یەکێکە لە گەرەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی و ناوەکەی لە خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی یەوە هاتوە کە ساڵی 1818 مەحمود پاشای بابان دروستی کردوە،ئەم گەرەرکە هاوسنورە لەگەڵ گەرەکەکانی چوارباخ و سەرشەقام و سەرکارێزو ئەسحاپ ئەسپی.هەموو مەرجەکانی شارستانیەتی ئەو سەردەمەشی تیا بوە،لە مزگەوت و دوکان و بازاڕ و خان و تاد...
پردی عەلافان کە ئێستا نەماوە پردێکی بەناوبانگی سلێمانی بووە لەو گەرەکەدا بووە،لەم گەرەکەدا جگە لە خانەقای مەولانا خانەقاکانی حاجی مەلا عەلی و مەحوی و شێخ عەبدولرەحمانی قەرەداخی و مەلا عەزیزی تیا بووە جگە لەمانەش تەکیەی شێخ مارف و مزگەوتی شێخ عەبدولکەریم و مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسولی دێلێژەیی و مزگەوتی دوو دەرگا و مزگەوتی شێخ وسو ی تیا بووە،حەمامە بەناوبانگەکانیش برتیبون لە حەمامی حاجی ئەوڵاو حەمامی حاجی غەنی و حەمامی غەفور ئاغا(حەمامە بچکۆلە)و حەمامی تازە کە تەنیا ئەمەی دواییان وەکو خۆی ماوە.هەر لەم گەرەکەدا کۆمەڵە خانێک هەبوون کە هەندێکیان وەکو دوکان بەکار ئەهێنران و هەندێکیان وەکو ئەنبار لەوانە خانە سوتاو.خانی فەتحوڵا و خانی غەفور ئاغا.ئەم گەرەکە جگە لەوەی کە کۆمەڵە مەلایەکی بەناوبانگی تیا هەڵکەوتوە شوێنی نیشتەجێبونی هەندێ شاعیرو ئەدیبی بەناوبانگیش بووە،وەکو مەحوی و شێخ نوری شێخ ساڵح و ئەخۆل و کامەران موکری و مەدهۆش.هەروەها لەم گەرەکەدا کۆمەلێ کەسایەتی خێرەومەند هەڵکەوتون وەک حاجی ئەوڵای شاڵی و عەلی کەمال بەگ و عەبدوڵڵا لوتفی و حاجی ئەحمەد ڕەشید و حاجی حەسەنی لۆکەو ئەحمەدی حاجی فەرەجی حاجی حامید کە یەکەمین کێڵگەی لە بەکرەجۆ دروست کرد و باخی بەختیاریشی بەناوی کورەکەیەوە ناو نا.
خەڵکی ئەم گەرەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریان کردووە لە چالاکیە سیاسیەکان دا و هەمیشە لە سەنگەری نیشتیمان پەروەران دا بوون وە لەم پێناوەش دا لە قۆناغە جیا جیاکاندا بەردەوام شەهیدیان بەخشیوە،لەوانە عەولە سیسی شەهیدی شەری بەردەرکی سەرا و بەکری خەیات و فەقێ عەبدەڵای مەلا بەختیار و کەمالی حەمەی فەرەجە غەنی و نامیق ئاغای مستەفاغا و خاڵە شیهاب و حەمە عەلی بەر خانەقا و دەیان شەهیدی تر.
شوێنێکی بەناوبانگی گەرەکی بەر خانەقا کە دواتر بو بە گەراجی بەغدا گومرگە سوتاوەکەیە کە بیناە گومرگی تیا بوەو لە سیەکانی سەدەی ڕابردودا سوتاوە.