ساڵی 1947 لە شارۆچکەی خانەقین لە ئامێزی خێزانێکی هەژار و زەحمەتکێشدا لەدایکبووە و پەروەردە بووە. ژیانی پڕ مەینەتی هەر ئەوەندەی بوار داوە تا پۆلی پێنجەمی ئامادەیی بخوێنێت و دواتر ڕوو کار و کەسابەت بکات، کارکردن وانەیەکی باشی لە خۆڕاگری و هەست بە لێپرسراوی بەرانبەر بە خێزان و گەل و نیشتمانەکەی فێرکردووە. لەم ڕووەوە بە قوڵی دەرکی بە ئازاری چەوساوەکانی میللەتەکەی دەکرد چ لە ڕووی چینایەتی و چ لە ڕووی نەتەوایەتییەوە و ئەمە هاندەری گەورەی بوو بۆ گەڕان بە دوای ڕێگەچارەی ڕزگاربوون. دواتر وەک هەزاران لاوی تر تێکەڵ بە لرفەی ڕووباری کوردایەتی بوو، گەرچی دەشیزانی ئەو ڕێگایە هێشتا پڕ دڕکەزییە و کورد گەر قوربانی زۆریشی دابێت لە پێناو شۆڕشدا بەڵام ئاسۆی گەیشتن بە ئاواتەکا هێشتا تەمومژاوییە و بۆرژوازییەتی کورد لەبەرانبەر خەباتدا دەستەوسانە.. لەو دۆخەدا بە دوای ڕێبازێکدا دەگەرا چارەنووسی کورد و چەوساوەکانی وێنا بکات. تا گەیشتە ئەوەی خۆی لەناو ڕێکخستنێکی ناوەرۆک تازە و بەرنامە پێشکەوتوودا ببینێتەوە. ساڵی 1971 پەیوەندی بە یەکە ئەلقەی ڕۆشنبیر کۆمەڵەی (مارکسی- لینین)ی کردووە کە لە خانەقین دروستکرا، کە لە هەڤاڵان (مەلا بەختیار و م.جەعفەر و شەهید سەلام عەبدولڕەزاق و شەهید جەمال، حاکم برایم) پێکهتاتبوو. ئەو تێکۆشەرانە لەناو ژوورە ڕووناکەکانی کاری ژێرزەمینیدا نەخشەی سەرلەنوێ خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتییان دادەڕشتەوە تا بە دوژمنی بسەلمێنن تا ڕەشووڕووتێکی ئەم کوردستانە مابێت ناتووانێت تاسەر پێی لە ناخی ستەملێکراواندا بچەقێنێت. ئەرکی خەبات و ڕێکخستنی ئەو سەردەمە قورسبوو چ لە ڕووی خۆپەروەردە کردن و پەیوەندی کردن بە خەڵکەوە، چ لە ڕووی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە بێتە پێشەوە، چوونکە کۆمەڵە لە دوولاوە دژایەتی دەکرا هەم ناوخۆ و هەم لەلایەن دوژمنەوە. کاتێ شۆڕشی ئەیلوول هەرەسی هێنا ئەرکی کۆمەڵە و ڕێکخستنەکانی گرانگتر بوو، دەبوو لە ڕووی ئەو تێکشکانە مەترسیدارە بوەستێتەوە، ڕێگەنەدات نائومێدی ناخی کورد بکرۆژێ..باڵا دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری مرۆڤکوژ ژیانی خەڵکی هەراسان بکات. هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی نوێدا بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکەم دەستەی کۆمەڵە بە بڕیاری کۆمیتەی هەرێمەکان ڕوویان کردە شاخ، لەو هەلومەرجە دژوارەدا (عەلی شامار) وەک تێکۆشەرێکی ورە بەرز لە پێدەشتی گەرمەسێردا بە هەورازی قووچی خەباتدا هەڵدەزنێ و ڕۆژی 30-09-1976 دەگاتە لای دەستەکەی شەهید (عەبدولڕەحیم) لە بناری قەندیل کە ژمارەی پێشمەرگەکانی دەستەکە 15 پێشمەرگە