نووسینی: محەمەد نورەدین
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە؛ ئازاد بەرزنجی
ئەم کتێبە لە ساڵی 2003 دا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاوکراوەتەوە
خوێندنەوەی: کارزان محەمەد
دوای کۆتایهاتن بە سیاسەتی دوو جەمسەری لە جیهاندا، بەهۆی گەشەکردنی دیاردەی بەجیهانیبوون و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا لە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی تازەگەشەکردووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کرانەوەیەکی نوێ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوەو تەنانەت تورکیای پان تورکیزمیشی گرتەوە.
یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی کە ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ ناسینی کێشەکانی تورکیا، کتێبی (تورکیا لەسەردەمی گۆڕان)ی (محەمەد نورەدین)ە، بەتەواوەتی ئەو گیروگرفتە نەتەوەیی و سیاسییانەی وڵاتەکەی خستۆتەڕوو، نوسین و چاپوپەخشی کتێبەکەش لە کاتێکدا بوو کە تورکیا بەهۆی ئەو ڕووداو و کارەساتە سیاسییانەی تیایدا ڕوویدەدا و جەنەڕاڵەکان پاکتاوی نەتەوەو کەمینەکانیان دەکرد، ببووە جێی سەرنجی ڕایگشتی جیهانی.
ئەم کتێبە کە لەلایەن (ئازاد بەرزنجی)یەوە وەرگێڕدراوەتە سەرزمانێکی پاراوی کوردی، لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی (2000) لە سلێمانی چاپ کراوە، هێندەیتر بواری بۆ خوێنەری کورد ڕەخساندووە کە لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە، لە گۆڕانەکانی تورکیای نوێ بگات، پاشان دوورنمای ئایندەی ئەم وڵاتەی لەلا گەڵاڵە ببێت، وڵاتێک کە هەر لە سەرەتای هەڵوەشانی ئیپمراتۆرییەتی عوسمانی بە ئاگروئاسن حکومڕانی کردووە، ئێستاش بەهەمان سیاسەتەوە دەیەوێ ببێتە ئەندامێکی چالاکی یەکێتی ئەوروپا.
هەرچەندە کتێبەکە لە ساڵی (1997)دا نوسراوە، بەڵام هەروەک وەرگێڕ لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:" ئەگەرچی دوای ئەم مێژووەو تائێستاش کۆمەڵێک گۆڕانکاری دی لەسەر ئاستی تورکیا ڕوویانداوە کە ئەم کتێبە نایانگرێتەخۆی، بەڵام ئەمانە هیچ لە بایەخی کتێبەکە کەم ناکەنەوە". بەم چەشنە وەرگێڕ لە وەرگێڕانی کتێبەکەیدا دەخوازێ پێمان بڵێت ئەمە تۆماری سەردەمێکی خوێناوی تورکیایە، بەهۆی نەگۆڕانێکی ئەوتۆش لە سیاسەتی دەوڵەتەکەدا، هێشتا ئەم ڕەوشانەی لە کتێبەکەدا باس کراون، بەردەوامە.
بەشی یەکەم (شوناس لە چەند هەڵبژاردنێکدا لا11-74)، لە (5) پێنج تەوەرەدا خوێندنەوەیەکی شرۆڤەکارانە بۆ دەوڵەتی تورکیا لە ساتی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەتدا دەکات. نوسەر
ئەم کاریگەریانەی بۆ (3) خاڵا پۆڵێنبەندی کردووە. لە خاڵی یەکەمدا (لا11) باسی لە کاریگەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤییەت لەسەر قەوارە و هاوسەنگییەکانی ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا کردووە، بەتایبەت لە توندبوونی ململانێی هێزە عەلمانی و ئیسلامییەکان و هاتنەوەئارای بیرۆکەی (ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی نوێ) لەلایەن (تۆرگۆت ئۆزال)ی سەرۆکی کۆچکردوو کە دەیویست دروشمی (پێکەوەژیانی تورک و کورد) بەرز بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)دا.
