سێف، سێڤ، سای، ساوی، داێکە لە تیرەی "گوڵ سوورەکان" Rosacées و سەر بە دەستەی "سێوەکان" Pommacées کە لە ئاو و هەوای فێنکدا بە باشی بەر دەگرێ، تا6 میتر بەرز دەبێ و گەڵاکانی لە نێوەڕاستەوە پان و لە دوو سەرەوە باریکن و لە نووکەکانیانەوە ددانەیان هەیە. بەرەکەشی کە سێوەکەیە، خڕە بەڵام لە هەردوو سەرەوە بە ڕووی نێودا چووەتەوە و تام و بۆنیشی زۆر خۆشە. تۆودانی سێوەکە 5 دیوی هەیە کە لە هەریەکەیاندا دوو تۆو هەیە. گوڵەکانی پەمەیی یان چەرموون و چەندین جۆری هەیە کە ئەمانە جۆرە سەرەکیەکانیانن.
1- سێوە سوورە.
2- سێوە پاییزە.
3- سێوە زستانی.
4- مەلەتیک، ئەمەیان جۆرێکی پاییزەیە.
5- شەکرەسێو، لە ناوەکەیدا دیارە زۆر بە تام و چێژە.
6- تاڵە سێو یان بەهارە.
نووسەری بەتوانای کورد بەڕێز (علی اشرف درویشیان) لە (فرهنگ کرمانشاهی)دا ئەم جۆرە سێوانەی خوارەوەی نووسیوە:
گلاو، شکرە، قرەیاس، قپاقە، میرزایی، پاییزە، ترشە، ترشە تاوسان و وس.
زۆربەی جۆرەکانی سێو، تام و بۆنیان خۆشە و هەر بۆیە ئەو تامە ترشەی کە هەیانە چەندین جۆرە ئەسید Acide (لە ڕاستیدا ئەم وشەیە فەرانسەیی و لە وشەی Acidusی یونانی یەوە وەرگیراوە کە ماناکەشی "ترشی"یە) یان تێدایە و بێجگە لەمەش ڤیتامینەکانی B و C یان تێدایە. سێو یارمەتی لەش دەدا بۆ ئەوەی باشتر خواردەمەنی هەزم بکا. ئاوی سێو بۆ دەرمانی سکچوونی منداڵان و سێوی کوڵا و گەڵ شەربەت و قەند یان کومپوتی سێو بۆ هێندێک لە نەخۆشیەکانی ڕیخۆڵە و گەدە زۆر بەکەڵکە، بۆ ئەوانەش کارەکەیان پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆرە، زۆر بەکەڵکە. شەوانە پێش خەوتن سێو بخورێ زۆر باشە.
سێو زۆر جۆری دیکەی هەیە کە زیاتر لە 20 جۆری لە وڵاتی ئێمەدا هەیە. سێویش یەکێکە لەو میوە پیرۆزانە کە لە مێژە لە وڵاتی ئێمەداجێگای خۆی لە بەیت و بالۆرەدا کردووەتەوە و زۆربە گۆنا و مەمکی کچانیان شوبهاندووە. وەک:
(سێوێ گیان سێوێ/ بای سێ بسکان دەبزێوێ) "فورکلۆر"
یان
(هەرمێ وەی وەی هەرمێ/ سینگۆڵەت باخی ورمێ)
(لە سەر سینگی دوو سێون/ ناوێرم دەستیان بەرمێ) "فورکلۆر"
سێو یەکێکە لەو مێوەگەلە کە لە مێژە ئێرانیەکان سفرەی خەوت سینی نەورۆزی پێ دەڕازێننەوە و یەکێکیشە لە حەوت "سینەکە"، ماناکەشی جوانی و خۆشەویستی و ڕووسوورییە و نیوەی بە پیاو و نیوەکەیتریشی بە ژن دەزانن. لە کوردەواریشدا ئەگەر دو شت زۆر وەک یەک بچن دەڵێن: ئەڵێی سێوێکن و کراون بە دوو لەتەوە.
سێو چەند هەزار جۆری هەیە و ئێستا لە باخچەیەک لە بریتانیادا کە جۆری سێوی لێ پەروەدە دەکرێ، ژمارەی جۆری دار سێوەکانی گەیشتوونەتە 670 جۆر.
ئەمەش چەند جۆری ناسراوی سێو:
Bramleys seedling، ئەم جۆرەیان ڕەنگی سەوزێکی کاڵە. Cox Orange، ئەمەیان لایەکی سوورێکی تۆخە و لاکەیتری سەوزێکی تۆخە. Golden Delicious، ئەم جۆرە سێوە هەر وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێ، ڕەنگێکی زەردی وەک زێڕی هەیە. Discivery، ڕەنگی ئەمەیان سوورێکی زۆر تۆخە و ڕەنگی دیکەی تێدا نییە. Empire، سوورە و خاڵ خاڵی سەوزی تێدایە. Granny Smith، سەوزە و پەڵە پەڵە سووری کاڵی پێوەیە. Lord Lambourme، سێوێکی سوورە و پەڵەپەڵە کاڵیشی پێوەیە. Macintosh، ئەمەیان لە دوو ڕەنگی زەردی ئاڵماڵ نارنجی و سوور داپۆشراوە و تۆزێ لەمانەی ناوم بردن چووکەترە. ڕەنگە ناوی کامپیۆتەری (ماکینتوش) لەم ناوەوە وەرگیرابێ. Scarlet pimpemel، ئەمەیان لە لای قنچکەکەیەوە تاکوو نیوەی سوورە و هەرچێ بەرو لای گوڵەکەی دەڕوات ڕەنگەکەی سەوز دەبێت. Sturmer Pippin، ڕەنگی ئەمەیان سەوزێکی کاڵە و پەڵەپەڵە قاوەیی کاڵی پێوەیە. Sunset، سووری کاڵە و پەڵەی زەردی پێوەیە. Worcester Pearmain، سوورێکی ئاماڵ پەمەییە و لای قنچکەکەی و لای گوڵەکەی زەردن.
زیاتر لە 18 جۆر سێو تەنیا لە شاری سنە و شارەکانی دەوروبەریدا دەڕوێ.
سێو دارێکی کۆنە و لە Dagmossa لە Alvstra kosterدا ڕەشوو (سوغاڵ)ی دارسێویان دیوەتەوە کە هی 4000 ساڵ لەمەوبەرە.
بە فەرانسەیی بە میوەکەی دەڵێن Pomm و بە دارەکەشی ئەڵێن Pommier. لە ف.م. و م.گ. گەڵک وەرگیراوە.