ئەرێ بەڕاستی شتێکی دیکە هەیە کە ڕۆژانی گەرمی هاویندا بەقەد شووتی یەکی ئاودار و سارد بەتام و جێژ بێ؟ ئەگەر وابوو خراپ نییە بزانین ئەم میوە کە هەزاران ساڵە مرۆڤ دەیناسێ و کەڵکی لێ وەردەگرێ لە کوێوە هاتووە. شووتی سەرەتا لە ئافریقاوە هاتووە و پاشان لە هەموو ئەو شوێنانەی جیهاندا کە ئاو و هەوای سازگاریان هەیە بڵاو بووەتەوە. لە زوانی سانسکریتی قەدیم دا وشەیەک بۆ شووتی هەیە و لە ئاسەوارە کۆنەکانی مسیردا وێنەی شووتی کێشراوە و بەجێ ماوە. کەوابوو دەزانین کە چاندنی شووتی لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە دەستی پێکردووە. شووتیش جۆرێک لە خەربزەیە و هەموو ئەم جۆرانەش سەر بە بنەماڵەی "کولەکەکان"ن، ڕووەکی ئەم بنەماڵەش وەک خەیار تەرزی پێچ پێچیان هەیە و گەڵاکانیان پان و شۆڕ و گوڵەکانیشیان ڕەنگیان زەردە. تاڵەبی، جۆرێکی زۆر کۆنی ئەم بنەماڵەیە یە کە لە سەرەتاوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە شین بووە. تاڵەبی بۆنێکی زۆر خۆشی هەیە. گڕکەش تۆزێک دێرتر پێدەگا. بەڵام لە خەربزەکانیتر بەتام و چێژترە. گڕکە کە گەورە بوو تۆکڵەکەی زەرد و نەرم دەبێ و هێڵگەلێکی ڕەنگ سەوزیشی لەسەر دەبینرێ... شووتیش لە گڕکە زۆر گەورەترە و لە هەمووی ئەوانیتریش ئاودارترە. قورسایی شووتی جاری وایە دەگاتە پەنجا (پوند). لە سەر تۆکڵە ئەستوورەکەشیان هێڵی چەرموو یان سەوز دەبینرێ و گۆشتەکەشی زەردی کاڵ، زەرد یان سوورە. شووتی تەمەنی درێژە و پێویستی بە هەوای گەرمە. کاتێکیش زەوی گەرمە و ئیتر مەترسی ئەوە نییە کە زەوی بڕچێ، دەیچێنن. شووتی بە تازەیی دەخورێ بەڵام دەکرێتە ترشی و کومپوتیش. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا تۆوەکەی دەبرژێنن و وەک ئاجیل دەیتووکێنن. فرهنگی بمن بگوچرا بەرگی چوارەم. ل. 141 و 142.