کوڕی سەروان سدیقی ساڵی 1328ی هەتاوی لە شاری سەقز لەدایک بوە و خوێندنی هەتا وەرگرتنی دیپلۆم لە شارەکانی سەقز و تاران دریژە داوە و دواتر لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران وەک خوێندکاری شانۆ وەرگیراوە و فەوقەلیسانسی شانۆ و سینەمای لەو زانکۆ وەرگرتوە و هەنووکەش نیشتەجێی شاری تارانە.
فەرامەرز سدیقی دەسپێکی کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1347ی هەتاوی کە بە دەورگێڕان لە شانۆی "رۆستەم و زۆراو" پێی نایە نێو گۆڕەپانی بەربڵاوی هونەر و دواتر لە ساڵی 1351ی هەتاویدا بە دەورگێڕان لە فیلمی "چشمە" کە دەرهێنەرەکەی "ئاربی ئوناسیان" بوو جیهانی پڕ دەنگ و ڕەنگی سینەماشی ناسی و تا هەنووکە بەردەوام لە سینەما و شانۆ و تلوزیۆندا دەور و ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە.
بەشێک لەو فیلمانەی کە هەتا ئێستا فەرامەرز سدیقی ئەکتەری توانای سەقزی دەوری تێدا بینیوە بریتین له: قدمگاه، مارال، هزاران زن مثل من، عشق کافی نیست، اسکادران عشق، پاییز بلند، دادستان، دلشدگان، آخرین پرواز، دندان مار، زمان از دست ڕفته، ڕوزنه، سایەهای غم، تیغ و ابریشم، گفت هرسە نفرشان، امشب اشکی میریزد، برهنە تا ظهر با سرعت، زن باکره، چشمە و.... هتد.
ناوبراو لە بەشی دەرهێنەریشدا دەوری بەرچاوی گێڕاوە کە دەکرێت ئاماژە بە فیلمی "طعمە" بکەین کە نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە کاک فەرامەرزی سدیقییە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی وڵاتی ئێران تێیدا ڕۆڵیان بینیوە. فەرمەرز سدیقی وەک "یاریدەدەری دەرهێنەر"یش تا ئێستا دەوری بەرچاوی بینیوە و لە ساڵی 1351ی هەتاویدا لە دوو فیلمی: "رضا هفت خط" و "ساعت فاجعه"، وەک یاریدەدەری دەرهێنەر ڕۆڵی بینیوه. ئەم هونەرمەندە بەناوبانگەی شاری سەقز و سینەما و تلویزێونی وڵاتی ئێران، بە خۆشییەوە ئێستایش هەر لە بواری بەرهەمهێنانی فیلم و سریاڵ و زنجیرەی تلویزیۆنی، هەڵسووڕ و چالاکە و بەردەوام بەرهەمەکانی لە کەناڵەکانی تلویزیۆنی ئێراندا بڵاو ئەبێتەوە.