مامۆستا ئەحمەد حسێن (پێزان)
سەرنوسەری گۆڤاری #سلێمانی#
مامۆستا ئەحمەد حسێن ناوی تەواوی (ئەحمەد حسێن ئەحمەد)ەو نازناوی نوسینی (پێزان)ە.
ساڵی 1947 لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.
لەساڵانی 1956-1957 خراوەتە بەر خوێندنی قوتابخانەو قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی لەشاری سلێمانی لەساڵی 1969-1970 تەواوکردووەو.
لە 31-3-1971 بووە بە مامۆستا لە گوندەکانی (کوڕەداوێ باڵخێ، تلەزەیت).
لەساڵی 1977 دا ڕژێمی ئەوسای بەعس دووری خستۆتەوە بۆ پارێزگای ناسریە،
لەوێ لە قوتابخانەی (الفرزدق) دەوامی کردووە، پاش سێ ساڵی ڕەبەق ئینجا گوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە کانی پانکەو چەقڵاوا، خەراجیان، زڕگوێزەڵەو پاشان قوتابخانەکانی بێکەس و کوردی.
لەساڵی 1990 تا 2010 لەقوتابخانەی کرمانج بووەتە مامۆستاو دواتر بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە تا کاتی خانەنشین بوونی لە #01-07-2010# بێ دواکەوتن ڕاژەکاری پڕۆسەی خوێندن و پەروەدە بووە.
لەسەرەتای ساڵی 1970ەوە بووە بە دۆستی شیعرو خولیاکەی پەڕیوەتە دڵ و مێشکییەوە. شیعری بۆ سەردەمی خۆشی و ناخۆشی نیشتمان. و نەتەوەکەی نوسیوە. کۆمەڵێک بەرهەمی زۆری لە ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە، وەک: ژین، هاوکاری، کاروان، بەیان، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە پتر درێژەی بە بواری تری نوسین داوە، لە وتارو لێکۆڵینەوەو ئەدەبی منداڵان چ شیعر چ چیرۆک، بیرەوەری و ڕەخنەو خوێندنەوە لەسەرشیعرو کتێب...تاد.
لەم گۆڤارو ڕۆژنامانەدا بەرچاودەکەون: دەنگی مامۆستا، کوردستانی نوێ، خەبات، پەریستان، هەنگ، ئاسۆ، جگەرگۆشەکان، پەپوولە، جریوە، گزنگ، گۆران، گوڵەکان، منداڵی سەردەم، سلێمانی، سلێمانی نوێ، نەوشەق، گزنگ، هانا، نوسەری نوێ، هەڵەبجە، مێرگ، گۆران، هەفتانە، دەنگی زانا، پەیامی ڕاستی، شەهید... تاد
جگە لە بەشداری لەدەرکردنی چەند گۆڤارێکی ساڵانەی قوتابخانەکان و هتد.
هەروەها بیرۆکەی هەردوو کتێبی مەنعی تەجەولەکەی 1963 و 1985ی هێناوەتە ئاراوەو بە نوسین و شیعر بەشداری تیاکردوون.
هەروەها ساڵانی 1998- 1999 لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (جریوە) ی منداڵان بووە.
تا کۆتایی ساڵی(2020) سەرنوسەری گۆڤاری (سلێمانی) بوو.
ئەم کتێبانەشی بەچاپگەیاندووە:
1- گوێڕایەڵی، شیعر بۆ منداڵان، 1991
2- گەشتێک لەنێوان مەرگ و ژیاندا، نامیلکەشیعرییەکە بۆ کۆڕەوەکەی 1991
3-ڕەنج، کۆمەڵەشیعر بۆ منداڵان، ساڵی 1991
4- ئەنجامی ناپاکی، چیرۆکێکە بۆ منداڵان، 1991
5-جەفایی جوانە مەرگ، سەربازێکی گومناوی ئەدەبەکەمانە، لەگەڵ بەشێک لە دیوانەکەیدا. 1991
6- شەڕی بەردەرکی سەرا، 2002
7- شەکرەسێو، چیرۆکی منداڵان، 2006
8- باوەشی گەرم، شیعرو چیرۆک بۆ منداڵان، 2006
9- هەنار گرەوی بردەوە، چیرۆک بۆ منداڵان، 2007
10- بیرەوەرییەکان دەبنە گزنگ، چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد سەعید مەولود، 2009
11-مەلای خەیاڵ، چەند جەستە لەگیانێکدا، 2009
12- ماری باڵدار، چیرۆک بۆ منداڵان، 2010
13- گەڕانەوەی زەردەپەڕ، شیعر، 2010
ئامادەکردنی: سەرهەنگ عەبدولڕەحمان [1]