شەلغەم، شیلەم، شیلم، شەلم، ترپۆکە، گیایەکە گەڵا پانە وەک ترپ دەچی و گەڵاکانی تۆزی توکنن و ڕەنگیکی سەوزی کاڵیان هەیە، لە تیرەی “خاجییەکان” Cruciféres و لە جنسی Brassicaیە، کە سەلکی زلی پڕڤیتامین و مەوادی خواردەمەنیان هەیە، گیایکە دوو ساڵانە، یانی ئەگەر بیانەوی تۆمی لی بگرن ساڵی دووهەم گوڵ و تۆم دەکا، بەڵام تامی وەک ترپ توون نییە، ڤیتامینی A و B و C و کالسیۆم و فوسفور و منیزمی تێدایە و دەرمانی کۆکە و سینگ ئێشە یە و ئێسک بەهێزتر دەکا. ئەم گیایە لە بەر سەرما خۆڕاگرە و گەرمایکی زۆریشی بۆ بار هینانی پیویست نیە. گەڵاکەی و سەلکەکەی لە شەلەم (چێبەشێکی کوردانەیە) دەکەن، سەلکەکەشی بە کوڵاوی دەخۆن و بۆ دەرمان زۆر چاکە، سەلکەکەشی ورد دەهەنجنن و لە گەڵ بڕوێش و دۆ تیکەلی دەکەن و تاکو باش ترش دەبێ لە تیانەیکدا ڕای دەگرن، پاشان لەبەر هەتاو لە سەر گیای پونگە وشکی دەکەن و هەڵی دەگرن بۆ زستان، چەند کڵۆی لە گەڵ هێندی گۆیز و کشمیش و گۆشت و پیازداخ و... دەکوڵینن و چێشتی شەلەم و گۆشتی لیدروست دەکەن، ئەوانەش نەدارن لە گەڵ هێندی لەتکە نۆک دیکوڵینن و چێشتی شەلەمی لی دروست دەکەن کە زۆر بە تامە و بۆ سەرمای زستان زۆر بە کەڵکە. ئەمانەش دوو جۆری دیکەن B. rapa radpifera و B. napus ئەمەیان بە ئینگلیسی Wimd turniپە. B. rapa omeifera ئەم جۆرەی زۆر چەورە. بە فەرانسەویش navet و بە ئینگلیسی Turniپی پێئەڵێن، بەڵام ئینگلیزی بە گەڵا سەوزەکانی ئەڵێن Turnip green. لە ف.م. و ف.ع. و م.گ. کەڵک وەرگیراوە.