زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی
پێشکەشە بە:
هەموو ئەوانەی گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناوی خاکی نیشتمان و بیروباوەریان.
بەوانەی ڕاست گۆن لە نوسینەوەی مێژوودا.
پێشەکی:
ئەوەی دەمەوێ دیاری بکەمو بە خوێنەرە بەڕێزەکانی ڕابگەیەنم ئەوەیە ئەو نوسینە تەنیا بیرەوەری نین، بەڵکو مەبەستی ئەو نوسینەم زیاتر بۆ ڕوون کردنەوەی ڕوداوو بەسەرهاتە مێژووییەکانە لە ماوەی خەباتو تێکۆشانی بەردەوامم, بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بخرێنە بەرچاوی کۆمەڵو خوێنەرانی هەست بەرزو نیشتمان پەروەر, بێگومان ئەو بەسەرهاتو ڕووداوانەی بە دڕێژای زیاتر لە 50 ساڵ لە ژیانی تێکۆشانمدا بەشێک بووە لە مێژووی بەشداریم لە شۆڕشو ڕاپەرینەکانی نەتەوە ستەمدیدەکەمدا.
هەموو دیاردەکان بە دیاریان خست ڕوداوو بە سەرهاتەکانی ڕابردوو وەک پێویست نەخراوەنەتە بەرچاوی خەڵک, بەڵکو بەشێوەیەکی پڕ لە کەمو کوڕی خراوەنەتە سەر لاپەرەی نامیلکەو گۆڤارو ڕۆژنامەکان, ئەمەش وای لە بەشێکی زۆری خەڵکو تەنانەت خوێنەرانیش کردوە کەوا بزانن ئەوەی نوسراوەو دەنوسرێتو دەخرێتە سەر لاپەڕەی نامیلکەو گۆڤارو ڕۆژنامەکان هەموویان ڕاستن!! بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئەو نوسینانەی نوسراوە دەربارەی دەستو بردو جوڵانەوەکانی (1943 1959) کە بەشی زۆریانم خوێندونەتەوە بەداخەوە لەڕاستی دوورن, وا هەست دەکرێت بەبێ سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو نوسینەکان نوسرابن, ئەوەی دیارە هەندێکیان لایەنگیڕی پێوە دیاربووەو تەنانەت ئارەزومەندی نوسەریشی گرتۆتەخۆ, وە هەندێکیشیان تەنها خۆپیشاندانو خۆبەدەرخستن مەرامیان بووە بۆ بەرژەوەندی تەسکیان دوورکەوتونەتەوەو لایانداوە, ئەمەش بەدکاریە دەرهەق بەڕووداوە مێژوویەکان دەکرێت. ئەو نوسینانەی نوسراون پێیانەوە دیار نیە شتێکیان لە ڕووداوەکان بەڕاستی نوسیبێتو هیچیان لێ زانیبێت, بێگومان ئەمەش کردەوەیەکی خیانەتکرانەیە بەرامبەر بە مێژوو, چونکە دەبێتە هۆی شاردنەوەی ڕاستیەکان لە نەتەوە بریندارو ستەمدیدەکەمان, هەر ئەو خیانەتەش ئێمەی توشی گێژاوی سەر لێ شێوانو ماڵ وێرانیو دواکەوتن کردووە.
لێرەدا بەسەربەرزیەوە دەڵێم بیرەوەریەکانم بە گشتی بەشێکی زیندون لە ڕاستیو بەسەرهاتەکانی سەردەمی ڕابردوو هەر لە ساڵی (1943) وە تاوەکو نزیکەی ساڵی (1977)، لە وێشەوە تا دەگاتە ساڵی(2000)، ڕووداوەکان چۆن ڕویداوە وەکو خۆی باس کراوەو زیادی نەخراوەتە سەر ئەگەر کەمی تێدا نەبێت.
ئەوەی ئێستا لەبەر دەستتان دایە لە ساڵی (1943) وە تاوەکو نزیکەی ساڵی (1977)ە، دەمەوێت تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتیو خوێنەرە بەڕێزەکان بە تایبەتی لەو ڕاستیە بگەن کە سەرچاوەی ئەو نوسینو بەسەرهاتو ڕووداوە مێژووییانەی نوسراونو دیارکراون تەنها خۆمم، ئەوەی من لەگەڵی نەبووبم شتێکم لەملاو ئەملا نەهێناوە بینوسم، چونکە ئەگەر بەتەواوی بۆم ڕوون نەبوبێتو نەمزانیبێت کە ڕووداوەکە یان بەسەر هاتەکە ڕاستە نەم خستۆتە سەر لاپەڕەی بیروەریەکانم، بەڵام لەڕاستیدا خەباتو تێکۆشانو ڕاپەڕینی خەڵکو جەنگاوەرە خۆبەخت کەرەکانی کوردو خەباتە نەپچڕاوەکەی دەخاتە بەرچاو، بۆ ئەوەی لەڕاستی ڕووداوەکان ئاگاداربنو بزانن ئەو نوسینەی من دوورە لە پڕووپاگەندەو خۆ بەدەرخستن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە هەندێ شت هەبوبێت نەنوسرابێت ئەمەش مافی نوسەرە یان لەوانەیە نەتواندرابێت بنوسرێت!!.
ئەوەی من بۆی پەرۆشم تەنها ئەوەیە کە ئەم نوسینە زۆر دواکەوت، دەبوایە زۆر زووتر بڵاو بکرێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ پێش ڕاپەڕین حوکمڕانەکان ڕێگایان نەدەدا ئەوەی بۆنی چالاکی کوردانەی لێ بێت بڵاوبکرێتەوە، بێگومان ئەگەر ڕژێم ئەو نوسینەی منی دەست کەوتبایە تەنها نوسینەکە نەدەفەوتا، بەڵکو خۆشم بێ سەرو شوێن دەکرام، ئەمە لەلایەک لەلایەکی تر دەبێ ئەوەش بڵێم هۆیەکی تری دواکەوتنی بڵاوبونەوەی بیرەوەریەکانم بەشێکیشی پەیوەندی بە باری داراییمەوە هەبووە، چونکە ئەو توانایەم نەبووە بتوانم بیرەوەریەکانم لەکاتی پێویست بگەیەنمە بەردەستی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی لەڕاستی بەسەر هاتەکانو چالاکی ڕۆڵەکانیان لەخەباتو تێکۆشانی چەندین ساڵەیان لە پێناو کوردایەتیەکی ڕاستەقینەو کوردستانێکی سەربەخۆ بگەنو چیتر چاوبەست نەکرێن بە شاردنەوی ڕاستیەکان.
زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی
10 / 10 / 2002