کۆنگرەی پێنجەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان#- (پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق – #05-05- 1960#) ، دوای وەرگرتنی مۆلەتی فەڕمی کارکردنی حزب لەلایەن حکومەتەوە، لە شاری #بەغدا# بە شێوەی ئاشکرا بەسترا.
کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان- (پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق – 5ی ئایاری 1960) ، دوای وەرگرتنی مۆلەتی فەڕمی کارکردنی حزب لەلایەن حکوومەتەوە، لە شاری بەغدا بە شێوەی ئاشکرا بەسترا.
$قۆناغی کاری ئاشکرا$
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958، حزبە سیاسییەکانی بەرەی یەکێتی نیشتمانی ئێراقی بەوپەڕی ئازادییەوە دەستیان بە چالاکی و کاری سیاسی کرد، سەرکردایەتی شۆڕش بەڵێنیدا پاش کۆتایی هاتن بە قۆناغی گواستنەوە، مۆڵەتی فەڕمی بۆ کارکردنی حزبە ئێراقییەکان دەربکات، بەڵام ئەم مۆڵەت پێدانە تا مانگی کانوونی دووەمی 1960 دواکەوت.
لە ڕێکەوتی 6ی کانونی دووەمی 1960، یاسای ژمارە یەکی کۆمەڵەکان، بە مەبەستی مۆڵەتدان بە حزبە سیاسییەکان، لە 46 ماددەدا لەلایەن ئەنجوومەنی سەروەریی کۆماری ئێراقەوە جاڕدرا. ئەم یاسایە حزبەکانی وا دەناساند، کە کار دەکەن بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی، بە چەند مەرجێک، لەوانه: دەبێت تەواوی ئەندامانی حزب هاووڵاتی ئێراقی بن و هێزە چەکدارەکان و کاربەدەستانی دەوڵەت لە بەشی دیپلۆماسی و قوتابی سەرەتایی و ناوەندیی بۆیان نییە ببن بە ئەندامی حزب.
دوای دەرچوونی ئەم یاسایە، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق، دەستەیەکی دە کەسی بە سەرۆکایەتی سەرۆک مستەفا بارزانی و دەستەیەکی پەنجا کەسی پشتگیرانی کردە پاشکۆی نووسراوێکی فەڕمی و پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی ئێراقی کرد، ئەوەبوو لە ڕێکەوتی 6ی شوباتی 1960 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێراقەوە بە شێوەیەکی فەڕمی و یاسایی مۆڵەتی کارکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێراق درا و ڕێگەی پێدرا ڕۆژنامەی ناوەندی خۆی بە ناوی خەبات چاپ بکات.
ئەندامانی دەستەی دامەزراندنی قۆناغی کاری ئاشکرا پێکهاتبوو لە:
مستەفا بارزانی، سەرۆک
#ئیبراهیم ئەحمەد#، سکرتێر
#نوری شاوەیس#
عومەر مستەفا
#عەلی عەبدوڵڵا ئەمین#
عەلی عەبدوڵڵا ڕەزا
مەلا عەبدوڵڵا ئیسماعیل
حیلمی عەلی شەریف
ئیسماعیل عارف
شەمسەدین موفتی.
بەستنی کۆنگرە
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق دانی نا بە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک قەوارەیەکی سیاسی کە مافی چالاکی ئاشکرای هەیە لە سەرانسەری ئێراقدا، لەلایەن سەرکردایەتی پارتییەوە کار بۆ بەستنی کۆنگرەی نوێی حزب کرا، هەرچەندە پارتی لە ساڵی 1959 کۆنگرەی خۆی بەستبوو.
دوای بەستنی کۆنفرانسە ناوخۆییەکان لە گشت لێژنە لق، لێژنە ناوچە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، بە شێوەیەکی یاسایی و بە دەنگدانی ئاشکرا نوێنەرانی کۆنگرە دەستنیشان کران. دواتر بە ئامادەبوونی سەرۆک مستەفا بارزانی، لە کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی 5ی ئایاری 1960 کۆنگرەی پێنجەم، بە ئامادەبوونی 168 نوێنەر لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڕەکی سەعدونی شاری بەغدا بە شێوەیەکی ئاشکرا بەسترا.
