یەکەم کۆنگرەی پارتی بوو کە بەئامادەبوونی مستەفا بارزانی ببەسترێت. بەر لەبەستنی کۆنگرە کەشێکی پڕ لەململانێ باڵی بەسەر پارتیدا کێشا بوو، کە بریتی بوو لەململانێی نێوان چەپو نەتەوەییەکان. شیوعییەکانی نێو پارتی دەیانویست زیاتر ئەم حیزبە بەرەو چەپ بەرنو نەتــــەوەییەکانیش بەپێچەوانەوە دەیانویست زیاتر لەشیوعییەکانی دوور بخەنەوە. چەند کەسایەتییەکی دیاری نێو پارتی لەو سەردەمەدا نوێنەرایەتی ئەم دوو فکرە جیاوازەیان دەکرد: لەلایەک هەمزە عەبدوڵڵاو ساڵح حەیدەریو حەمید عوسمان بوون کە تازە گەڕابوونەوە نێو پارتیو لەبەرامبەریشدا ئیبراهیم ئەحمەدو تاڵەبانی بوون. بارزانیو لیژنەی ناوەندی پارتی بەر لەبەستنی کۆنگرە، لەحوزەیرانی 1959دا لەماڵی بارزانی کۆنفرانسێکیان لەبەغدا بەست، بەبێ بەشداریی سکرتێرو مەکتەبی سیاسی، کۆنفرانسەکە بڕیاری سڕکردنی مەکتەبی سیاسیو بەستنی کۆنگرەی چوارەمی ڕاگەیاند. کۆنگرەی چوارەم لە03-10-1959 بەئامادەبوونی 130 ئەندام لەبەغدا بەسترا، کۆنگرە بڕیاریدا "هەمزە عەبدوڵڵا، حەمید عوسمان، ساڵح حەیدەری، نەژاد ئەحمەد" بەیەکجاری لەپارتی دەربکرێنو ئیبراهیم ئەحمەد بەسکرتێری پارتی هەڵبژێردرا. زۆرێک پێیانوایە ئەمە یەکەم گۆڕانکاری سکرتێرو نێو سەرکردایەتی پارتی بوو کە بارزانی زەبری تیا بەکارهێنا.
سەچاوە: سات - ماڵپەڕی ئاوێنە