لەساڵی 1984 لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە، بەهۆی چەند هۆکارێکی تایبەتەوە، نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بکات، بەڵام وەک چۆن لەسەرەتای منداڵییەوە حەزی بەکاری میدیایی بووە، ئەوەبوو لەساڵی 1999 دەست بەکار ڕاگەیاندن دەکات.
سەرەتا وەک کارمەندی بەشی هونەری لەڕادیۆی زەحمەتکێشان دەست بەکارکردن دەکات و دواتریش وەک جێبەجێکاری کاری هونەری بەشی هەواڵا و سیاسەت درێژە بەکارەکەی دەدات.
لەساڵی 2002 بەپێی بڕیارێکی ئەوکاتی مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و وەک هەستێک بەزیرەکی و کارامەیی هێرش شۆڕش، دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی کە زمانحاڵی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە.
سەرەتای کاری ڕۆژنامەوانی لەئاڵای ئازادی بەکارکردن لەبەشی ئیدارەو بەڕێوەبردن دەستپێدەکات و دواتر لەهەمان ساڵی گواستنەوەیدا دەست بەنووسینی وتار دەکات لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکانی گەلەکەی.
پاشانیش لەبەشی ڕیپۆرتاژو چاوپێکەوتن درێژە بەکاری ڕۆژنامەوانی خۆی دەدات و لەو بەشەش دەگوازرێتەوە کاری ڕۆژنامەوانی پێدەسپێردرێت.
بەبەردەوام یو تا هەنووکەش لەرۆژنامە سەربەخۆکانی وەک هاوڵاتی و ژمارەیەک ڕۆژنامەی تر جگە لەرۆژنامە سەرەکییەکی خۆی کە ئاڵای ئازادییەو پاشان بەهۆی چەند گرفتێکی ناوخۆییەوە کە حزبەکەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دروستکران ناوەکەی ئێستای ڕێگای ئازادییە درێژەی بەکاری ڕۆژنامەوانی داوە.
لەساڵی 2005 لەسەر داوای بەڕێوەبەری ڕادیۆو تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان داوای لێدەکرێت وەک بێژەری ڕادیۆو دواتریش بێژەری تەلەفزیۆن کاربکات.
ماوەی چەند مانگێک دەبێتە بێژەری تەلەفزیۆن، بەڵام تاهەنووکەش درێژە بەکاری میدیایی لەبواری بێژەریدا دەدات و ئێستا لەڕادیۆی ناوخۆ لەشاری سلێمانی وەک بەرپرسی بێژەرەکان کاردەکات.
لەڕووی هەڵوێستی نەتەوەییشەوە، هێرش شۆڕش خاوەن هەڵوێستێکی نەتەوەییەو بەردەوام لەخەمی هاونیشتمانییەکانی خۆیدایە، زیاتریش کارەکانی ڕووی لە کوردستانیانە لەهەرسێ بەشی باکووری دایکو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای چەوساوەو بێ ماف.
خاوەنی دیدو بۆچوونو تێڕوانینی زۆر جیاوازە بۆ چارەسەری پرسگرێکی کورد لەو بەشانەی دیکەو بڕوای تەواوی بەسەربەخۆیی کوردستان هەیەو پێیوایە ئەگەر سەرکردەکانی کورد هەوڵی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بدەن، "ئەوا چارەسەری پرسی کوردو دواجاریش سەربەخۆیی کوردستان هەرگیز نامومکین نییەو خەونی شاعیرانەش نییە".
هێرش شۆڕشی ڕۆژنامەنووس، خۆشەویستییەکی بێئەندازەی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان PKKو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK هەیەو زیاتریش ڕووی کارە ڕۆژنامەنووسییەکانی لەو دوو پارتەیە.
بەوتەی هێرش شۆڕش "پێموایە پارتی کرێکارانی کوردستان خاوەن لۆژیکێکی جیاوازو تایبەتە بۆ چارەسەری پرسگرێکی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستانداو بەسیستەمیش کار لەو پێناوەدا دەکات، پارتی ژیانی ئازادیش وەک جێگرێک لەناو سیستەمی پەکەکەدا بڕوای تەواوم بەو پارتەش هەیەو پێموایە هەستی نەتەوایەتی ئەگەر لەئێستادا لەرۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی کرماشانو ئیلامو تەنانەت لوڕستانیش جوڵابێت، ئەوا هۆکاری سەرەکی پژاکە".