سەرەتا ئیبراهیم ئەحمەد ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی پێشووتری خوێندەوە، دواتر نوری شاوەیس ڕاپۆرتی دارایی و عومەر مستەفا ڕاپۆرتی ڕێکخستنیان خوێندەوە. هەروەها ڕاپۆرتی دەستەی چاودێری و پشکنینی باڵا خوێنرایەوە. دواتر کۆنگرە بڕیاری پێکهێنانی چەندین لێژنەی بۆ پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی سکاڵا و پەیڕە و و پرۆگرام دا، لێژنەکان بریتیبوون لە: لێژنەی پرۆگرام و پەیڕەو، لێژنەی لێکۆڵێنەوەی ڕاپۆرتەکان، لێژنەی دارایی و ئۆرگانەکان و لێژنەی سکاڵا.
بەهۆی مۆڵەت وەرگرتن و گۆڕانکاریی سیاسی ئەوکاتی ئێراق، کۆنگرەی پێنجەم هەندێک گۆڕانکاری لە پرۆگرامدا کرد، وەک لابردنی مادەی سێیەم، کە باس لە سوودوەرگرتن لە بیردۆزی مارکسی - لێنینی کرابوو، هەروەها دەستکاری ئەو بڕگەیەش کرا کە پەیوەست بوو بە مافی سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و بڕگەکە کرا بە تێکۆشان بۆ پشتیوانی برایانی کوردمان لە هەر شوێنێک بن لە و خەباتەدا کە دەیکەن لەپێناوی تەواوکردنی ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانیاندا و دەستەبەرکردنی پشتیوانی کۆماری ئێراق وێڕای یارمەتیدانیان لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە.
پەیکەری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی پێنجەم، بریتی بووە لە: شانە، لێژنەی ڕێکخراو، لێژنەی ناوچە، لێژنەی لق، کۆمیتەی ناوەندی، مەکتەبی سیاسی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆک.
هەر لە ئامادەکارییەکانەوە تا کۆتایی، کۆنگرە لە کەشێکی دیموکراتیانە بەڕێوەچوو و بە کۆی دەنگ سەرۆک مستەفا بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، دواتر لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە سەرکردایەتییەک هەڵبژێردرا و بۆ یەکەمین جار ئافرەتێک گەیشتە سەرکردایەتی:
مستەفا بارزانی، سەرۆک
ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێر
نوری شاوەیس
عومەر مستەفا
دکتۆر موراد عەزیز
عەلی عەبدوڵڵا
#ساڵح یوسفی#
#عەلی عەسکەری#
هاشم ئاکرەیی
جەلال شوانی
ناهیدە شێخ سەلام
عەبدوڵڵا ئیسماعیل ئەحمەد
ئەحمەد عەبدوڵڵا ئامێدی
عەلی حەمدی موسا
عەبدولحسێن فەیلی
سەید عەزیز شەمزینی
نوری ئەحمەد تەها.
جەلال تاڵەبانی.
هەر یەک لە سەید عەزیز شەمزینی، نوری ئەحمەد تەها و جەلال تاڵەبانی ناویان وەک ئەندامی سەرکردایەتی ئاشکرا نەکرا، چونکە ئەفسەری سوپای ئێراق بوون و ئەفسەران بۆیان نەبوو ببنە ئەندامی هیچ حزبێکی سیاسی.
یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیش بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
نەعمان بارزانی
حیلمی عەلی شەریف
حەیدەر محەمەد ئەمین
محەمەد حاجی تاهیر.
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزب لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندییەوە هەڵبژێردران، کە پیکهاتوون لە: ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا، دکتۆر موراد عەزیز، عومەر مستەفا.
دەستەی چاودێری و پشکنینی باڵا چاودێری بەرز، ڕاستەوخۆ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە هەڵدەبژێردران، ئەوانیش پێکهاتبوون لە: حەبیب محەمەد کەریم، زەکیە ئیسماعیل حەقی، هورمز نیسان، خالید حەسەن یوسفی، عومەر حەسەن بامەڕنی16. یەدەگی لێژنەی پشکنینی باڵایش بریتیبوون لە: عەباس حسێن و یەدوڵا فەیلی.
یەکێکی تر لە بڕیارەکانی کۆنگرە بریتی بوو لە پشتگیری کردنی حکوومەتی ئێراقی لەبەرانبەر نەیارانەکانیدا، چونکە پارتی بۆ یەکەمین جار خاوەنی مۆڵەتی فەڕمی بوو و دەیتوانی بەئازادی چالاکی بنوێنێت. بارودۆخی ئاشتی و کاری ئاشکرای ڕامیاری وایکرد، هەواڵی کۆنگرە بگاتە ڕاگەیاندنی ئێراقی و بە گرنگییەوە هەواڵەکانی بڵاوبکەنەوە. [1]