ساڵی 1940 لە شارستانی #سەرپێڵی زەهاو# لە دایک بوو. ساڵی 1960 لە ناوەندی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی #کرماشان# وەکوو گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و شاعیر کار و چالاکی هونەریی خۆی دەستپێکرد.
دواتر لە ساڵی 1973 وەکوو ئامادەکاری هەواڵ و ڕاپۆرت لەو ناوەندە پەرەی بە کار و چالاکییەکانی خۆیدا.
یەدوڵڵا ڕەحمانی هەر لە ڕۆژانی سەرەتایی چالاکی هونەریی خۆیدا هۆگر و تامەزرۆی چڕینی مەقام و ئاوازە ڕەسەنەکانی کوردی بوو. بەهۆی ئەوەی کە سۆز و میلۆدییەکان و نەغمە و گۆرانییەکانی ناوچەی کرماشانی زۆر بە باشی دەناسی، لەو ساڵانەی دواییدا زۆربەی مەقامەکانی خەڵکانی نیشتەجێی ڕووباری #ئەڵوەند#ی لە چوارچێوەی ئەلبوومێکدا لەژێر ناونیشانی ئەڵوەناتی بڵاو کردەوە کە لەلایەن هۆگرانی هونەری موزیک و گۆرانی کوردی پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
وشەی ئەڵوەناتی بەو مەقامانەی ناوچەی #گەرمیان# دەگوترێت کە لە دەوروبەری ڕووباری ئەڵوەند دەیان چڕی و لەو ساڵانەی دواییدا ڕەحمانی تەنیا گۆرانیبێژی دیار و ناسراوی ئەو جۆرە مەقامانە بوو.
گۆرانیبێژی کورد پێشەنگەی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی بەپێزە لەوانە: تۆ جوان، خەمین منیشە، من کر خەم بیوم و چەندانی دیکە کە بۆ خەڵکی هونەردۆستی کوردستان زۆر ناسراون.
توێژەری بواری موزیکی ناوچەکانی کوردستان و ئێران بوو، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەندامی کارای شوڕای هەڵبەست و موزیکی ڕێکخراوەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئێران ناوەندی کرماشان بوو.
ڕەحمانی بۆ ژمارەیەک لەو بەرهەمانەی کە لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ناوەندی کرماشان ئامادە و تۆمار دەکران، هەڵبەست و موزیکی درووست دەکرد و بە کار و بەرهەمەکانی چەندین خەڵاتی لە زۆربەی فێستیڤاڵە هونەرییەکان و لە فێستیڤاڵی بەرهەمەکانی ناوەندەکانی ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنی ئێران بەدەستهێنا.
هاوینی ساڵی 2009 لە فێستیڤاڵی موزیکی خۆڕاگریی بۆ هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی مەقامی و ناوچەیی بە گۆرانی #قەسری شیرین# پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
ڕۆژی 28-05-2011 کۆچی دوایی کرد.
ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی یەدوڵڵا ڕەحمانی، یەکشەممە 29 ئایار/ مایۆ 2011 بەڕێوەچووە، لە گۆڕستانی مین ئاوا لە شاری کرماشان بە خاک دەسپێردراوە[1]