دانیشتووی: #کەسنەزان#
بەرپرسایەتی: ئ.ک.ش.سەقز
ساڵی شەهیدبوون: 1368 (1989)
بیرەوەرییەک لە شەهید عوسمان کەسنەزانی هەیە پێم خۆشە لێرەدا بیگێڕمە بۆ ئەوانەی کە نایناسن بزانن چەندە بە جەرگ بوو: لە شەرێکدا کە من لەوێدا کادری دەرمانی بووم، لە پشت ئاواییەکەی خۆیان شەرێکی زۆر سەخت و نابەرامبەر کرا و کاک عوسمان بریندار بوو. گوللەیەک لە لای ڕاستەوە لە بن باڵ و پەراستووی دابوو و سییەکەی کون کردبوو و چووبووە نێو لەشیەوە. هەموو جارێک کە هەناسەی دەکێشا لە کونی جێگا گوللەکەوە دەهاتە دەرەوە. بەڵام وەرەی زۆر لەسەرەوە بوو. لە ماڵێکدا لە ئاوایی سماقوڵوو لەگەڵ بریندارێکیتردا دایاننابوون و شەڕەکەش بەردەوام بوو. ئەو کات بە کادرە دەرمانیەکانیان دەوت دوکتور.
بانگیان کرد دوکتور وەرە! دوکتور بێنن! لەم ماوەیەشدا پیرەژنێک کە لەو ژوورەی بریندارەکاندا دانیشتبوو و بێدەنگ و کڕ لە سووچێکەوە کزی کردبوو، بە بیستنی وشەی دوکتور تۆزێک ورەی وەبەر هات و بە چوونە ژوورەوەی ئێمە، یەخەی خۆی هەڵدڕی و ممکەکانی دەرخست و پیشانی ئێمەی دا. ممکەکانی ڕزیبوون و هەر یەکەیان تۆزێکی مابوو. ئێمە دەمانزانی کە ئەوە بە ئێمە چارەسەر ناکرێ و ئەو برینەی ئەو دەرمانی ئێمە بەشی ناکا، بۆیە پێمان وت کە بچێ بۆ لای دوکتور و نەخۆشخانە و چووین بۆ لای بریندارەکان و من چووم سەیری بینی کاک عوسمان بکەم. کاک عوسمان وتی تا برینی ئەو ژنە نەپێچن حەقتان نیە دەست بە برینی منەوە بدەن، زۆری لێ پاڕاینەوە بەڵام وتی لە پێشدا ئەو پیرەژنە و پاشان من. ممکەکانی ژنەکەم خاوێن کردەوە و بۆم بەست و بە کوڕەکەیم وت کە بەیانی دەبێ بیهێنێ بۆ نەخۆشخانەی 2ی ڕێبەندان کە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بوو و بۆ خەڵکی بە خۆڕایی بوو، دەنا ئەگەر ناهێنێ بۆ لای ئێمە دەبێ بیبا بۆ نەخۆشخانە لە شار.
برینی کاک عەسمان سەیر کرد تەنیا یەک کونم دەبینی و گوللەکە لە شوێنیترەوە نەچووبووە دەرەوە. بریندارەکانمان سواری ئیستر کرد و بردمانن بۆ نەخۆشخانەی 2ی ڕێبەندان لە ئاوایی حاجی عەبدول. لەوێ دوکتور نیلوفەری لێ بوو کە زۆر شارەزا بوو. سەیری برینەکەی کاک عوسمانی کرد و تۆزێک سەیری نێو کونەکەی کرد و دەستی لە لای ملی کرد و وتی: عوسمان ڕۆڵە خۆ ئەوە گوللەکە لێرەیە. گوللەکە لە ژێر پێستی ملی کاک عوسمانەوە دیار بوو. وتی: ڕۆڵە ناترسی بۆت دەربێنم بە تەما نیم بۆت سڕ بکەم! ئەویش وتی نە، ترسی چی، چۆنت پێ باشە وای لێ بکە. دوکتوریش تۆزیک پێستی ملی کاک عوسمانی بە تیغی تایبەتی نەشتەرگەری کون کرد و بە پنستێک گوللەکەی دەرهێناو و لە مستی کاک عوسمانی نا. دواتری ئەویش قولفێکی لێ خستبوو و لە ملی کردبوو.
دوای چاک بوونەوەی لە نەخۆشخانە دیسانەوە گەڕایەوە بۆ بەرەکانی شەڕ و دواتر وەک کادرێکی بە وەج و کارامە و دڵسۆزن لە کۆمیتەی شارستانی بانەدا گیانی بە خاکی کوردستان بەخشی. یادی ئەو قارەمانەی گەلەکەمان بەخێر.