لە گەرەکی سەرشەقامی شاری #سلێمانی#، کوردستان لە دایک بووە.
ئێستا لە شاری مێلبۆرن لە ئوسترالیا دەژی و کاری هونەری دەکات.
$ بڕوانامەکان و پلەوپایە پیشەییەکانی$
• ماستەری لە هونەرە جوانەکان، زانکۆی RMIT لە مێلبۆرن- ئوسترالیا وەرگرتووە.
• باکالۆریوسی لە ئەکادیمییەی هونەرە جوانەکان ، زانکۆی بەغدا وەرگرتووە.
• سەرەتا بە مامۆستای هونەر لە شاری #هەڵەبجە# دامەزراوە.
• 1980 بووەتە مامۆستای پەپمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە یەکەم ساڵی دامەزرێنەرانی پەیمانگە،
• 1985 بە سەرۆکی بەشی شێوەکاری هەڵبژێردراوە.
• 1987بەهۆی هەڵاتنی لە سەربازی دەرکراوە.
• 1991 دامەزراوەتەوە بە مامۆستا لە پەیمانگەی مامۆستایانی کوڕان.
• 1993 بەشی پەروەردەی هونەر بە بەرنامە و پرۆگرامێکی نوێ بۆ یەکەم جار لە کوردستاندا دامەزراندووە وسەرۆکایەتی بەشەکەشی کردووە تا داخستنی.
• 1996 بووەتە سەرۆکی بەشی پەروەردەی هونەریی لە پەیمانگەی مەرکەزی مامۆستایان و وانەبێژ لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی.
• 1998 کراوەتە مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی خوێندن لە کۆلێژی ناوبراو.
• 2000 ڕووی لە هەندەران کردووە.
• 2007 دووبارە گەراوەتەوە و بۆتەوە مامۆستای کۆلێژی هونەر.
• جگە لە پیشەی مامۆستای هونەر و کارکردنی هونەری. گەلێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و ڕەخنەی هونەری شێوەکاری لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا نووسیووە و بڵاوکردۆتەوە.
• هاوبەشی لە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی ڤیستیفاڵی ساڵانەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان و پەیمانگەی مامۆستایان و پەیمانگەی مەرکەزی مامۆستایان و کۆلێژی هونەر ی زانکۆی سلێمانی کردووە.
$ گرووپ و کۆمەڵە هونەرییەکان$
• ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە.
• 1991 ئەندامێکی چالاکی دامەزراندنی گرووپێکی شێوەکاری بووە بەناوی ( گرووپی هەشت) و لە هەمووشارەکانی کوردستان چالاکیان پێشکەش کردووە.
• ئەندامی کۆمەڵی هونەرمەندانی ویلایەتی ڤیکتۆریا لە ئوسترالیا.
$پاداشتەکان$
• 1973 پاداشتی چالاکی قوتابخانە ناوەندییەکانی سلێمانی.
• 1975 پاداشتی #وەزارەتی پەروەردە# لە پێشانگەی قوتابییانی هەڵبژاردەی ئامادەییەکانی پارێزگاکانی ئێراق لە بەغدا.
• 1975 پاداشتی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی.
• 1993 پاداشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی.
• 1996 پاداشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان.
• 1997 پاداشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی.
• 2017 پاداشتی خوێندنی باڵای هونەرە جوانەکان لە زانکۆی RMIT مێڵبۆرن، کە بۆ ماوەی 3 مانگ مانەوە وناردویانەتە زانکۆی سانگمۆنگ لە سیوڵ پایتەختی کۆریای باشوور بۆ کارکردنی لە پڕۆژەی هونەری خۆیدا ولە گەلەریەکی تایبەتدا پێشانگەی تایبەتییان بۆ کراوەتەوە.
$ پیشانگە تایبەتییەکان$
• 1978 باخچەی یەکێتی نووسەرانی کورد، لقی سلێمانی لەگەڵ هونەرمەند سەروەت سەوز.
• 1980 پێشانگەیەکی تایبەتی بۆ ئیشە ئەکادیمییەکانی ساڵانی خوێندن لە گەلەری ئەکادیمییە هونەرە جوانەکانی بەغدا.
• 1980هۆڵی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کورد لە بەغدا.
