ساڵی-1344-ی هەتاویی (1965-ی زایینیی) لە گوندی ”بەلوە“ی ناوچەی بانە لە داوێنی پاکی دایکێکی ئەم نیشتمانە و لەناو کۆڕی بنەماڵەیەکی هەژار و زەحمەتکێشی کوردستان لەدایکبوو. هێشتا هەر ساوا بوو کە دایکی کۆچی دوایی کرد و کاک جەلال لە ناز و سۆز و بەزەیی دایکانە بێبەش بوو.
بەو حاڵەش و لەگەڵ یارمەتییدانی باوک و بنەماڵەکەی لە کاروباری کشتوکاڵیی و پەیداکردنی بژیوی ڕۆژانە، کاک جەلال لە تەمەنی شەش ساڵییدا، هەر لە گوندەکەی خۆیان دەچێتە بەر خوێندن و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەرس دەخوێنێ. پاش ئەوە ماڵیان دەچێتە شاری بانە. ئەمە دەرفەتێکی باش بۆ کاک جەلال پێکدێنێ تا بتوانێ درێژە بە خوێندنەکەی بدا. هەر بۆیە تا پۆلی یەکەمی دواناوەندیی (نەزەریی) وەک خوێندکارێکی سەرکەوتوو دەخوێنێ.
لە ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئێران لە دژی ڕژیمی شا، کاک جەلالیش وەک زۆربەی لاوانی بەهەست و شۆڕشگێڕی کوردستان چالاکانە لەو ڕاپەڕینەدا بەشداریی کرد و ڕۆڵی شیاو و گەورەی بینی.
لەگەڵ دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان، ڕێکخراوی خەبات، ی نەتەوایەتیی و ئیسلامیی کوردستان، کاک جەلال عەبباسیی لە ڕۆژی-29-ی خەرمانانی-1359-دا وەک ڕۆڵەیەکی دڵ پڕ لە هەستی کوردایەتیی و باوەڕی ئیسلامەتیی، هاتە ناو ڕیزەکانی (خەبات)ەوە و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی پۆشیی و چەکی پیرۆزی بەرگریی کردەشان و سەنگەرێکی دیکەی خۆراگریی لە دژی دوژمنانی ماف و داوا ڕەواکانی نەتەوەکەمانی ئاوەدان کردەوە.
کاک جەلال عەبباسیی، لاوێکی ژیر و پێشمەرگەیەکی نموونەی خاوەن خەسڵەتی بەرزی ئینسانیی بوو. باوەڕی زۆر قووڵی بە ڕێبازی (خەبات) هەبوو، ئەرکەکانی سەرشانی بەوپەڕی دڵسۆزیی و فیداکارییەوە ئەنجامدەدەدان، لە شەڕ و بەربەرەکانی پێشمەرگانەدا (بەتایبەتیی شەڕەکانی بەرگریی لە کوردستان لە ناوچەکانی #سەقز#، #بۆکان#، #سەردەشت# و بانە) زۆر ئازایانە و چاونەترسانە بەشداریی دەکرد و بە ورە و خۆراگریی خۆی داستانی تۆماردەکردن. لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک و هاوبیرانییدا تا بڵێی ئارام و لەسەرخۆ و بەبەزە و ژیر و وردبین بوو، لە فێربوون و بارهێنان و فێرکردندا چوست و چالاک و زیرەک بوو. ئەو خەسڵەتە زۆر بەرز و جوانانە بوونە هۆی ئەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا پلەکانی بەرپرسیارێتیی بە سەرکەوتنەوە ببڕێ، تا لە مانگی سەرماوەزی-1362-دا کرا بە بەرپرسی بەشی ماڵیی هێزی شەهید مامۆستا سەید خەلیل.
بە داخی گرانەوە، ڕۆژی-18-ی ڕەشەمەی-1362-و لەسەر جادەی بانە- ئارمردە لە نزیک گوندی ”ماسیدەر“، کادری وریا و شۆڕەلاوی قارەمانی خەبات، کاک جەلال عەبباسیی لە شەڕێکی قارەمانانەدا بە گوللەی دوژمنانی خاک و نەتەوەکەمان پێکرا و شەهید بوو.