مەلا عەبدوڵڵا فەرهاد مەولود مەمانە، ناسراو بە مەلا عەبدوڵڵای فەرهادی لەساڵی (1922) لەگوندی لهێبان لەدایک بووەو پاشان چووەتە گوندی #گرد عازەبان# و لەوێ زۆربەی ژیانی بەسەر بردووەو لەتەمەنی دوو ساڵیدا باوکی وەفاتی کردوەو پێنج برابوونو هیچ خوشکیان نەبووە، ئەو برا بچووکی خێزانەکەیان بووەو لەسەر وەسیەتی باوکی سەرجەم برایەکانی بوون بە مامۆستای ئایینی. مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای فەرهادی یەکەم مامۆستا کە لەلای خوێندووە مامۆستا مەلا صادقی برای بووە، پاشان زۆر شارو گوند گەڕاوە بۆ خوێندن، ئیجازەی مەلایەتیشی لەلایەن مامۆستا مەلا عیززەدینی مەلا فەندی وەرگرتوە، ئیجازەیەکی تریشی لای مامۆستا شێخ ئەمجەد زەهاوی وەرگرتوە لەبەغداد لە ساڵی (1930)، ئیجازەی علومی حەدیسیشی لەلایەن مامۆستا مەلا سلێمانی تورکی ئەرزە ڕۆمی کە لەبەغداد بووە وەرگرتوە.
لەسەر دەستی چەندین مامۆستا پێگەیوە ناودارترینیان ئەمانە بوون:مامۆستا مەلا عەلی بیرعارەبان و مامۆستا مەلا عەزیزی مزگەوتی قادر بلە و زۆربەی مامۆستایانی شاری هەولێر لای ئەو دەرسیان خوێندوەو لای فەقێ بوونە. مامۆستای ناوبراو جگە لەزانستە ئیسلامییەکان لەگەڵ مێژوو شیعرو پەخشاندا بەینی باش بووەو هەرلەسەرەتای گەنجیەوە دەستی شیعری هەبووەو شیعری نووسیوە، بەڵام برایەکانی نەیانهێشتوەو گوتویانە ئەگەر واز لەشیعر نەهێنی ئاگات لە زانستە ئیسلامییەکان نامێنێ، پاشان لەتەمەنی پیری گەڕاوەتە سەر شیعر نووسینو سەرجەم شیعرەکانی لەسەر ئایینو نیشتیمان بووە و دیوانێکی شیعری هەیە بەناوی (مێرخوزارەکەم) و هەروەها خاوەنی(20) کتێبە.
مامۆستا لەساڵی (1976) لەپێشبڕکێی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز بەشداریی کردووە کە لە وڵاتی سعودیە و خەڵاتی یەکەمی وەرگرتووە هەر بەو هۆیەوە بۆ ماوەی یەک مانگ لەسەر خەرجی مەلیک خالید لەوێ ماوەتەوە. ناوبراو لە ژیانیدا (14) حەجی کردوە.
کۆچی دوای مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای فەرهادی خەسارەتێکی گەورەبوو بۆ میللەتەکەمان و پڕکردنەوەی شوێنی ئەستەمە چونکە زۆربەی ژیانی بۆ خزمەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ڕۆشنبیرکردنی میللەتی کورد تەرخان کردبوو بۆیە کۆچی دوایی ئەو پیاوە مەزنە زیانێکی گەورەیە.
مامۆستا مرۆڤێکی زاناو بلیمەت بووەو خاوەن بیر و باوەڕێکی زۆر بەتین و خواناسێکی بەتەقواو زۆر زۆر(متوازع) بوو، ماوەی چەندین ساڵ بوو بە دەست نەخۆشی دەیناڵاند و هەر بەهۆی ئەونەخۆشییە کۆچی دوایی کرد.
مەلا عەبدوڵڵای فەرهادی لەدیدارێکی ڕۆژنامەی (کۆمەڵ) کەسێ مانگ لەمەوبەر لەگەڵی سازداوە هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە هەندێک لایەن دەڵێن: ئێمە #یەکێتی زانایان#مان درووست کردوە و بەناڕاستی داناوەو وتویەتی: من بۆ یەکەمین جار یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامییم لەساڵی (1959) دامەزراندووە.
رۆژی 04-10-2010 کۆچی دوایی کرد.