لە خاڵی دووەمدا (کاریگەریی لێکهەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت لەسەر پێگەی تورکیا و ڕۆڵی ئیقلیمیی) لە (لا16)دا باس لە کرانەوەی وڵاتی تورکیا بەڕووی جیهاندا دەکات، بەتایبەت کە لەڕووی ئابورییەوە بازاڕێکی گەورە بۆ بەرهەمەکانی تورکیا ڕەخسا بوو، لە ڕووی سیاسیشەوە سەرلەنوێ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دروست کردەوە، بەڵام هەروەک نوسەر لە (لا19)دا دەڵێت لەم قۆناغەدا (کێشەی جینۆسایدی ئەرمەن) و چارەسەرنەکردنی (دۆزی کورد) هەڕەشەی لە ئایندەی تورکیا و لێکهەڵوەشاندنی وڵاتەکە دەکرد. خاڵی سێیەم (کاریگەریی لێکهەڵوەشانەوەی سۆڤییەت لەسەر پێگەی تورکیا لە بلۆکبەندییە جیهانییەکاندا) لە (لا21) سەرەڕای ئەوەی چەند کێشەیەکی وەک: گرژبوونی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا- تورکیا، بەهێزبوونی ئیران، بەهێزبوونی بزووتنەوەی کوردی بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕەخسان، بەڵام لەڕووی لایەنە پۆزەتیڤەکەیەوە هەروەک نوسەر لە (لا22)دا دەڵێت :"لێکهەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت و هەرەسی بلۆکی کۆمۆنیزم و دەستپێکردنی سەردەمی ئابوری بازاڕو دیموکراسی لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵاتەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی کردەسەر جوڵانەوەی ئەوروپایی تورکیا، بەتایبەتیش لەسەر ئارەزووی تورکیا بۆ چوونەناو ڕیزی (یەکێتی ئەوروپا)وە." بەڵام هەروەک دەبینرێ تائێستاش ئەم خەونەی تورکیا نەبۆتە واقیع، چونکە نەیتوانیوە مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکات.
فاکتەرە سەرەکییەکانی وەرنەگیرانی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە ڕوانگەی نوسەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاکتەری سەرەکی کە لە (لا26)دا خستوویەتەڕوو، ئەوانیش بریتین لە:
-هەڵاوسانی ژمارەی دانیشتوان (ئەمەش جێگەی نیگەرانییە بۆ یەکێتی ئەوروپا لەکاتی بوونەئەندامی تورکیادا)
-جیاوازی ژیاری (ئەوانەی لە یەکێتی ئەوروپادا ئەندامن، هەموویان مەسیحین بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئیسلامییە).
هەروەها نوسەر (مەسەلەی قوبرس)یش بە کێشەیەکی گرنگ هەژمار دەکات کە بۆتە لەمپەر لەبەردەم ئەم خەونەی تورکیا.
هەرچەندە نوسەری کتێبەکە (محەمەد نورەدین) لێرەدا ئاماژەی بۆ ئەو هۆکارەش نەکردووە کە بەشێک لە ڕایگشتی تورکیاش لەگەڵ ئەندامێتی نین لە یەکێتی ئەوروپادا.
نوسەر لە کتێبەکەیدا بەهۆی (3) فاکتەرەوە ڕۆڵی گرنگی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەدا هەڵدەسەنگێنێت کە بریتین لە:
-بازنەی ئەوروپی (لا25): ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە خاکی تورکیا دەکەوێتە قاڕەی ئەوروپاوە، هەروەک نوسەریش دەڵێت کە ئەگەر تورکیا نەچێتە یەکێتی ئەوروپاوە ئەوا:" بیرکردنەوە لە تورکیا لە دەرەوەی ئەوروپادا دوو سەد ساڵا دەیباتە دواوە لا25".