• 1981 هۆڵی قوتابخانەی سوورکێو لە سلێمانی لەگەڵ هونەرمەند عەبدوڵڵا ڕەسوڵ.
• 1986 گەلەری سلێمانی، کە بریتی بووە لە چەند پڕۆژەیەکی قۆناغە جیاوازەکانی ماوەی ئیشکردنی.
• 1991 باخچەی گشتی شاری هەڵەبجە.
• 1991 هۆڵی ڕاپەڕین شارۆچکەی دوکان.
• 1995 هۆڵی سوورکێو- سلێمانی.بە ناونیشانی ( بێ هیوابوون) .
• 1997 گەلەری سلێمانی بە ناونیشانی ( هەڵوێست و خۆشەویستی) .
• 1998گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی بە ناونیشانی ( چیا ودرەختی ڕەش) .
• 2001 گەلەری بنکەی ڕۆشنبیری، شاری چوڕوم- تورکیا بە ناونیشانی (نامۆیی) .
• 2002 هۆڵی پەڕتووکخانەی گشتی شاری چوڕوم- تورکیا.
• 2008 گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی. بە ناونیشانی ( گەڕانەوە لە تاراوگەوە) .
• 2009 گەلەری تەوار سلێمانی، ناونیشانی ( تەنیایی) .
• 2010 هۆڵی کۆمیونیتی کورد لە شاری سیدنی- ئوسترالیا.
• 2018 گەلەری (Zero) لە زانکۆی سانگمیونگ- سیۆل، کۆریای باشوور. بە ناونیشانی (ڕووبەڕوونەوەیکات) .
• 2019 گەلەری (Blackcat) مێلبۆرن- ئوسترالیا بە ناونیشانی (چیاکان تەنیا هاوڕێن) .
• 2020 گەلەری ( Off the Kerb) مێلبۆرن- ئوسترالیا. بە ناونیشانی ( چیاکانی من) .
$پێشانگە هاوبەشییەکان$
• 1973- 1976 پێشانگەی ساڵانەی قوتابییانی ناوەندی و ئامادەییەکان- سلێمانی.
• 1975 پێشانگەی قوتابییانی هەڵبژاردەی ئامادەییەکانی پارێزگاکانی ئێراق لە بەغدا.
• 1978 ڤیستیڤاڵی ئەکادیمیەی هونەرە جوانەکانی بەغدا لە یانەی ئەزمر- سلێمانی.
• 1978 ڤیستیڤاڵی ساڵانەی ئەکادیمیەی هونەرە جوانەکان - بەغدا.
• 1979 پێشانگەی پێنجەمی هونەرمەندانی سلێمانی، هۆڵی سوورکێو- سلێمانی
• 1980 ساڵانەی دەرچووانی ئەکادیمیەی هونەردجوانەکان- بەغدا.
• 1983 هونەرمەندانی کورد، گەلەری- ڕۆما- ئیتالیا. ڕێکخستنی هونەرمەند دارا حمە سەعید.
• 1983 پێشانگەی هێڵکاری لە کۆمەڵی شێوەکارانی ئێراق لە بەغدا.
• 1987 ڤیستیڤاڵی هونەری شێوەکاری کورد، هۆڵی میدیا - #هەولێر#.
• 1986 هونەرمەندانی کورد، گەلەری سلێمانی.
• 1993 ڤیستیڤاڵی شێوەکاری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی لە هۆڵی سوورکێو، سلێمانی.
• 1992یەکەمین پێشانگەی هونەرمەندانی گرووپی هەشت، مۆزەخانەی سلێمانی.
• 1993 دووەمین پێشانگەی گرووپی هەشت لە هۆڵی میدیا- هەولێر. وە لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان لە شاری #دهۆک#. بە سپۆنسەری وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان.
• 1994سێیەمین پێشانگەی گرووپی هەشت، مۆزوخانەی سلێمانی.
• 1994 یەکەم ڤیستیڤاڵی هونەری شێوەکاری و دراما لە هۆڵی میدیا کە وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان ڕێکخستنی لە ئەستۆ گرتبوو.
• 1994 ڤیستیڤاڵی کلتوری میزۆپۆتامیا لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک.
• 1995 چوارەمین پێشانگەی گرووپی هەشت بە میوانداری گرووپی هاوڕێیانی شێوەکار، گەلەری سلێمانی.
