ساڵی 1941 لەسەقز لە دایک بوو. دەربارەی ئەو شارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ "تاکو ئێستا سروشت و خەڵکی ئەم شارەم باش لە بیرە." هەروەهاش دەڵێ "خێزانەکەمان ساڵی 1950 لە تارانەوە دەرکران بۆ ئیسرائیل. حەبیب (یان حاخام) بابی منە و لە تەمەنی 61-ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ناوی دایکم ڕەحمەیە و ئەویش لە تەمەنی 72-ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. برایەکم هەیە ناوی یووسفە و تەمەنی 71 ساڵە، کە تا ئێستا بە شێوازی کوردی دەژی." ئاڤی ناوی مێردی فریدا بوو کە چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد و سێ کوڕی هەیە: ئێیال 40-ساڵییە، ساحی 39-ساڵییە و ئۆفێر 35-ساڵییە.
دەربارەی کاری باوکی خۆی گۆتی "باوکم لە کوردستان شتومەکفرۆشێکی گەڕۆک بوو، لە سەر کەرێک چیا بە چیا، دۆڵ بە دۆڵ، دەشت بە دەشت، گوند بە گوند و شار بە شار هەمووی دەگەڕا و لە ئیسرائیل گەلێک چیرۆک و ڕووداوی بۆ دەگێڕاینەوە و دەیگۆت کورد ئاشتیخوازن، میوانحەزن و هەمیشە ئامادەی یارمەتیدانن."
فریدا باسی ڕووداوێکی دوای دەرکردنیان لە ئێران و گەیشتنیان بۆ ئیسرائیل دەگێڕێتەوە و دەلێ "ئەو کاتەی گەیشتینە ئیسرائیل، لە فڕۆکەکە دابەزین، باوکم خاکی ئیسرائیلی ماچ کرد، پاشان ئێمەش لە دوای ئەو وامان کرد." هەر لە گەڵ گێڕانەوەی ئەو بیرەوەریەدا یەکسەر گۆتی "هیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان و هەر بەم شێوەیە خاکی کوردستانی خۆشەویستیش ماچ بکەم، ئەگەر مافی ئەوەم هەبێ." هەروەها باسی خۆشەویستی و هەردەم زیندوویی یادی کوردستانی لای باوکی خۆیشی کرد و گۆتی "باوکم لەو ڕۆژەی کە گەیشتە ئیسرائیل و تا کۆچی دوایی کردنی هەر دەیگۆت: "بە قوربانی خاکی کوردستان بم."
دەربارەی کوردە جوولەکەکان لە ئیسرائیل فریدا گۆتی: "ژمارەمان 000 200 هەزار کەسە. ژیانمان کوردەوارییە و ئێمە پەیوەستی مێژووی کوردین، بۆیە من بە کوردی ستران دەبێژم. هەروەها ئێمە ئارامیش دەزانین، ئێدی بە ئارامیش ستران دەخوێنم و جاربەجاریش بە فارسی و عیبرانی". ناوبراو دەربارەی کەلتووری کوردی گۆتی "هونەر، جلوبەرگ و خواردنە کورییەکان لە ئیسرائیل ژیانمانە. ئێمەی کورد گەلێک مۆرکی جۆربەجۆرمان هەیە." لە درێژەی قسەکانیدا لەو بارەوە گۆتی "سترانێکی تایبەتیمان هەیە و من زۆر حەز لە دەنگی هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان دەکەم." فریدا لە سەر سترانە فۆلکلۆری و میللییە کوردییەکان درێژەی دایێ و گۆتی بە نیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا و بەو تەمەنە مەزنە سی دی-یەکی بڵاو بکاتەوە، ئێدی گۆتی "من لە مەکتەب مامۆستا بووم و سێ منداڵم هەبوو، بۆیە لە کاتی گەنجیدا نەمتوانی کاری هونەری بکەم." دەربارەی سی دی-یەکەیشی ڕوونی کردووە و گۆتی "ماوەیەکی کەم لەمە و بەر بڕیارم دا سی دی-یەکی کوردی تۆمار بکەم، چونکە من بە هونەری کوردی زۆر سەربڵندم و دەمەوێ لە ئیسرائیلیش نیشانی بدەم کە ئێمەش هونەرێکی دەوڵەمەندمان هەیە، بۆیە پێش هەموو شتێک گەرەکە ئەو سترانانەی کە لە دایک و باب، برا، خزم و دراوسێیەکانی خۆم فێریان بوومە، بیانپارێزم.
