ژاڵ، کەرکوژ، ڕوول، کەرتۆپێن، لووڕک، سنج، بنچکێکی جوان و زەریفە لە تیرەی "ژاڵەکان" Apocynacées، کە لە تیرەکانی نزیک بە تیرەی "زەیتوونەکان" Oleacéesە، پەلەکانی باریکن و گوڵی چەرموو، سوور و سووری تۆخ و ئەرخەوانی دەگرێ و لە ئاخرو ئۆخری مانگی بەهارەوە تاکوو پایز دەپشکوون، ڕەنگی گەڵاکانی سەوزێکی تۆخە و لە گەڵای داربی دەچن، بەڵام پانتر و ئەستوورترن، درێژیان لە 10 تاکوو 25 سم دەبێ، تامی زۆر تاڵو و ئەگەر مرۆڤ و ماڵات بیخۆن پێی دەمرن، بۆ درمانی دەشێ و بۆ جوانی لە حەوش و حەساردا دەیچێنن و دایم سەوزە و گەڵاڕێزانی نییە. بە هۆی قەڵەمە کردن و خەواندنی لقەکانیەوە لە سەر زەوی زیاد دەکا. پێویستی بە خۆری زۆرە هەیە و لە شوێنی کەم بارانیشدا دەبێ ئاو بدرێ. لە کوردەواریدا لەم دارە کەڵڵەمە دروست دەکەن و دەیکەنە مل گا و مانگاکانیان بۆ ئەوەی لە چاوی پیس (چاوبەگ) دوور بن. بە فەرانسەیی Laurier-rose و Nerim، nerion و Oléanderی پێ ئەڵێن. بە ئینگلیزیش بێجگە لەو ناوەی سەرەوە Rose bay و Rose-laurelی پێ ئەڵێن.
فەرهەنگی خاڵ (ف.خ.) لە سەر ژاڵە دەڵێ: درەختێکی هەمیشە سەوزی تاڵە، گەڵای وەک گەڵای بی وایە، گوڵی زەرد یا سوور یا سپی ئەگرێ.(ئەی گوڵی ژاڵە لە گوێی چەم پاییزان/ ڕەنگت سورمەڕێژە بۆ دیدە کزان. تۆ بە پاییز ڕەنگی سوورت سورمەیە/ بۆیە شێوەت بۆ خوماران هەر مەیە. من لە پاییزدا بەهارم دێتە بەر/ بۆیە نرخی تۆ ئەنێمە تەوقی سەر) "ساڵح دیلان"