• 1995 پێشانگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سلێمانی .
• 1996 هونەری کورد لە سپەیس گەلەری لەندەن. ڕێکخستنی هونەرمەند ڕێبوار سەعید.
• 1996 هۆڵی پەڕتووکخانەی گشتی هاميلتون، هاميلتون ، أونتاريو ، کەندا. ڕێکخستنگ هونەرمەند دارا ئارام.
• 1997. 1994 هونەرمەندانی کورد دەربارەی جینووسایدی شاری هەڵەبجە.
• 1997 پێشانگەی هونەرمەندان بەناوی ( ئەنفال) . کە یەکێتی هونەرمەندای کوردستان لە سلێمانی، ڕێکیخستبوو.
• 1995.1996.2007.2009ساڵانەی گەلەری زامۆا، سلێمانی.
• 2009 ڤیستڤاڵی نەورۆز گەلەری ئەمنە سوورەکە، سلێمانی - کوردستان.
• 2010 هونەرمەندانی کورد، گەلەری مێرگ- هەولێر- کوردستان.
• 2012 (مەتریال و بۆشایی) ، Ne Ne Contemporary Art Space / Baan Monfai ، شيانغ ماي- تايلاند.
• 2012 پێشانگەی پۆرترێت بە ناونیشانی ( me,myself, and I) هۆڵی ئینستوتی دبلۆمای شێوەکاری- سیدنی- ئوسترالیا.
• 2014 پێشانگەی هونەری گرافک لە مۆزەخانەی سلێمانی.
• 2016 پێشانگەی قوتابییانی ماستەر لە گەلەری بینای 49ی خوێندنی باڵا زانکۆی RMIT
• 2017 پێشانگەی قوتابییانی ماستەر لە لە گەلەری خوێندنی باڵا زانکۆیRMIT- مێلبۆرن.
• (SMUK) 2018 بینالیەی نێودەوڵەتی لە شاری مۆکپ-- کۆریای باشوور
• 2020 سیانزەهەمین یادەوەری دامەزراندنی گەلەری (Off the Kerb Gallery ) لە گەلەری ناوبراو. مێڵبۆرن - ئوسترالیا.
• SMUK) 2021 ) بینالییەی نێودەوڵەتی لە مۆکپۆ- کۆریای باشوور.
Home | Facebook page
Bakhtyar Kaftan. @B.Kaftan12.
Instagram:
@ bakhtyar_kaftan
@bakhtyar kaftan
FB: bakhtyarkaftan@yahoo.com.
$دەربارەی ئەزموونی خۆم$
1. نیگارکێشان ڕووبەڕووبوونەوەی کاتەکانی ژیانم بووە هەر لە سەرەتای هۆگریم بەو بوارەوە تا ئێستا. واتەزۆربەی کاتی خۆم بە نیگارکێشان بەسەر دەبەم. هەرگیز بۆ کاتێکی دوورودرێژ دەستبەرداری کارکردن نەبووم، ئیتر هونەری نیگارکێشان بۆ من بووەتە عەشق، عەشقێک تا مردن.
2. سەرەتای دەستپێکردنی نیگارکێشانم ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابووردوو بوو، ئەوکات قوتابی ناوەندی بووم و لە پێشانگەکانی ساڵانەی ناوەندی و ئامادەیی بەشدار دەبووم، چەند جارێکیش خەڵات کراوم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی و وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئەو کات. دوای تەواوکردنی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە ئاکادیمیەی هونەرە جوانەکانی بەغدا لە بەشی نیگارکێشان وەرگێرام. ئەو ساڵانەی ئەکادیمیە زیاتر مەشق و تاقیکردنەوەی زانستەکانی چۆنییەتی نیگارکێشان بوو بە کەرەستە جیاوازەکانی نیگارکێشان. وانەکانمان بریتی بوون لە: هێڵکاری، ڕەنگی ئاوی، ڕەنگی ڕۆنی وە وانەکانی گرافیک، دیواربەندی و دارشتن، هەروەها وانە تیۆریەکانی هونەر وەک: مێژووی هونەر، توێکاری جەستەی مرۆڤ، فەلسەفەی هونەر، وتەکنۆلۆجیای کەرستەکانی نیگارکێشان. هتد. لەپاڵ ئەوانەش ڕۆژانە لە چایخانە، قاوەخانە، شوێنە گشتییەکان، ناوسرووشت، و ناوبازاڕ بەردەوام مەشقی نیگارکێشانم دەکرد، تا کۆتای ماوەی خوێندنم. لەپاڵ مەشق وتاقیکردنەوەکانی شێوازە ئەکایمییەکان من بۆ خۆم بە دوای ڕوانگە و بینینێکی تر و خوێندنەوەیەکی تردا وێڵدەبووم تا بتوانم دەنگی خۆم بم لە دەربڕینی هەستەکانی ناو ناخم لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە، جیاواز لە شێوازە تردیشناڵەی ئەکادیمیە، کە زیاتر سکێڵ و تکنیکی ئەکادیمی ڕۆڵی هەبوو ئەو کاتانەی خوێندنم.