ئەو زۆر شانازی بە دایک و باوکییەوە دەکات، چونکە هەمیشە هانیانداوە کەلتووری کوردی بپارێزێ "هەموو هیوایەکیان ئەوە بوو لە گەڵ کەلتووری خۆم بژیم، هەروەها سوپاسداری براکەمم کە لەم بوارەدا یارمەتی داوم". ئاماژەی بەوەشدا کە مەبەستی سەرەکی ئەو لەو بەرهەمە هونەرییە پاراستنی زمان، هونەر و مێژووی نەتەوەی کوردە، هەروەها بۆ دیارکردنی کەسایەتیی کوردییە "چونکە ئامانجی من تەنیا کوردایەتییە." هەروەها گۆتی شانسێکی باشی هەیە کە هونەرمەندی مەزن یۆنی شاخام، بەرپرسی ستودیۆ 10 یارمەتی دەدات کە ئەم سی دی-یە کوردییانە بەرهەم بێت. فریدا هونەرمەند یۆنی شاخامی بەو شێوەیە هەڵسەنگاند "ئەو بە ڕەگەز پۆلۆنییە و گەلێک دۆستی نەتەوەی کوردە". فریدا دەڵێ ناوم فریدایە نەک (فریدا)ی عەرەبی و داوای کرد ناوەکەی تەعریب نەکەین. لە هەمان کاتدا لە بارەی ناوی سیدییەکەشی گۆتی "هێشتا ناوێکم بۆ سی دی-یەکەم دانەناوە، بەڵام چەند سترانێکی لێ ئاشکرا دەکەم: دڵەکەی وەرگرتم، ژان ئەکا، لیمۆ هەی لیمۆ، ئامین و ئامین، لە سەر کانی، بزانن چی زەردم لە حەوران گۆڕاوم و ڕیحان." فریدا دەربارەی وەرگرتنی یارمەتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئیسرائیلی بۆ بەرهەمهێنانی سیدییەکەی، حاشای کرد و گۆتی: "نە خێر، وەرمنەگرتووە." پاشان کۆپڵەیەک لە سترانێکی ناو سیدییەکەی بۆ گۆتم:
دڵەکەی وەرگرتم، وازی لێ هێنام
نەمزانی کێ بوو، جەرگی دەرهێنام
فریدا زیاتر باسی لە خۆشەویستی خۆی بۆ کوردستان و دەربارەی کورد و کوردستانیش گۆتی "من دڵنیام کە نەتەوەی کورد دەبێتە بە خودان دەوڵەتی سەربەخۆ" هەروەها هیوای خواست جارێکیتر کوردستان ببینێتەوە و گۆتی "هیوادارم ئەگەر بکرێ جارێک سەردانی وڵاتەکەی خۆم بکەمەوە". لە کۆتاییدا فریدا بە شانازییەوە گۆتی: "من بە کوردی ستران دەخوێنم و ئەو ڕۆژەی کە مردم، با بە کوردی لە سەر گۆڕەکەم ستران بخوێندرێ. فریدا لە کۆتایی قسەکانیدا گۆتی "ئێدی بۆ کورد و کوردستان گەلێک شەلۆمم هەیە."
فریدای دەنگخۆش بەو هەستە و بە هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵەوە، لەو دیدارە تەلەفۆنیەدا چوار جار گریا، بەڵام نەمویست لێی بپرسم لە بەر چ دەگریێ.
