هەنجیر یەکێکە لە سەرنج ڕاکێشترین میوەکانی جیهان. پێش لەوەش مێژوو بنووسرێ، ئەم میوەیە وەکوو خواردنێکی زۆر گرنگی مرۆڤ حەسێبی بۆ کراوە، ماوەیەکێش لەبەر تامە خۆشەکەی سەرنجی زۆر پادشا و ئمپراتووری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، بەڵام لە دەورانێکیشدا خواردنی سەرەکی باڵندەکان بووە.
لە شیری هەنجیر ئەلکول، مەی و جۆرێک ڕەنگی پارچە ساز دەکرێ. لە گەڵای هەنجیر بۆ ساف و سۆڵ کردنی عاج (ئەندامی هێندێک لە ئاژەڵەکانە بۆ پارێزگاری لە خۆیان) بۆ کەرەستەی تر، کەڵکی لێ وەردەگیرێ. بێجگە لەمانەش لە توێکڵی دار هەنار جۆرێک گوریس دروست دەکرێ.
هەنجیر جۆری زۆرە، بەڵام خۆشترینیان هەنجیری ئەزمیرە کە بەناوی شاری ئەزمیرەوە لە تورکیەدا ناو نراوە، ئەم جۆرە هەنجیرە ئێستا لە کالیفۆرینای ئامریکادا بەرهەم دەهێنرێ.
کاتێک چاو لە هەنجیرێکی گەورەی گۆشتن دەکەین، لە ڕاستیدا تەنیا شتێکی کیسەیی دەبینین کە لە لای مللەکەیەوە تەنگ بووەتەوە. لە نێو ئەم کیسەدا گوڵێک زۆر هەیە کە دەبنە هۆی دروست بوونی گەردێک، ئێمەش بەمانە دەڵێین تۆو، کە لە ڕاستیدا ئەمانە تۆوی هەنجیر نین بەڵکوو خودی میوە سەرەکیەکەی هەنجیرن.
لە هەنجیری ئەزمیر Smyrua دا، کردەوەیەکی زۆر سەیر ڕوو دەدا. ئاوس (لقاح) بوون لە هەنجیری ئەزمیردا تەنیا بە هۆی گەردەی کاپری Capri یەوە ڕوو دەدا. هەرچەندە هەنجیری کاپری گەردەیەکی زۆری تێدایە، بەڵام بۆ ئازاد کردنی ئەم گەردەگەلە و گەیاندنیان بە هەنجیری ئەزمیر، تەنیا بە جۆرە مێشوولەیەکی چووکە دەکرێ کە وەک زەرگەتە (زەردەواڵە) دەچن و هەر بە بۆنەی ئەم کارەشیانەوە ناویان نراوەتە مێشوولەی یان زەرگەتەی هەنجیر.
ئەم جۆرە زەرگەتانە تاکوو هەنجیری کاپری بۆ تۆو (تخمگزاری) کردن ئامادە دەبێ تێیدا دەژین و پاشان هەنجیری کاپری بە جێ دەێڵن و گەردەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەن و کاتێک لە سەر هەنجیری ئەزمیر دەنیشنەوە گەردەکان بە سەر گوڵەکانیدا بڵاو دەکەنەوە.
لە "فەرهەنگی بمن بگو چرا"، بەرگی هەوەڵ، ل. 26 و 27.
تێبینی: لە تکستە فارسیەکەیدا نووسراوە ئەزمیر لە تورکیەیە، من نەمویست دەستکاری تکستەکەی بکەم، بەڵام لەم تێبینیەدا دەمهەوێ بڵێم کە ئەزمیر یەکێک لە شارە ناودارەکانی کوردستانی شێر دەستەڵاتی تورکیەیە، بێجگە لە ئەزمیریش لە زۆر شوێنیتری کوردستاندا هەنجیری بەناوبانگ هەیە، بۆ وێنە لە ناوچەی کرماشاندا بەناوبانگترین هەنجیر هی "ڕێژاو"ە. ح.د