-بازنەی ئیسلامی (لا33): نوسەر دەڵێت:" پەیڕەویی لە عەلمانییەت وەک بنچینەیەک لە بنچینە سیاسی و یاساییەکان لە تورکیادا، کاریگەرییەکی نیگەتیڤی کردۆتە سەر پەیوەندییە تورکی- ئیسلامییەکان" مەبەستی نوسەر لێرەدا ئەوە کە دەیەوێت بڵێت تائێستاش تورکیا لەنێوان کلتورێکی ئیسلامی و حەزی چوونەناو کلتوریی ئەوروپی، بەشێوەیەکی تەواوەتیانە خۆی یەکلایی نەکردۆتەوەو هێشتا لەناخەوە لە کێشمەکێشمدایە.
-بازنەی تورکی (لا37): نوسەر دەڵێت:" پەیدابوونی جیهانێکی نوێی تورکی لە ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاسدا، هەلێکی دانسقە بۆ گۆڕانێکی ئیجابی لەسەر ڕەوتی پەیوەندییەکانی تورکیا بە جیهانی ئیسلامییەوە دەرەخسێنێت". نوسەر مەبەستییەتی باس لە سیاسەتی دووسەرەی تورکیا بکات، واتا هەم دەخوازێ بچێتە ناو کلتوری ئەوروپاوە و هەم دڵی وڵاتە ئیسلامییەکانیش نەڕەنجێنێ بە تایبەت کە تورکیا میراتگری ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی عوسمانییە لە ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکیتری بەشی یەکەمدا، باس لە (پلانە عوسمانییەکەی تۆرگۆت ئۆزال) لە (لا44)دا کراوە کە دەیویست تورکیایەکی نوێ زیندوو بکاتەوە بەڵام دواجار بە تیرۆرکردنێکی بێدەنگانەی ئەو لەلایەن جەنەڕاڵەکانەوە، ئەم خەونە نەهاتەدی. لەدوابەشی کتێبەکەشدا (لا71-74) بیبلۆگرافیایەک بۆ ژیانی (تۆرگۆت ئۆزال)ی سەرۆک کراوە.
بەشی دووەمی کتێبەکە ناوی (کۆمەڵێک ئیسلامی لە ڕژێمێکی عەلمانیدا لا75-136)ە، لە (7) تەوەرەدا باس لە گۆڕانکارییەکانی دوای مردنی ئۆزال و گەرمبوون و هاتنەوەئارای دۆزی کورد و بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەکات. ئەم هاوکێشانەش کاتێ چڕبوونەوە کە هەروەک نوسەر لە (لا85)دا دەڵێت "پارتی ڕەفاه لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی (1994) و هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی پارلەمان (1995)دا بردییەوە". ئەم سەرکەوتنەش ململانێی باڵە ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانی توندتر کرد، نوسەریش لە تەوەرێکدا بەناوی (رەفاه لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی دیموکراسییەتدا) لە لا (86) ئاماژە بۆ کێشەی ڕەفاه لەگەڵ هەریەک لە دۆزی کورد، چەپڕەوەکان و مەسەلەی دیموکراسییەتدا دەکات. نوسەر بۆ باس کردن لە سەرکەوتنەکانی دواتری پارتی ڕەفاه لە هەڵبژاردنەکاندا، تەوەرەی سێیەمی بەشی دووەمی لە ژێرناوی (هەڵبژاردنەکانی 1995 و تەڵەزگەی ڕژێم) لە (لا95)دا تەرخان کردووە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەرکەوتن و ململانێکانی ئەم پارتە، دواتریش خشتەیەکی زانیاری وردی لەسەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا خستۆتەڕوو. هەروەها تەوەرەکانی چوارەم و پێنجەمی بەشی دووەمیش هەر باس لە سەرکەوتنەکانی حیزبی ڕەفاه و مامەڵەکانی دەکات.
نوسەر لەبارەی پەیوەندی ئیسلامییەکان و کەمالیزمدا، تەوەرەی شەشەمی بەناوی (کەمالیزم لە هێڵی بەرگریدا بەرامبەر ئیسلامییەکان لا 125) و تەوەرەی حەوتەم (شێخ جەمالەدین قوبلان خەلیفە یان خائین لا132) بەوردی باس لە پێکدادانە فکرییەکانی نێوان هەردولا دەکات.