فریدا باک سترانبێژێکی زۆر زیرەکە و خودان دەنگێکی جۆشە، بۆیە لە ئیسرائیل بە دەنگی چیاکانی کوردستان بە ناوبانگە. ئەو زیاتر بە کوردی ستران دەبێژێ، هەروەها بە ئارامیش ستران دەخوێنێ و جاربەجاریش بە فارسی و عیبرانی و ئاوهای گۆت ”موزیکی کوردی ژیانی منە، بۆیە من لەم تەمەنەدا و لەم ڕۆژانەدا هەر خەریکی سیدییەکەی خۆ بوومە و داوای لە تۆ دەکەم کە لە ڕاگەیاندنی کوردیدا باسی ئەم بەرهەمە بکەیت. ”
فریدا ئێستا زۆر نەخۆشە و کەوتووتە نەخۆشخانەیەک و ئەو بەم وشانە هەستی خۆی دەربڕی ”هیوادارم کە لە پێش مردنم مافم هەبێ بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و ئەگەر نەگەڕێمەوە، تۆ لە جیاتی من خاکی کوردستان ماچ بکە و ئەم سیدییە بۆ سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان پێشکەش بکە، هەروەها گەلەک شەلۆمم بۆ کورد و کوردستان هەیە. ”
ئێستا بەرهەمی فریدا تازە تەواو بووە و گەیشتووە سەنتەرە ڕۆشنبیرییە کوردییەکان لە هەموو ئیسرائیل، ئەویش بە یارمەتی هونەرمەندی مەزنی ئیسرائیل (یۆنی شاخام)ە کە بە ڕەگەز جوولەکەیەکی ڕۆمانییە و بەرپرسی (ستودیۆ 10)یە. فریدا دەربارەی ئالبوومەکەی خۆی ئاوهای گۆت ”ویستم بە شێوەیەکی کوردی ئالبوومێک تۆمار بکەم، لە ستودیۆکە هەستم کرد کە دەنگم زیاتر بۆ موزیکی ئەورۆپی دەچێ، بۆیە من زیاتر لەگەڵ ئامێری پیانۆ و گیتارم ستران خوێندەوە. ”پاشان ناوی ئالبوومەکەی خۆی بۆم ئاشکرای کرد کە بە عیبرانییە (شیرەت ها ڕەیحان / بە نیخووەخ کوردستان)، و واتاکەی بە کوردی (سترانی ڕەیحان / لەگەڵ بۆنی کوردستان) کە بریتیە لەم سترانانە: دڵەکەی وەرگرتم، ژان ئەکا، لیمۆ هەی لیمۆ، ئامین و ئامین، لە سەر کانی، بزانن چی زەردم لە حەوران گۆڕاوم و ڕیحان و چەن سترانێکی دیکە بە ئارامی و فارسی و ئاوهای گۆت ”ویستم لەگەڵ موزیکی کوردی ستران بخوێنم، بەڵام نەبوو. واتە ویستم نانێکی کوردی ببێژم، سەموونێکی ئەورۆپی دەرکەوت. ئێدی بە کورتی ئەمن کوردم، هونەرەکەم کوردییە و ڕێبازەکەم کوردایەتییە!”
وەک دەزانرێ کە ڕاگەیاندنی کوردی لە کوردستان و ئەورۆپا و بە تایبەت کەناڵە کوردییەکان بایەخ بە هونەرمەندانی کوردە جووەکان نادەن، منیش بە تەنیا زۆر هەوڵم داوە کە ئەم دیوارە بشکێنم، بەڵام هەر نەمتوانی، ئەویش لە سەر وریابوون و هۆشیاربوونی کەناڵە کوردییەکان دەمێنی، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادەنە بە کوردە جووەکان کە بەرهەمی خۆیان پێشکەش بکەن. لەم بوارەدا فریدا ئاوهای گۆت ”ئەمن پیرەژنێکی 68 ساڵیم و لەم تەمەنەدا زۆر خۆم ماندوو کردووە کە ئالبوومێک بۆ خزمەتی کوردایەتی تۆمار بکەم، کەچی درەنگ بۆم دەرکەوت کە نرخ و قەدری کوردایەتی لە کوردستان بە یەکجاری نەماوە، ئەدی کوو؟ حاڵی بوویت کاک بەشیر؟ مەسرەفی ئەم بەرهەمەش زۆرە، هەروەها من چەند دانەیەکی بۆ چەند کەناڵە کوردییەکانم ناردووە، کەچی کەناڵە کوردییەکان خۆیان خەشیم دەکەن کە هێشتا بەرهەمەکەم نەگەیشتووە دەستیان. ”
بەشیر سەبری بۆتانی، 2008-2009 ئیسرائیل
mailto:hunername@hotmail.com