ڕەزاحەمە یەکێکە لەو شاعیرە جواننووس و پڕ ئەزموونانەى ئەدەبى کوردى. ژیانى خۆى ئاوێتەى شیعر کردووە، یان شیعرى ئاوێتەى ژیانى خۆى کردووە. ئەو لەڕووى نووسینەوە کەم دەنووسێت بەڵام زۆر قوڵ و پڕ مانا و چێژبەخش دەنووسێ، شیعرەکانى تام و چێژى تایبەت و ڕیتم و ئاوازى پڕ جۆش و خرۆشیان تێدایە. وەک بەرهەم ڕەزا حەمە تەنیا نامیلکەیەکى بچکۆڵە بڵاو کردووەتەوە بەناوى (مەڵبەندەکەى لەمەڕ ئێمە)جگە لەم نامیلکەیە هیچ دیوان و بەرهەمێکى ترى چاپ نەکردووە.
زمانى شیعرى و شێوەى نووسینى ڕەزاحەمەى شاعیر جۆرێک لە ژیانى پڕ لەخەم و کەسەر و سۆز و غەریبى و نیشان دەدەن، خۆشەویستى و پەیوەست بوون بەنیشتمان و گەلەوە دەبەستێتەوە. سۆز و دەربڕین و هاوخەمى بۆ خەڵک و گەلى خۆى بووەتە جۆرێک لە زمان و سۆزدارى بۆ میللەت و نەتەوە، ڕەزا حەمە لەڕێى شیعرەوە سۆز و هەستى ناخى دەردەبڕێت و دەیگەیەنێ و هەموو ئەو وشە پەنگ خواردووانەى ناخى ئەو مرۆڤانەى کەتواناى دەربڕینیان نییە بە هەر هۆکارێکەوە بێت ئەم لەجیاتى ئەوانەوە دەریان دەبرێ. یان وەک ڕەزا حەمە خۆى دەڵێت: ( مرۆڤ خۆى لەخۆیدا شیعرێکى جوانە. بەڵام ئەفسوس هەموو مرۆڤێک ناتوانێت خۆى بنووسێتەوە).
هەرلەکۆنەوە گوتراوە کە (زمان گۆرانى بووە، یان زمان شیعر بووە).
واتا زمان و گۆرانى و شیعر هەر لەکۆنەوە پەیوەندى پتەویان لەنێواندا هەبووە. نەزمان بێ شیعر دەبێ نەشیعریش بێ زمان دەبێت،
واتە (گۆرانى و شیعر و مۆسیقا هەر لە سەرەتاى مرۆڤى سەرەتاییەوە سەریان هەڵداوە و پەیوەندییەکى لێک دانەبڕاو لەنێوانیاندا هەیە. بەواتایەکى تر شیعر هەرلەبنەچەیەوە مەزموونێکى ئاوازدارە).
بە وردبوونەوە لە چەند نموونەیەک لەشیعرەکانى ڕەزا حەمەى شاعیر باشتر و جوانتر لێیان تێبگەین.
$بەشێک لەو شیعرانەی کە کراون بە گۆرانی لە لایەن گۆرانیبێژانەوە$
هونەرمەندى دەنگ خۆش (#بەهجەت یەحیا#) شیعرێکى پڕ ئاوازى (ڕەزا حەمە)ى شاعیرى کردۆتە گۆرانى و لە ئاواز و ڕیتمێکى پڕ جۆش و خرۆشدا بەدەنگە نەرمەکەى خۆى بۆمانى چڕیوە، ئەمەش شیعرکەیە.
من ڕۆژانم مشتێ خەمە
شەوانەم چەپکێ ئازارە
چاوم وەکو چاوى نالى
لە دووریتا دوو ڕووبارە
تەنیایى بۆتە دایەنى
کۆرپەى حەز و خەونەکانم
کەس گوێ ناگرێ لە ئاوازى
هەنسک و کوڵى گریانم
لەگەڵ کام ڕووباردا بڕۆم
بەرەو کام ئاسمان هەڵفڕم
کە پابەندى غەریبى بم
شوێن پێى کام خۆزگە هەڵگرم
تێبینى هونەرمەند بەهجەت یەحیا دوو سێ کۆپلە شیعرى (#شێرکۆ بێکەس#ى) تێهەڵکێش بە گۆرانییەکە کردووە.بەڵام شیعرەکەى شێرکۆ بێکەسى کردووە بە مقامێک لەکۆتایى گۆرانییەکەدا.
2- هونەرمەند #خالید ڕەشید# ئاوازێکى پڕ لە سۆزى بۆ شیعرێکى ڕۆمانسى ڕەزاحەمە داناوە و هەرخۆشى چریویەتى بەناوى (بووکى ئێوارە) ئەمەش دەقى ئەو شیعرەیە و چێژێکى تایبەتى هەیە.
بەرامەی پاش بارانی کەم
لە لاملی جوانت ئەدەم
دەتکەم بە بووکی ئێوارە و
زەردەپەڕت لەبەرئەکەم
شەو جێی شیعرت بۆ ڕادەخەم
تریفەی مانگت پیادەدەم
ئەستێرە بۆت بجریوێنێ
فریشتەی خەو بتنوێنێ
نەرمە با شەپۆلی قژت
بەسەر ڕووتا ببا و بێنێ
خۆشەویستیم بێتە خەوت و
سپێدە بەئاگات بێنێ
ئەگەر ئەم دنیا گوڵێک بێ
تۆی ئافرەت ڕەنگ و بۆیەتی
هەرکەسێکیش تۆی خۆشنەوێ
دیارە ڕقی لە خۆیەتی
3- هونەرمەند #کاوە حەمە ساڵح# دەقێکى شیعرى ڕەزا حەمەى کردۆتە گۆرانى و لە ناخێکى پڕ هەست و سۆزى غوربەت و دوورى لە گەل و نیشتمان بە دەنگە زوڵاڵەکەى بۆمانى چڕیوە. ئەمەش دەقەکەیە بەناوى (غەریبى)
گەر غەریبی چاوم بوایە
لەمێژبوو دەرمهێنابوو
هیوای ئایندەم نەبایە
ئێستا ئێسکیشم نەما بوو
غەریبی ژانە، خورپەیە
سووتانێکى بێ کڵپەیە
خەزانی توشیى و نەهاتە
وشکە گریان، مەرگەساتە
گێژاوی گۆمێکی مەنگە
تونێلی تاریکی و مەرگە
زامێکە تابڵێی بەسوێ
هاوارێکە ناگەتە جێ
4- هەر هونەرمەند کاوە حەمە ساڵح بەدەنگە خۆش و پڕ لە حەماسەکەى دەقێکى ترى وەرگرتووە و بە ئاوازێکى پڕ جۆش و خرۆش بەدەنگە خۆشەکەى بۆمان دەچڕێ و کارەساتى ئەنفالمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەمەش دەقەکەیەتى:
ئەگەر وتیان هەواری کاروانی ئێوە بۆچی دوورە
ئەگەر وتیان داروبەردی وڵاتەکەی لەمەڕ ئێوە بۆچی سوورە
هەموو هاوارکەن بەجارێ
بڵێن، چونکه:
لەئاسمانی مەڵبەندەکەی لەمەڕ ئێمە
لەجێی باران خوێن دەبارێ، خوێن دەبارێ
خوێن دەبارى [1][2]