بوون، دەبێت بە پێشمەرگە و لەگەڵ ئەو ژمارە کەمەی پێشمەرگەدا چراخانێکیان هەڵکرد هەموو قوژبنە تاریکەکانی کوردستانیان ڕۆشنکردەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ماوە کەمەی دوای هەرەس توانی مێژووی بەرخۆدان تۆماربکاتەوە و خەونی پیسی دوژمن بە کۆتایی هاتنی شۆڕش پووچەڵبکاتەوە. عەلی شامار لە زۆربەی ناوچەکاندا پێشمەرگایەتی و کاری ڕێکخستنی کردووە. پلەکانی پێشمەرگایەتی بڕیوە و لێپرسراوی زیندانی (ناوزەنگ) بووە، ماوەیەک جێگری تیپی 51ی گەرمیان بووە، فەرماندەیی چەندن شەڕی لە (گەرمیان، قەرەداغ، شارباژێر، شارەزوور، سەرکردایەتی و باڵەکایەتی) کردووە وەک شەڕی (گەرەوان و مەلەکان و داستانی سەیید خەلیل و شەڕی پارێزگاری لە سەرکردایەتی و گرتنی قەرداغ). لە پلانی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بە لێپرسراوی یەکەی خانەقین دانرا، لەگەڵ دەسپێکردنی ڕاماڵینی بەعسدا لە سنووری گەرمیان (خانەقین) ڕزگارکرا، دوای سەرلەنوێ پەلاماردانەوەی دوژمن بریندار دەکرێت. دواتر دەبێت بە کارگێری مەڵبەندی ڕێکخستنی کەرکووک تا ساڵی 1994،لەو ساڵەدا دەبێت بە قایمقامی (خانەقین) سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ساڵی 1999 بۆ قایمقامییەتی ناوەندی کەکووک دەگوێزرێتەوە کە لە دەربەندیخان بووە. ساڵی 2002 بوو بە قایمقامی (کەلار)و پاشان ساڵی(2005-2006) کرا بە قایمقامی دەربەندیخان. لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا سەپەرشتی ناوچەی مەندەلی دەکرد و 67 گوندی ئەو سنوورەی لە عەرەبی هاوردە پاککردەوە. ساڵی 2007 وەک نوێنەری (مام جەلال) لە مەڵبەندی خانەقین تا ساڵی 2010 دەست بەکاربووە.
عەلی شامار لە سەرجەم کۆنگرە و کۆنفرانس و پلنیۆمەکانی یەکێتی دا لە شاخ و لە شار بەشداری کردووە. لە بواری کاری پێشمەرگایەتیدا 3 جار بریندارکراوە، جاری یەکەم ساڵی 1983 لە گردەبێنازی قەڵادزێ، جاری دووەم ساڵی 1984 لە سەیدخەلیلی گەرمیان و ساڵی 1991 لە ڕاپەڕێن و ئازادکردنی خانەقین. لەو ڕۆژەوەی پەیوەندی بەهێزەکانی پێشمەرگەوە کردووە بۆ ساتێکیش دانەبڕاوە و لەبەر پەیوەستبوون بە بڕیارەکانی شۆڕشەوە توشی سزادان نەبووە. لە ژیانیدا سێ مەدالیایی ڕێزلێنانی وەرگرووە وەک:(مەدالیایی مەفرەزە سەرەتاییەکان، مەدالیایی پێشمەرگە دێرینەکان، مەدالیایی پێشمەرگە دانەبڕاوەکان)، ئێسا تەمەنی 67 ساڵە بەهۆی برینداربوونی کاتی پێشمەرگایەتییەوە نەخۆشە چوونکە گوللەک لە جەستەیدا ماوە، هەرچەندە چەندین جار لە ناوەوە و دەرەوە چارەسەری بۆ کراوە بەڵام بوونی ئەو گوللەیە لەسەر دەمارێکی سەرەکی وای لێکردووە چارەسەری تەواوەتی وەرنەگرێت.
سوپاس بۆ کاک (ڕێبوار عەلی شامار) بۆ ناردنی زانیارییەکان.