ناو: تاریق
ناوی باوک: زیا
نازناو: تاریق زیا ئیکینجی. (#Tarık Ziya Ekinci# )
ڕۆژی لەدایکبوون: 18-02-1925
ڕۆژی کۆچی دوایی: 15-08-2024
شوێنی لەدایکبوون: لیجە/ ئامەد
شوێنی کۆچی دوایی: ئەستەنبوڵ
ژیاننامە
تاریق زیا ئیکینجی لە 18-02-1925 لە شاری لیجەی ئامەد لەدایک بووە. ئێکینچی لە 15-08-2024 ، کۆچی دوایی کردووە.
لە 18-02-1925 لە شارۆچکەی لیجەی ئامەد لەدایک بووە. لە ساڵی 1949 لە فاکەڵتی پزیشکی ئەستەنبوڵ دەرچووە. پسپۆڕی لە فاکەڵتی پزیشکی لە پاریس، بوو بە پسپۆڕی پزیشکی.
وەک سەرۆکی ژوورە پزیشکییەکانی ئامەد و ماردین و سیرت و ئەندامی دەستەی باڵای فەخری کۆمەڵەی پزیشکی تورکیا (TTB) کاری کردووە.
مانیفێستی سۆسیالیستی گۆڤاری یۆنی مۆرکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری سۆسیالیستی دامەزراندووە و وەک سەرۆکی لقی ئامەد کاری کردووە.
لە ساڵی 1957 لە پارتی کۆماریخوازیی گەل (جەهەپە) دەستی بە سیاسەت کردووە. لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) بووە. ساڵی 1965 لە تاپەوە بە جێگری ئامەد هەڵبژێردرا. یەکێک بوو لە یەکەم سیاسەتمەدارەکان کە هەوڵیدا پرسی کورد بگەیەنێتە پەڕڵەمان. لەو ماوەیەدا ڕۆڵێکی کارای لە ناساندنی شوناسی کورد و داکۆکیکردن لە مافە ڕۆشنبیرییەکانی گەلی کورد بینیوە.
دوای کودەتاکەی 12-09-1980 پێنج جار دەستبەسەر کراوە. لەنێوان ساڵانی 1982-1989 لە پاریس ماوەتەوە و بەردەوام بووە لە نووسین و پرسی کورد. دواتر دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا. لە کۆتاییدا بەشداری لە دەستەی ڕاوێژکاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کردووە.
لە ساڵی 2020دا سەرجەم ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی 614 زەوی بەدەستی هێناوە کە لە بنەماڵەکەیەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە، بەخشیویەتییە دامەزراوەی ئیسماعیل بێشیکچی.
پارێزەر ڕوشەن ئەرسلان، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئیکینجی سەبارەت بەو بەخشینە دەڵێت: ئەو زەوییانە هەرچەندە لە باوکمەوە بە میرات ماوەتەوە بۆم، بەڵام موڵکی گەلی کوردن، دەمەوێت ئەو زەویانە ببەخشم بە دامەزراوەیەک کە کاری بە کەڵک بۆ گەلی کورد بکات.
ئیکنجی نووسەر خاوەنی چەندان پەرتووکە بە ناوەکانی؛ درامای ڕۆژهەڵات 1966، دەوڵەت و من 1995، کوشتنێکی چارەسەرنەکراو 1994، کێشەی کورد لە ڕووی هاووڵاتیبوون و پێشنیاری چارەسەر 1997، دیموکراسی، فرە کولتووری و سەرگەرمییەکی دادوەری 1999، لە پەرتووکی یەکێتی ئەوروپا کێشەی پاراستنی کەمینەکان، تورکیا و کورد 2001، کێشەکانی سیاسەتی چەپ، پارتی کرێکارانی تورکیا و ڕۆشنگەری کورد 2004، کێشەکانی نەتەوە، ناسیۆنالیزم، دەوڵەت و دەستوور 2004، کێشەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا 2004 کێشەکانی تورکیا ڕێبازە ڕەخنەگرانەکان بۆ سیاسەتی کوردی 2004 مۆدێرنیزاسیۆنی تورکیا و کورد 2006 یادەوەریەکانم لە مێشوولەوە تا پاریس 2011.
سیاسەتمەدار، نووسەر، مێژوونووس، پزیشک و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد بووە، لە 15-08-2024، لە تەمەنی 99 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.[1]