رۆژنامەنوس مەهدی ئەبوبەکر
هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری زانستە سیاسییەکان و مامۆستای کۆلیژی یاسا لە زانکۆی هەڵەبجە.
لە ساڵی 1992 یەکەم وتاری لە کوردستانی نوێ بڵاوکردۆتەوە، دواتر وەکو کارکردنی پیشەیی لە بواری ڕۆژنامەنوسیدا بووە بە ئەندامی دەستەی نووسەران لە ڕۆژنامەی هەرێمی کوردستان، پاشان بە هۆی داخستنی ڕۆژنامەکەوە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆکی ئەوسای حکومەتی هەرێم لەسلێمانی ڕووی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کردووە لە 2002 تا نیسانی 2004، موحەریری بەشی سیاسی ڕۆژنامەکە بووە.
لە نیسانی 2004 لە ڕۆژنامەی(ئاسۆ) ی دامەزراوەی خەندان وەکو موحەریر کاری کردووە، دواتر بۆ ماوەی 2 ساڵ جێگری سەرنووسەری هەمان ڕۆژنامە بووە.
لە حوزەیرانی 2007 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕۆژنامەی (رۆژنامە) ی کۆمپانیای وشە و یەکەم بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەکە بووە تا کۆتایی 2007 تێیدا ماوەتەوە.
لە حوزەیرانی 2008 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری (هەفتانە) ی دامەزراوەی خەندان و یەکەم بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤارەکە بووە تا مانگی تشرینی دووەمی 2009 کاری تێدا کردووە. لە مانگی کانونی یەکەمی 2009 تا داخستنی وەکو ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی (رۆژنامە) کاری کردووە.
ئێستا وەکو مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ کاردەکات.
تاکو ئێستا سەدان وتاری سیاسیی و ڕێپۆرتاژی سیاسیی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردیەکاندا بڵاوکردۆتەوە و چەندین وتاری سیاسیشی بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژنامە (الاتحاد) و سایتی ئیلاف و ڕۆژنامەی (النبأ) و گۆڤاری (الاسبوعیە) بڵاوکردۆتەوە.