بەشی سێیەم (کوردگەلێک کە بەدوای نەخشەیەکدا دەگەڕێن لا139-207) کە گرنگترین بەشی کتێبەکەیە بەلای خوێنەری کوردەوە، لە (4) چوار تەوەرەدا بەشێوەیەکی ڕاستەقینە وێنای کورد لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیادا دەنەخشێنێت.
لە تەوەرەی یەکەمدا (مەسەلەی کورد یان ئەو سەبەتە خوێنەی کە پڕ نابێت لا 139) باسی لە سیاسەتی ئاگروخوێنی دەوڵەتی تورکیا کردووە بۆ پاکتاوکردنی هەر مرۆڤێک کە خۆی بە کورد بزانێت لە دەوڵەتی تورکیای نوێدا، بەجۆرێک کە کۆی خەرجی شەڕی تورکیا لەساڵی (1993) بۆ لەناوبردنی کورد بڕی (8) ملیار دۆلار بووە (لا149). بەڕای نوسەر (سیاسەتی ناوخۆ لا153) بۆتەهۆی پەیدابوونی بزووتنەوەی کورد لە تورکیادا. هۆکارە هەرێمییەکانیشی (لا154) بریتین لە هەریەک لە وڵاتانی: ئەمریکا، ئەرمینیا، یۆنان، بولگاریا، ڕووسیا، فەرەنساو بەریتانیا کە هاریکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دەکەن.
لە تەوەرەی دووەمی بەشی سێیەمدا بەناوی (فیلی تورکی و مێشی کوردی) لە (لا173) باسی لەو ڕێگاچارە سەربازییانەی (تانسۆ چیللەر)ی بۆ (قاچ شکاندن)ی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) خستۆتەڕوو تا لەو ڕێگەیەوە بەتەواوەتی دەنگی کورد لە تورکیادا کپ بکات. (سلێمان دمرێل)ی سەرۆک کۆماریش کپ کردنی دەنگی کوردی دووپات کردەوەو هەروەک لە (لا180-181)ی ئەم کتێبەدا هاتووە کە سەرۆک کۆمار وتویەتی" شتێک نییە بەناوی کێشەی کورد. کوردو تیرۆریزمیش لێک جیاناکرێنەوە".
لەتەوەرەی سێیەمی بەشی سێیەمدا بەناوی (ئۆزال و کورد: کام فیدراڵییەت لا 193) باسی بیرۆکەکەی ئۆزال کراوە بۆ بەفیدراڵیزەکردنی تورکیا، بەڵام تیرۆرکردنی ناوبراو ئەو بیرۆکەیەی وشک کرد.
لەتەوەرەی چوارەمی بەشی سێیەمدا (یەشار کەمال لە کەشوهەوای کوردی دا لا 202) باس لە وتارە مێژووییەکەی (یەشار کەمال)ی گەورەئەدیبی کوردی تورکیا دەکات کە ڕایگەیاندووە:" لەوانەیە ئەنقەرە لە توانایدا بێت دەریاکە وشک بکات، بەڵام ناتوانێ ماسییەکە بگرێت) کە مەبەستی لە ماسییەکە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ە، ئەم وتارەش دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە تورکیادا هەبوو.
بەشی چوارەمی کتێبەکە (گەشەپێدان لە خزمەتی سیاسەتدا لا 211-267) دابەش کراوەتە سەر ئەم تەوەرانە:
-پرۆژەی گەشەپێدانی باشوری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵا (Gap): لەم تەوەرەیەدا (لا211) باسی لە بەنداوەکانی پرۆژەی (Gap) کردووە کە سەرەڕای ئەوەی ئاوێکی زۆر بۆ تورکیا دابین دەکات تا گوشار بخاتەسەر سوریا و عیراق، لەوڕێگەیەوە دەتوانێ ناوچەیەکی زۆری کوردستان چۆڵا بکات و بیکاتە ناوچەیەکی سەربازی بۆخۆی.