3. بە پلەیەکی بەرز ساڵی 1980 ئاکادیمیەم تەواوکرد، لەو ماوەی چوار ساڵەدا، لە سلێمانی پێشانگەی تایبەتی خۆم بۆ یەکەم جار ساڵی 1978 بە هاوبەشی هونەرمەند سەروەت سەوز لە باخچەی یەکێتی نووسەرانی سلێمانی کردەوە. هەروەها دوو پێشانگەی تایبەتی خۆمم لە بەغدا کردەوە، یەکێکیان لە هۆڵی ئەکادیمیە بۆ ئیشەکانی ماوەی خوێندن ئەوی تر لە هۆڵی بنکەی کۆمەڵی ڕۆشنبیری کورد لە بەغدا. هەروەها لە گەلێک پێشانگەی ساڵانەی ئەکادیمیە و ڤیستیڤاڵە هونەرییەکان لە بەغدا و سلێمانی بەشدار بووم. دوای تەواوکردنی زانکۆ، لە هەڵەبجە بوومە مامۆستای هونەر پاشان لە بڕیاری کردنەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنیدا بوومە مامۆستا. ساڵی 1985 بە هەڵبژاردن لە ناو مامۆستایاندا بوومە سەرۆکی بەشی شێوەکاری پەیمانگە. لەوماوەیە چەند پێشانگەیەکی تایبەتیم لە سلێمانی کردەوە، کە یەکێ لەوانە بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند عەبدوڵڵا ڕەسوڵ بوو. و لە گەلێک پێشانگەی بەکۆمەڵی هونەرمەندانی کورد لە سلێمانی و هەولێر بەشدار بووم هەروها لەپێشانگەیەکی بەکۆمەڵ لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەشدار بووم، کە هونەرمەند دارا حمە سەعید ئەرکی ڕێکخستنی ئەو پێشانگایەی لە ئەستۆگرتبوو و کەتەلۆکێکی نایابیشی بۆ چاپکردبوو. ساڵی 1987 ئیتر بەهۆی هەڵهاتنم لەسەربازی لە مامۆستایی دەرکرام. دواتر بەهۆی لێبووردنی گشتی ساڵی 1989 بە بڕیاری 737 لەو کێشەیە ڕزگاربووم بەڵام دایاننەمەزراندینەوە. بەداخەوە دوای چەند مانگێک دووبارە بەهۆی جەنگی کەنداوەوە بانگێشتی سەربازی کرامەوە دووبارە بە بڕیارم دا نەچم بە فیراری مامەوە تا ساڵی 1991 بوومەوە مامۆستا لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان و بەشی پەروەردەی هونەریمان دامەزراند و بوومە سەرۆکی ئەو بەشە. بەرنامە وپرۆگرامی بەشەکەمان دارشت، کە سەرەتایەکی زۆر نوێ بوو بۆ ئامادەکردنی مامۆستای پەروەردەی هونەرییە سەرەتاییەکان، ئەو پرۆگرامە نوێ بوو بۆ ئەوکاتی کوردستان بەڵام بەداخەوە کەسانێکی دڵسۆز لە بەرپرسانی پەروەردە نەبوون بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکەن بەڵکوو ڕێگریان لەو هەنگاوە گرنگە کرد و نەزانانە داخرا. پاشان کرامە مامۆستا لە پەیمانگەی مەرکەزی مامۆستایان و پاشان پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی. دواهەمین وێستگەی کارکردنم وەک مامۆستا، کۆلێجی هونەر بوو لە زانکۆی سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنی تا کۆچکردنم بۆ هەندەران.
4. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەرتاسەری ئێراق و کوردستان لە سەرەتای نەوەدەکان خەونی گەورە گەورەم بەپڕۆژەی هونەری و چالاکییەکانەوە دەدی. هەر زوو بیرم لە دامەزراندنی گرووپێکی هونەری شێوەکاری کردەوە. ئەوەبوو لەگەڵ چەند هاوڕێەک (گرووپی هەشت) مان دامەزراند و ستۆدیۆکەی خۆشم کردە بنکەیەکی بچوکی گرووپەکەمان توانیمان چالاکییەکی پڕ تەوژمی بەگوڕ درووست بکەین و پێشانگەمان لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک کردەوە بەڵام کۆتا بۆم دەرکەوت ئەم گەرموگوڕیەی ئێمە بەردەوام نابێ و هونەر تێوە دەگلێ بە کێشمەکێشمی حیزبایەتی و وردەوردە کەسانێک گەورەدەکرێن و جێگە گرنگ و مەیدانی هونەر دەگرن بە پێی لایەنگریەکانیان. من ئەو کاتانەم بەئازادی و هەلیکی مێژووی دەزانی لە سەرەتاوە پاشان هەستمکرد بە هەڵەدا چووم کێشەی کارکردن و پڕۆژەکانم زۆر زیادی کرد. جگە لەوەشی زۆر لە ئیشەکانم بزر بوون لە شەڕ و پێکدانەکانی شەری ناوخۆ و هێرش و داگیرکردنەکانی سەرەتاکانی نەوەدویەک. شوێنێکم نەبوو تا بەرهەمەکانمی تیا بپارێزم، ناچار زۆر لە ئیشەکان و ئەرشیفێکی زۆری خۆمم سووتاند. تا لەوە زیاتر ماڵی کەسوکارەکانم سەخڵەت نەکەم. با لەناخۆشییەکان، ڕێگریەکان و بێ هیوایییەکان بگەڕێین بۆ کاتی خۆی. ئیتر لەوە بەدوا پاشە کشەم کرد لە مەیدانەکە وبەرەو هەندەران کۆچم کرد.
5. لە ناو کوردستان بەگشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی لە زۆربەی پێشانگە بە کۆمەڵەکان بەشدار بووم، وەک پێشانگاکانی هونەرمەندانی سلێمانی، هونەرمەندانی کوردستان لە هەولێر، پێشانگەکانی کۆمەڵی هەشت لە هەمووشارەکانی کوردستان، هەروەها ساڵانەی گەلەری زامۆا. هاوبەشی پێشانگی هونەرمەندانی کورد لە وڵاتانی دەرەوەی کوردستان. لەو ماوەیەش گەلێک نووسینی هونەری و ڕەخنەی هونەریم لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکردەوە. لە پەیمانگەکان و کۆلێجی هونەر گەڵێک گەنجی کوردم بەو پەڕی دڵسۆزی پێگەیاند و ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی هونەرمەندە باشەکانن. لە ساڵی 1991 تا 2010 چەندین پێشانگەی تایبەتی خۆم کردۆتەوە لەباخچەی گشتی هەڵەبجە، شارۆچکەی دوکان، گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی، هۆڵی سوورکێو ، گەلەری سلێمانی و هۆڵی تەوار.
6. جگە لەوەی نیگارکێشان بۆ من ژیان و ئارەزووەکانم و دەربڕینی هەست و سۆز و ویستی ناخی خودی خۆم بووە، لە هەمان کات هەڵوێستە و دەربڕینەکانمە لەبەرانبەر تراجیدیاکانی نەتەوەیەک، کە خاکی پارچەپارچە وداگیرکراوە، مێژووی ون و بەدەست بێگانەوە چەواشە کراوە، کولتووری ڕەسەنی شێوێنراوە، ئازادی زەوتکراوە و بێدەوڵەت و خاک لەنێو چوار دەوڵەتی درووستکراوی زلهێزەکاندا ڕۆژانە تاڵان و کۆمەڵ کوژ دەکرێین. نیگارکێشان تاکە ڕێگەیەکی دەربڕینەکانمە لە ترەوما، لەدەستدان، ڕووداوەکان، هیوا و خواستەکانم بۆ میللەتەکەم پاشان مرۆڤایەتی.
