و شانازی پێوە دەکەم.
هەروەها لەربارەی هونەری کوردی و سترانبێژەکانی کورد دانیێل وتی:
- نەتەوەی کورد هونەری تایبەتی خۆی هەیە و گەلەک مۆرکی جۆر بە جۆری هەیە... و من گەلەک حەزم لە شێوەی سترانخوێندنی ئەم سترانبێژە هونەرمەندانەیە؛ حەسەن زیرەک، حەسەن جزیری، عەلی مەردان، محەمەد عارف جزیری، عایشا شان، تاهیر تۆفیق، ڕەسوول بێزار گەردی، ماملێ، سێوە، پەری زەنگنە، شهاب، تەحسین تاها، ئیبراهیم حەسەن، سەڵاح داودە، فایق داودە، فوئاد ئەحمەد، سابیر کوردستانی و هتد.
ناوبراو بە خەفەتەوە لەربارەی ڕاگەیاندن و کەناڵە کوردییەکانەوە گوتی:
- دوو ساڵ لەمەوبەر چەند کارمەندێک لە ڕاگەیاندن و کەناڵە کوردییەکاندا لە ئەورۆپا، بەڵێنیان پێدام، کە بەشداریی پرۆگرامێکی هونەری ببم و ستران بخوێنم، ئەوسا دایکم دەژیا و بەم مزگێنییە گەلەک دڵخۆش بوو. بەڵام مخابن کە ئەوانە خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوون و سەد مخابن کە ئەو دایکە خۆشەویستەم کۆچی دوایی کرد و ئەو هیوایەی بە چاوی خۆی نەبینی. ئێدی تا ئێستە، من هیوادارم کە خەونی دایک و بابم بێتە دی، کە جارێک لە جاران لە بۆ نەتەوەی کورد لە ئاهەنگێکدا ستران بخوێنم.
شتێکی تر دەمەوێ بگێڕمەوە، کە تیپە هونەرییەکانی کوردی لە ئیسرائیل، ئەوە 12 تا 16 ساڵ چاوەڕوانی کەناڵە کوردییەکان دەکەن، کە لە پرۆگرامێکی هونەریدا بەشداری بکەن. ئەم تیپە هونەرییانە چەند جار گوفتیان لە چەند کارمەندێکی کەناڵە کوردییەکان وەرگرتووە، کە بەشداری بکەن. بە کورتی ئێمە وەک سترانبێژ و تیپە کوردە جووەکان، تازە بڕوامان بەم کارمەندانە و بەو بەرپرسانە هەر نەماوە. چونکە ئەمە پێشنیازی خۆیان بوو و ئەوان بەخێرهاتنی ئێمەیان کرد و دیاردەی گەلەک سەیر، کە ئەوان تا ئێستە، لە سەر ئەم بەزمە بەردەوامن و بەخێرهاتنی سترانبێژ و تیپە کوردە جووەکان دەکەن و پاشان خۆیان بێدەنگ دەکەن. ئێستە هەموو شتێکمان بۆ ئاشکرا بووە، کە ئەم کارمەندان و بەرپرسانە، جگە لە گوفت و بەڵێنی ناراست، هیچی تریان پێ نییە.
بەشیر سەبری بۆتانی، ئیسرائیل
mailto:hunername@hotmail.com