ناونیشانی کتێبێکە لە نووسینی ئەرسەلان ڕەحمان و عەبدولخالق ئیبراهیم.
ئەم کتێبە لە (304) لاپەەرِەی قەبارە گەورەدا، بەسپۆنسەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئایرێکس لە هەولێر، بە تیراژی (1000) دانە چاپکراوەو ئەیوب محەمەد بابەکر کاری نەخشەسازی ناوەوە و بەرگی بۆ کردووە.
ئەم پەرتووکە لە حەوت بەش پێکهاتووە، بەشەکانیش ئەمانەن: "هەواڵ"، "راپۆرت و ستۆری" (چیرۆک)، "ریپۆرتاژ"، "گفتوگۆی ڕۆژنامەوانی"، "وتاری ڕۆژنامەوانی"، "هەڵمەتی ڕۆژنامەوانی" و "رۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی".
ئەم کتێبە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە هەمانکاتدا لەبەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەکنیکی کارگێرِی هەولێر، لە لایەن قوتابیانەوە سوودی لێ وەردەگیرێت و دەخوێندرێت.
د.دلێر ئەحمەد سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لەپەیمانگای تەکنیکی کارگێرِی هەولێر، پێشەکییەکی بۆ ئەو بەرهەمە ڕۆژنامەوانییە نووسیووە، تیایدا دەڵێت "ئامادەکردنی کتێبێک لەبواری ڕۆژنامەنووسیدا لەلایەن دوو گەنجی بە ئەزموونی کوردەوە، مایەی خۆشحاڵی و شایەنی دەستخۆشییە، لەو برِوایەدام ئەم هەوڵە خزمەتێکی بەرچاو بە کتێبخانەی ڕاگەیاندنی کوردی دەکات و دەکرێت ئەم کتێبە بۆ قوتابیانی بەشی ڕاگەیاندن ببێت بەیەکێک لەسەرچاوە بەسوود و گرنگەکانی بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ڕۆژنامەگەری ئەلیکترۆنییەوە هەیە".
لە پێشەکی کتێبەکەشدا کە لە لایەن عەبدولخالق ئیبراهیم و ئەرسەلان ڕەحمان هەردوو ڕۆژنامەنووس و مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی لە پەیمانگای تەکنیکی کارگێرِی هەولێر و نووسەری ئەو کتێبە، نووسراوە، تیادا هاتووە "هونەرەکانی نووسینی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستاندا لەرووی تیۆرییەوە زۆر شتیان لەبارەوە نووسراوە، لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی تایبەت بەو هونەرانەو هەرکام لەژانرەکانی نووسینی ڕۆژنامەوانی نووسراون، یاخود وەرگێردراون و چاپ و بڵاوکراوەتەوە".
هەر لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە "ئەوەی لێرەدا پێویستە بگوترێت ئەو کایەیە لەناو کتێبخانەی کوردیدا هێشتا پێویستی بە خزمەتی زیاترو برەو پێدان هەیە، بۆئەوەی هەرچی زۆرترو زیاترە ڕۆژنامەوانی کورد سەرچاوەی پێویستیان لەبەردەستدا بێت و لە ڕێگەیەوە بتوانن ئاستی زانستیی خۆیان لەبواری کارو پیشەی ڕۆژنامەوانی بەرز بکەنەوەو بە شێوەیەکی پیشەییانەو زانستیانە ئەو ژانرانە بەکار بهێنن و بزاوتی ڕۆژنامەوانی کوردیی لەهەڵەوە گیروگازە پیشەیی و تەکنیکی و زانستییەکانی دەرباز بکەن".