پیڤاز، پیواز، گیایەکە لە تیرەی "سوێسنی یەکان" Liliacées و لە "یەک لەتکەییە جام و کاسە ڕەنگینەکان" Monocotylédones a calice pétaloide کە بە بنچن و گەڵاکانیان لوولەیی ونێویان بۆش و نووکی گەڵاکانیان تیژە، گوڵی پیاز چەتری و چەرمووە، بنەکەشی بە قەد گوێزێک دەبێ و بە کاڵی و لە چێشتیشدا دەخورێ. تامێکی توونی هەیە و لە بنەماڵەی سیر و پیازە خووگانەیە. لە پیازدا ڤیتامینەکانی A، B و C و پتاسیۆم و زۆر مەوادی دیکە هەیە. پیاز بۆ دەرمانیش زۆر نەخۆشی ئەشێ. لە بە فوسفۆرەکەی بۆ ئەو کەسانەی باشە کە کاری فیکری ئەکەن. بەڵام گاز پێک دێنێ. (با، گازی نێو زگ)، مەوادی دژی عفونەتیشی تێدایە. بۆ دەرمانی "سکوربوت Scorbut" و دیابێت Diabéte ەش بەکاری دێنن. بۆ ئەو کەسانەش باشە کە لە نێو ماشین و فڕۆکەدا تووشی ڕشانەوە ئەبن. لە پاێزاندا پیاز بە زۆر شێوە و ئەندازە دەست دەکەوێ، هێندێکیان لە وانیتر توونترن و پیازی وا هەیە کە تامی شیرینە. پیاز بە کاڵی بە پیازداخ و بە پیشاوی و دۆڵمە و لەگەڵ چێشت دەخورێ. لە گەڵاکەشی سالاد و کەلانە دروست دەکەن. ئەگەر پیاز لەگەڵ ڕۆنی خۆماڵی تێکەڵ بکرێ و بخوریە بۆ بینایی چاو باشە، خاوەنی "تحفە حکیم" دەڵێ پیاز ڤیتامینی E، D، C و K و مەوادی گۆگردی و هەروەها ڕۆنی گۆگرد و گازگەلی "فرار" تێدایە کە دەبنە هۆی ئاوهێنان لە چاو و ئەگەر پیازی کوتراو لە گەڵ ڕەشکە تێکەڵ بکرێ و بکوترێ و 5 شەو لە سەر دمەڵدا بماڵدرێ، لە نێوی دەبا و یان ئەگەر پیاز لەگەڵ دووگی بەرخ سووبکرێتەوە و یەک کەوچکە چایی فلفلی ڕەشی تێکەڵ بکرێ و بخورێ، چەند جار "شهوت" دەباتە سەرەوە. ئەگەر پیاز و سماق پێکەوە بکوڵدرێن (هەرکامیان 100 گرەم) و هەموو ڕۆژێک یەک پەرداخی لێ بخورێتەوە، بۆ میز کردنی شەوانەی منداڵان زۆر باشە. چەندی جۆر ڕووەکە هەیە کە وەک پیاز دەچن یان وەک پیاز سەلکیان هەیە، ئەمەش چەند دانەیان: پیازۆکە، پیازە خووگانە، پیازە مارانە، پیازە مشکانە. بە فەرانسەیی پێی ئەڵێن Oignon. پیاز زیاتر لە 75 زۆری لە وڵاتی ئێمەدا دەڕوێ کە هێندێکیان وە بژاری بێستا چاویانلێ دەکرێ و زۆریشیان لە کوێستانەکان دا دەڕوێن. (تۆڵەکە و جاترە و شوێت بە ڕێزە/ کەرەوز، تەرخون، پیاز، تەڕەتیزە) "پیرەمێرد".