بەناڕۆمی، ترچک، چاومارە، شەفەلە، کەبەر، گەوڵەزەر، گیا گوڵەنگ، گیاماران، مارچۆوە، مارچێوە.
مارچێو، مارگرە، مارول، باناڕۆمی، گەوڵە زەر، ڕووەکێکە لە تیرەی سوێسنیەکان Liliaceés و لە دەستەی مارچێوەکان Asparageés و لە 70 تاکوو 120 سم بەرز دەبێ و لاسکێکی ساف و چێویی هەیە و بە شێوەی خۆڕست دەڕوێ. گیایەکی جوان و بە پنجە و لە بەر جوانییەکەی دەیچێنن و بەروەردەی دەکەن. لە سەر لاسکە ناسک و قیتەکانی هێڵگەلێکی فرە جوان خۆیان ئەنوێنن. مارچێوە دانەیی و بە ڕەنگی سەرز دەڕوێن. مارچێوە دانەیی و بە ڕەنگی سەوز دەڕوێ، گەڵاکانی کە لە پووڵەکە دەچن لە تەنیشتیانەوە لە 3 تاکوو 8 لقی باریک و درێژ بە چەپکە دەڕوێن. گوڵەکانی لە مانگەکانی کۆتایی بەهار و هاویندا دەڕوێن. بەرەکەی سوور و جوانە و پڕە لە دەنکە. لاسکی مارچێوە لە سەوزیە خۆراکی یە خۆشەکانە، بەڵام ژنی دووگیان (زگپڕ) نابێ زۆری بخوا. لاسکی ژێر زەویی ئەم ڕووەکە بۆ دەرمان دەشێ. لەم ڕووەکە نزیکەی 40 جۆر ناسراوە کە هەموویان هی ناوچە گەرم و نیوەگەرمەکانن.