ناو: کەریم
نازناو: کەریم عوسمان
ناوی باوک: عوسمان
ساڵی لەدایکبوون: 1959
ڕۆژی شەهیدبوون: #31-08-1996#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی شەهیدبوون: #هەوڵیر#
$ژیاننامە$
کەریم عوسمان هونەرمەندی شانۆ و کادیری ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەدایکبووی ساڵی 1959ی شاری سلێمانییە و ساڵی 1971 خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی 1978، لە بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگیرا، لەوێ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن لە بەغدا لە ساڵی 1982 گەڕاوتەوە بۆ سلێمانی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەوانە دڵشاد مەریوانی و عوسمان شەیدا و عەبدولڕەحمان قادر غەفور ناسراو بە شێخ عەبدول لە یەکێ لە کەرتەکانی ڕێکخستن ڕێکخراوە.
ژیانی هونەریی کەریم عوسمان بە ژیانێکی دەوڵەمەند دەژمێردرێت، لە ژمارەیەکی زۆری شانۆگەرییەکاندا بەشداریی کردووە، لە هەندێکیاندا وەک کاراکتەری سەرەکی و لە هەندێکی دیکەدا دەرهێنەر بووە، ساڵی 1979 بەشدار بووە لە شانۆگەریی (ئەو پیاوەی بوو بە سەگ) کە لە بەغدا لە بارەگای کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی نمایش کرا، لە ماوەی ساڵانی 1983-1986دا لە چەند شانۆگەرییەکدا بەشدار بووە وەک (دوو ڕەگ) و (مانگی ئاوابوو). هەروەها بەشداریی لە چەند شانۆگەرییەگی وەرگێڕراودا کردووە وەک (کەللە سەر)ی شاعیری گەورەی تورک نازم حیکمەت کە دڵشاد مەریوانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و جەلیل زەنگەنە لە ساڵی 1987 دەریهێناوە.
هەر ئەو ساڵە بەشداربووە لە زنجیرە درامای (خاتوو کڵاوزەر) و ڕۆڵی میری ئامێدی تێدا گێڕاوە. چەند شانۆگەرییەکیشی دەرهێناوە لەوانە شانۆگەری (کەمانچەی ڕۆچێلد) لە ساڵی 1987 کە بە یەکێ لە شانۆگەرییە هەرە سەرکەوتووەکانی مێژووی شانۆی کوردی دادەنرێت. لە ساڵی 1989دا شانۆگەرییەکی شکسپیری بۆ کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین دەرهێنا و دوای نمایشکردنی بە زمانی ئینگلیزی لە فیستیڤاڵی زانکۆکانی ئێراق لە موسڵ، پلەی یەکەمی فیستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا.
پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە کەناڵی هەولێری تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان وەک بێژەر کاری کردووە و وەک کادیرێکی کارا هەموو توانای خۆی بۆ پەرەپێدانی ڕاگەیاندنی بینراو خسووەتەگەڕ، لەو ماوەیەدا کاریگەریی، وەک کادیرێکی ڕاگەیاندن لەسەر ڕای گشتی گەیشتۆتە ڕادەیەکی هەستپێکراو، هەوڵی تیرۆرکردنی لە هەولێر و بریندارکردنی، زۆر بەڕوونی نیشانی دەدا کە نەیارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چیتر ئامادەنەبوون بیەڵن بەردەوام بێت لەسەر کارکردنە سەر ڕای شەقام.
لە #31-08-1996# لەساتی داگیرکردنی هەولێر لەلایەن سوپای بەعسی فاشی بە هاوکاری هێزەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، کەریم عوسمان لەبارەگای ئێزگە دەستگیر کرا و دواتر شەهید دەکرێت.
[1]