نارگیل میوەی دارێکە لە دار خورما دەچێ. تۆکڵێکی قلەتین کە دەوری میوەی نارگیلی گرتووە لە شکان دەبارێزێ، بە جۆرێک کە کاتێک لەو دارە بەرزەش دەکەوێتە خوارەوە ناشکێ. مێشکی نارگیل لە 3 تاکوو 8 ئینج ئەستوورە. لە نێو ئەم تۆکڵە قلەتین و سەختەدا کە باسمان کرد، تۆژێکی قلەتینی گۆشتی سپی ڕەنگ هەیە و نێوەڕاستی میوەکەش، پڕە لە شیرێک کە پێی دەڵێن شیری نارگیل. ئەگەر تاکوو ئێستا نارگیلتان دیبێ، دەزانن کە سێ چاوکەی لە بنەوە هەیە کە لە ڕاستیدا ئەم سێ چاوکە غونچەی نەپشکوتوی نارگیلەکەن. کاتێک نارگیل بە تۆکڵەکەیەوە بە مەبەستی چاندن لە عەرز دەنێن، غونچەیەک لە یەکێک لەم سێ چاوەکەوە دەڕوێ، کە بوو بە نمام و دار، 8 ساڵ دەخایەنێ تاکوو بەر بگرێ. دار نارگیلی گەورە و بەردار، لە هەموو وەرزێکدا گوڵ دەکا و هەمیشەش نارگیلی پێگەیشتووی پێوەیە. ماوەی ساڵێک یان زیاتریش پێویستە بۆ ئەوەی نارگیلێک پێبگا، دیارە ئەمەش پێوەیندی بە شوێن و جۆری نارگیلەکەوە هەیە. هەر دار نارگیلێکیش بە ڕێژەیەکی نێونچی، لە ساڵێکدا تاکوو 50 نارگیل دەگرێ. داری نارگیل لە نێوان 20 تاکوو 90 Foot (بارستای پێوانە بۆ هەر فووتێک، نزیکەی 12 ئینجە) بەرز دەبێ و گەڵاکانی پەڕە پەڕە و گەورەن و لە پۆپەی دارەکەوە دەڕوێن، درێژیەکەشیان ڕەنگە لە 10 تاکوو 20 Foot بێ. مرۆڤ دەتوانێ داری نارگیل لە بەرزایی 3000 Foot لەسەرەوەی دەریاوە بچێنێ، بەڵام لە بەرزایی کەمتریشدا دەڕوێ. شتێکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەم دارە ئەوەیە کە دەتوانێ لە ئاوی سوێریشدا بژی، هەرچەند پێویستی بە ئاوی سوێریش نییە. داری نارگیل لە نزیک زەریاکاندا دەڕوێ و لەم شوێنانەشدا ئەو ڕیشووانەی کە هێندێ ناڕۆنە زەویدا، دەتوانن لە ئاوی دەوروبەری خۆیان کەڵک وەربگرن. هەرچەندە ئەم ئاوە سوێرانەش زیان بە نارگیلەکە ناگەیەنن، ئەگەر نارگیلێک بکەوێتە ئەم ئاوانە لە مەودایەکی زۆر دوورتردا لە لێواری ئاوەکاندا ڕیشوو دادەکوتێ و دەڕوێتەوە. وەرگێڕانی حامید درودی لە "فرهنگ بمن بگو چرا" بەرگی یەکەم لاپەڕەی 22 و 23. ڕۆژی 8ی 2ی ساڵی 2001 لە ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادتدا هەواڵێک لە سەر نارگیل بڵاو کرابووە منیش بە پێویستم زانی لە سوێدیەوە، وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی ئەویش ئاوەها بوو: ڕەنگە پێکەنینتان بێ بەڵام ئەمە ڕووداوێکی ڕاستە دوای ئەو ڵێکۆڵینەوەی کە دوکتۆر Hermann Oberli لە نەخۆشخانەی Honiara لە دووڕگەی Salmon دا کردوویەتی، بۆی دەرکەوتووە کە زۆربەی تەسادفەکانی ئەو دووڕگەیە بە هۆی کەوتنەخوارەوەی میوەی نارگیل یان کەوتنی دار نارگیل پێکهاتووە. ئەگەر وای لێکدەینەوە کە میوەیەکی چوار کیلویی، لە بەرزاییەکی 25 میترییەوە و بە خێراییەکیی 80 کیلومیتر لە کاتژێردا بەردەبێتەوە و بکەوێتە عەرز، جا ئەگەر مرۆڤێکی بەخت هەڵگەڕاو لەو کاتەدا سەری وەبەر ئەم نارگیلە بکەوێ، وەکوو ئەوەیە کە قورساییەکی یەک تۆنیی وەسەری کەوتبێ.