1- دیالێکتی کرمانجی باکور :-
ئەم دیالێکتە لە هەموو دیالێکتە کوردیەکانی تر فراوانترو زۆرترە، چونکە کوردەکانی باکور(کوردەکانی تورکیا) کە خۆی لە پارێزگاو ناوچەکانی (بایەزید، وان، جۆلەمێرگ، سیعرت، مووش، ماردین، دیاربەکر، خەرپوت، ئەدیابان و غازیان تەپە و بەشەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگای مەرعەش و سیواس و بەشەکانی باشووری پارێزگای ئەرەزروم و قارس، هەموویان بەم دیالێکتە دەدوێن و قسەئەکەن، هەروەها کوردەکانی باشووری خۆرئاوای ئەرمەنستانی شوورەوی و باکوری سوریا و دانیشتوانی پارێزگای دهۆک و زێبارو ئامێدی و سنجار و ئاکرێ ی، هەروەها شاری خۆی و قوتور یش دەگرێتەوە هەروەها چەند لقە دیالێکتێکی لێ دەبێتەوە بەم شێوەی خوارەوە
ا- بایەزیدی : لە باکورو باکوری خۆرهەڵاتی زەریاچەی وان
ب- هەکاری : لە باشوورو باشووری خۆرئاوای زەریاچەی وان
پ- بۆتانی: لە دەوروبەری دۆڵی بۆتان و شاری سیعرەت و ئەرتوش و جەزیرە و دیاربەکر
ت- شەمدینانی : گۆشەی باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا و خۆرهەڵاتی زێی ژوورو و ناوچەکانی نزیک بەم زێ یەش لە ئێرانیشدا داپۆشیوە
ج- بادینانی : لە پارێزگای دهۆک و قەزاکانی ئامێدی و ئاکرێ وشێخان و شەنگاردا.
چ- دیالێکتی خۆرئاوا : خەرپوت و ئورفە و عفرین و مەرعەشی گرتۆتەوە
2-دیالێکتی کرمانجی ناوەڕاست :-
ئەم دیالێکتە هەموو باشووری ئەو هێڵە خەیاڵیەی پێشوو دەگرێتەوە، کە ئەمیان لە دیالێکتی کرمانجی باکور جیادەکاتەوە بەرەو باشووریش تا چەمی سیروان و شاری خانەقین کشاوە لە خۆرئاواشەوە تا زورگەکانی حەمرین بەرەو خۆرهەڵات دەگرێتەوە ئەم دیالێکتە پێنج دیالێکتی ناوچەیی تری لێ بوەتەوە کە ئەمانەن
ا-موکری :- مەڵبەندەکانی شنۆ، نەغەدە، مەراغە، میاندواو، شاهێن دژ، سەقز، بۆکان، بانە، سەردەشت
ب-سۆرانی:- قەزای زێباری لێ دەرچێ هەموو پارێزگای هەولێری گرتۆتەوە، ناوجەرگەکەشی شاری هەولێرە
پ-ئەردەڵانی :- مەڵبەندەکانی سنە، بیجاڕ، کەنگەوەر، ڕەوانسەر و باکوری ناوچەکانی جوانڕۆ
ت-سلێمانی(یا بابانی) :-شاری سلێمانی ناوجەرگەکەیەتی هەموو پارێزگاکەو هەندێ ناوچەی خانەقینیش گرتۆتەوە
ج-گەرمیانی : زۆر جیاوازی لەگەڵ سلێمانی نیە هەموو ناوچەکانی کەلار و کفری و قەرەتەپەو دوز و کەرکووک قسەی پێ ئەکەن
3- دیالێکتی کرمانجی باشوور :
ئەمەش هەر لە ناوچەکانی قەسری شیرین و کرماشان و مەلایەرەوە بیگرە بەرەو باشوور کشاوە تا دەگاتە کەناراوەکانی باکوری خۆرهەڵاتی کەنداوی عەرەب و ئەم دیالێتە هەموو تیرەکانی کوردی لوڕ پێی ئەدوێن بە هەموو ئەو ناوچەیەش ئەڵێن لوڕستان، یان ئەم دیالێکتە ناسراوە بە دیالێکتی لوڕ
دەکرێن بە دوو بەشەوە لوڕی گەورەو لۆڕی بچوک، لوڕی گەورە لە تیرەکانی بەختیاری و مامەسانی و کوهگلو پێکدێن
لوڕی بچوک یش لە تیرەکانی دڵفان، سەلسەلە، باڵاگرێوەو، ئاماڵەن کە لە (پێش کۆه) دەژین و فەیلیەکانیش لە (پشتی کۆ) دەژین پێکدێن
4- دیالێکتی گۆران :
هەر لە باکوری ڕێگای نێوان قەسری شیرین – کرماشانەوە دەست پێ دەکات بەرەو باکور کشاوە تا دەگاتە شاخەکانی هەورامان لە خۆرئاواشەوە هەر لە سەرچاوەکانی سیروانەوە بەرەو خۆرهەڵات دایپۆشیوە تا دەگاتە کرماشان، ئەم دیالێکتە چوار لقی لێدەبێتەوە
ا- گۆرانی ڕەسەن: گۆرانی ڕەسەن لە ناوچەی کرند و زەهاو جوانڕۆیی پێی دەدوێن، هەروەها هەندێ کاکەیی ناوچەی داقوق و تیرەی زەنگنەی کفری و قادرکەرەم و سیامەنصوو سەر بە ناوچەی لەیلان.
ب-هەورامی:دانیشتوانی شاخەکانی هەورامان و پاوە پڵنگان و دەوروبەری هەموویان بەم دیالێکتە دەدوێن هەورامان یش دوو بەشن یەکەمیان: بەشی تەخت کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتەوە واتە دیوی ئێران، بەشی دووەمیان : هەورامانی لهۆنیان لە خۆرئاوای زنجیرە شاخەکانی هەورامان لە بەشی کوردستانی باشوور
پ- باجەڵانی : ناوچەکانی باکوری خۆرئاوای موسڵ کە لە سەر دینی (شەبەک) ن، هەروەها هەندێکیان لە خەڵکی ناوچەی کەلار و زەهاو و خانەقین و ناحیەی مەیدان و قۆرەتوو و هۆرێن و شێخان بەم شێوە زمانە دەدوێن.
ت- زازا : لە ناوچەکانی نێوان ئەرەزڕووم و مووش و خەربوت ئەرزنجانەوە لە ناوچەی نێوان فورادسۆ و مورادسۆ بەتایبەتی ناوچەی دەرسیم دەگرێتەوە.