یەکەمین کتێبە کەبە زمانی کوردی لەسەر وڵاتی چین دەنووسرێت، ئەم کتێبە لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵڵا- ەوە نووسراوە و لە پێنچ بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەم باسێکی جوگرافی و دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی چینە، لەبەشی دووەم و سێهەمی کتێبەکەشدا باسی مێژووی کۆنی چین هەتاوەکو ئەمڕۆ دەکات، لەهەردوو بەشەکەشدا نووسەر باسی فەرمانڕەوا کۆنەکانی چین- ی کردووە، لە یەکەمین فەرمانڕەوای (خیا) 2200 پێش زاین، هەتا دواهەمین فەرمانڕەوای چین (کینگ) 1644 تا 1911 ز.
پاشان باسی داگیرکردنی چین لەلایەن کۆلۆنیالیستی جیهانییەوە (ئینگلیز، فەرەنسا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، ڕوسیا، ژاپۆن)، بەدرێژی باسی هەردوو جەنگی تلیاک و ڕاپەڕینی بۆکسە و ئەو پەیماننامانەی کە بەزۆر بەسەر چیندا سەپێندراون.
پاشان باسی یەکەمین کۆماری چین لەساڵی 1911 دا جەنگی ناوخۆی چین، داگیرکردنی چین لەلایەن ژاپۆنەوە، لە بەشی سێهەمدا باسی پارتی کۆمۆنیستی چین و گرتنەدەسەڵاتی ماوتسیتونگ، شۆرشی کلتوری، گرتنە دەسەڵاتی دینگ خیاپینگ، ڕۆڵی باشی ئەم سەرکردەیە بەدرێژی باس دەکات.
لەبەشی چوارەمدا باسی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چین دەکات، چۆن چین بووەتە زلهێزی جیهان، لەبەشی پێنچەمیشدا باسی گرنگی چین بۆ جیهان و پەیوەندی کورد و چین دەکات.
ئەم کتێبە لە 248 لاپەڕە پێکهاتووە و چەندین وێنەو نەخشەی جوگرافی و ئابوری و سەربازی تێدایە.
نووسەر زیاتر لە 100 سەرچاوەی بەکارهێناوە و زیاتر پشتی بەسەرچاوەی ئەڵمانی بەستووە.
ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای ئاراس، کە گەورەترین دەزگای چاپکردنی کوردییە چاپکراوە.