ئامانجەکانی کۆمەڵەی سەربەخۆی ژنانی کورد لە ئۆپسالا
ئەگەرکوو تا ماوەیەک لەمه و پێش کەمایەتی نەتەوەی کورد لە سۆئێد بە خەباتە قارەمانانەکەیان لە دژی دیکتاتۆری ناوچەکان دەناسران، ئەمرۆ بە داخەوە نێوی کورد لە سۆئێد بە قەتڵەکانی نامووسی و ئازار و ئەشکەنجە و بەرتەسککردنی مافی ژنان و کچانی کوردەوە دەلکێنرێت. لەڕاستیدا قەتڵی نامووسی کچان گەنجی کورد خۆی بەڵگەیەکە لە سەر قەیران و خۆسازگارنەدانی کورد لە سوئێد. لە ژێر ئاڵای سوننەت و ئایین و فەرهەنگی بنەماڵەکانی کورد، ژنان و کچان هەست بە فشاری جۆراوجۆر دەکەن. بەداخەوە تەنیا ئەم” فەرهەنگ” ەی کوردە که بۆته ئاوێنەی باڵانوێنی ناسنامەی فەرهەنگی کوردی دانیشتووی سوئێد.
یەکێک لە هۆکارەکانی ڕێگری بەشداری ژنان لە کۆمەڵگە و ئازادییان، گیروبەندەکانی دواکەوتوویی فشارەکانی قەومییە. بەهۆی چڕژی ڕادەی پەنابەران بەتایبەتی پەنابەرانی کورد لە سێ گەڕەکی تایبەت لە ئۆپسالا، بۆتە هۆی پەرەگرتنی ئەم خۆسازگارنەدانە. ژنان و کچانی کورد بە هۆی ئەم جۆرە پەیوەندییانە و هەلومەرجەکانی ژیان بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵ ئەندامانی بنەماڵە و قەوم و کەسوکاروئەودۆستانەیانن کە لەم گەڕەکانەدا دەژین. ئەمجۆرە کۆنترۆڵە گشتییانە، ئازادی کچانی گەنج لە هەڵبژاردنی جۆری کراس، پەیوەندییان لە تەک دۆست و مافی هەڵبژاردنی حەزی کوڕ و…هتد لێ چەوت دەکاتەوە و ژیانیان لێدەکاتە جەهەننەمیک. ئەگەر لەگەڵ ئەمجۆرە ژیانە هەڵنەکەن دەکەونت ژێر ئازار و توندوتیژی.
بەداخەوە تا ئێستا هەنگاوێکی ئەساسی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەم ڕەوتە و باشترکردنی هەلومەرجی ژنان و کچان لە شاری ئۆپسالا هەڵنەهێنراوە و چ نەهاد و ئۆرگانێک پێک نەهاتووە بۆ ئەوەی ئەرکی پێکهێنانی ئاڵوگۆری جۆری تێڕوانین و بیرکردنەوە لە سەر وەزعی ژنان و کچان بخاتە دەستووری کاری ڕۆژانەی خۆی. ئێمە پێمانوایە گۆڕانی ئەم ڕەوتە ئەرکی سەرشانی هەموو ژن و پیاوێکی ئازادیخوازه و باوەرمان بە مافی یەکسانی ژن و پیاوە. بەم هۆیەوە کۆمەڵەی سەربەخۆی ژنانی کورد لە ئۆپسالا دامەزرانی خۆی ڕادەگەیەنێت تا لەڕێی گەیاندنی زانیاری بۆ ژنان و پیاوانی کورد بتوانێت لە تێکشکانی ئەم ڕەوتە و ڕزگاریان لە گیروگرفته دواکەوتووەکان و هەروەها خۆڕاهێنانیان لە گۆمەڵگای سۆئێد و پێکهێنانی هەلومەرجێکی ئازادتر بۆ ژنان و کچانی کورد، ڕۆڵی هەبیت.
ئیمە لە سەر ئەم باوەڕەین ژنان و گەنجانی پەنابەر لە ژێر فشاری فەرهەنگی و ئاینی دان و پێویستیان بە یارمەتی ئێمە هەیە بۆ ڕزگارییان لەم جۆرە فشارانە.
کۆمەڵەی سەربەخۆی ژنانی کورد لە ئۆپسالا بە بێ لە بەر چاوگرتنی جینس و چین و ئایین و ئایدپلۆژی سیاسی و ڕابردوو و هۆگرایەتی قەومی و فەرهەنگی، باوەڕی بە مافە نەتەوەییەکانی مرۆڤ و یەکسانی لەم مافانەدا هەیە.
کۆمەڵەی سەربەخۆی ژنانی کورد لە ئۆپسالا لە سەر ئەم باوەڕەیە کە هیچکات ناگونجێت بە هۆی گرێدراوی قەومی یان داب و نەریتەکانی ئایینی و فەرهەنگی زاڵ بە سەر بنەماڵەدا، یان هەلومەرجی دەوروبەری بنەمالە ئازادییەکانی تاکەکەس چەواتە بکریت یان خود مافەکانی یاسایی و عورفی کەس تەسک بکرێتەوە.
ئێمە لە سەر ئەم باوەڕەین کە مافی هەر ژن و پیاوێکە ئازادانە لە سەر شێوەی ژیانی خۆی بڕیار بدات و ئازادانە هاوسەر هەلبژێرێت و ئازادانە زەماوەند بکات. ئەمە بەم مانایەیە کە ئیمە چالاکانە لە دژی ئه و داب و نەریتانە ڕادەوەستین و خەبات دەکەین کە جیاوازی دادەنێن و کەسایەتی تاکەکەس لە ڕێی بە شوودانی بە زۆر و قەراردادی، خەتەنەی ژنان و توندوتیژی و گرژی لە چۆارچێوەی بنەماڵەدا تێکدەشکێنن.
کۆمەڵەی سەربەخۆی ژنان لە ئۆپسالا لە سەر ئەم باوەڕیە وتوویژ و گواستنەوەی بیر و ڕاو گەیاندنی زانیاری ڕاست و دوور لە سانسۆر هەروەها تۆژینەوەی ئازاد لە سەر ئه و میکانیزمانەی کە دەبنە هۆی جیاوازی ژنان وگەنجان، ڕۆڵی بنەڕەتییان لە سەر خەباتی دژی ئەم نابەرابەرییانە هەیە. ئەم کۆمەڵەیە مافی ئازادی ئایین و پاراستنی داب و نەریتەکانی قەومی و فەرهەنگی بە واتەی یەکێک لە مافەکانی مرۆڤ، بە ڕەسمییەت دەناسێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕەوا نابینێت کە زانیاری و ووتووێژ لە سەر بابەتی جیاوازی جینسی لە ژێر ئاڵای ڕیزدانان بە ئایین و فەرهەنگ و پاراستنیان، تەسک بکرێتەوە.
ئەم کۆمەڵەیە ئاگاداری بوونی ئه و میکانیزمە جیاوازیخوازنەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیە کە کەمایەتییە کانی قەومی و دینی لە کۆمەڵگە جیا دەکاتەوە و دوورە پەراوێزی کۆمەڵگەیان دەکات. ئەم کۆمەڵەیە هاوکات کە دژی جیاوازی، فشار و نەژادپەرەستی بە تەواوی هێزەوە ڕادەوەستیت، چ کات ڕێ نادات که بەڵگەکانی جیاوازی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ببنە کەرەستەیەک بۆبە ڕەوا دانان یان خود داپؤشاندنی جیاوازیی جینسی.