-باهۆزێک لە ئاوی (گاپ)دا: لە لا (236) باس لە کێشەو گرفتەکانی ئەم پرۆژەیە دەکات.
-ئابوریی تورکیا لەماوەی حەفتا ساڵدا: لە لا (253) هەڵبەزو دابەزی ئابوریی تورکیا لەساتی دامەزراندنییەوە لە دەیەی بیستی سەدەی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی ئاماریانە خراونەتەڕوو.
-یەکێتی گومرگی لەگەڵ (یەکێتی ئەوروپادا): لە لا (260)ەوە بەتێروتەسەلی باسی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆبەستنەوە بە یەکێتی گومرکی یەکێتی ئەوروپا کردووە، چونکە ئەمە هەنگاوێکی گەورەی تورکیا بوو لەپێناو بەدەستهێنانی مافی بەئەندامبووندا.
بەشی پێنجەم (جولەکەی تورک یا تورکی جولەکە لا 271-308) لە چوار تەوەرەدا باس لە ڕێژەی جولەکە، بزاڤی ماسۆنییەت، مەسەلەی شالوم و کەمایەتییەکان لە سیاسەتی تورکیادا دەکات.
گرنگترین خاڵا بەلای خوێنەری کوردەوە ئەو هەقیقەتەیە کە (لە لا308)ی کتێبەکەدا هاتووە، لەم ئامارەدا باس لە سەرجەم ئەو پارلەمانتارانەی کەمایەتییەکانی ناو پارلەمانی تورکیادا کراوە کە پێکهاتوون لە کەمینە نەتەوەکانی (ئەرمەنی، جولەکە، یۆنانی) بەبێ ئەوەی پارلەمانتاری کوردی تیادابێت!!.
بەشی شەشەم (لە ئەدریاتیکەوە بۆ شورای چین لا 311-357) لە (3) تەوەرەدا باس لە ململانێکانی تورکیا لە ئاسیای ناوەند، سەرهەڵدانی تۆرانییەتی نوێ و ململانێی ئەلفوبێکان و شفرەی تورکی یان بەواتایەکیتر ململانێی پارتە شۆڤێنییەکانی تورکیا لەسەر کورسی دەسەڵات دەکات.
بەشی حەوتەم (خۆرهەڵاتی ناوەندی نوێ: فایلە کراوەکان لا 359-440) لە (8) هەشت تەوەرەدا باسی لە ڕۆڵ و کێشەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی عیراق، سوریا، ئیسرائیل و وڵاتانیتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. گرنگترین تەوەرەش، تەوەرەی دووەمی ئەم بەشەیە کە ناوی (ئۆزال و مەسەلەی موسڵا- کەرکووک)ە کە لە (لا378)دا باس لە وردەکارییەکانی سیاسەتی (تۆرگۆت ئۆزال)ی سەرۆکی کۆچ کردوو دەکات کە دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عیراقەوە، نەخشەی پەلاماردان و داگیرکردنی شارە کوردییەکانی موسڵ و کەرکووک دەکات تا بیانخاتە سەر نەخشەی تورکیا!!.
بەشی هەشتەم (سێگۆشەی شەیتانی لا 441-467) دابەش کراوەتە سەر سێ تەوەرەو باس لە کێشەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا، یۆنان و کێشەی قەرەباغ دەکات.
دواجار لەو ڕوانگەیەوەی کە ئەم کتێبە باس لە هەستیارترین قۆناغی تورکیا دەکات و لەلایەن وەرگێڕێکی چوست و خاوەن ئەزموونی وەک (ئازاد بەرزنجی)یەوە بە زمانێکی پاراو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کردنەوەی دەروازەیەکی گەورەی کتێبخانەی کوردییە بەڕووی ناسینی گۆڕان و ڕووداوەکانی دەوڵەتی تورکیا.