7. لە گەیشتنمە دەرەوەی کوردستان، بەردەوام کاری هونەری خۆم درێژە پێداوە لەو وڵاتانەی ماومەتەوە و پێشانگەی تایبەتیم کردۆتەوە و لە زۆر وڵاتانی جیهان لە پێشانگە بەکۆمەڵەکان و پینالی جیهانی بەشدار بووم. خوێندنی باڵام لە زانکۆی RMIT لە شاری مێلبۆرن تەواوکرد لە ئوسترالیا و پاداشی زانکۆم پێ بەخشرا ناردمیانە سیئۆل لە کۆریای باشوور بۆ ماوەی سێ مانگ، کە ستۆدیۆیان بۆ ئامادەکردبووم پڕۆژەکانم ئەنجام بدەم. پاشان لە زانکۆی سانگمیونگ پێشانگەیەکی تایبەتیان بۆ بەرهەمەکانم کردەوە و چەند سیمینارێکم بۆ قوتابییانی زانکۆ و هونەرمەندان لەسەر مێژووی ئەزموونی هونەری خۆم و ژیانی کوردەوار پێشکەش کردن. هەروەها جارێکیتر وەک هونەرمەندێکی کورد بۆ سموک بینالێی 2018ی وڵاتی کۆریای باشوور بانگێشت کرام.
8. سرووشتی کوردستان بە گشتی و چیا سەخت و تاشە بەردەگەورەکانی کوردستان، دارودرەختە چڕ وگەورەکانی بە لق وپۆپە زۆرەکانیانەوە، پاشان ڕیزە چیای گۆیژە و ئەزمر سەرنج ڕاکێش بوون بۆم لە کەژە جیاوازەکانی ساڵدا وێنەم دەکێشان، تا ئەوەی ئەمانە بوونە چەمک و هێما بە ئەندێشەی خۆم دامدەرشتن وەک بابەتی فکری و ناوەرۆکی پڕ مانای جیاواز و ئاڵۆز بۆ دەربڕین لە شکۆی کورد و بەرەنگاربوونەوە و مانەوەی وژیانی سەختی بێ دەوڵەت و داگیرکراوی خاکی بەرینی و کۆمەڵکوژی. چیا سەرکەش و بەردەپتەوەکانی، بریتییە لە شکۆ و سەربڵندی و خۆڕاگری مرۆڤێکی یاخی، کە نایەتە سەرچۆک، هەروەها پشت و پەنا و جێگەی پاراستنی وسەرچاوەی بژێوی و پشت بەخۆبەستنییەتی. تا نیشاندانی پێچ و لولی زنجیرە چیای گۆیژە، کە بە جەستەی ڕاکشاوی ئەم مرۆڤە ماندووە بریندارە دەچێت، کە داگیرکەران بۆ مەبەستی بەرژەوەندی و تاڵانی دابەشیان کردبوو بۆ چەندین پارچە. هەروەها درختەکان وەک ئەوەی ئەم مرۆڤە خۆشەویستی خاک و ماندووبوونی لە تاوتوێکردنیدا ڕەگ و ڕیشەی بە ناخیدا شۆربۆتەوە و هۆگریەتی ئەمانە و کۆمەڵێ هێمای تر تێکەڵن بە کارە هونەریەکانم. بێگومان لە پێشخستن و گۆرانکاری فۆرم و ڕەنگ و شێوازی جیاجیا بەو سەر ئەنجامانە گەیشتوم کە لە بەرهەمەکاندا دەبینرێنەوە. لێرەدا زیاتر مەبەستم ڕوونکردنەوەی ئەزموونی کارکردنمە، کە سوودێکی زۆرم لە بابەت و شێوەخۆییەکانی کوردەوار و دەورووبەرەکەی خۆم وەرگرتووە. ئەم باسە زۆرتری دەوێ، بەڵام لێرە هێندەم پێ ڕووندەکرێتەوە.
9. ئێستا لە شاری مێلبۆرن لە وڵاتی ئۆسترالیا دەژیم لە ستۆدیۆکەمدا کاری هونەری خۆم دەکەم و بەردەوام پێشانگەی تایبەتی خۆم دەکەمەوە، لە پێشانگە بە کۆمەڵەکاندا هاوبەشی دەکەم. [1]