یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستان
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بە ناوی گەل
ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق
ژمارەی بڕیار:26
رۆژی بڕیار:11/11/199
(بڕیار)
پشت بەو دەسەڵاتەی کە بە پێی بڕگە (3)ی ماددە (2) لە یاسی ژمارە (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوەو لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی 11-11-1999یدا یاساکاری کردووە، ئەم یاسایەمان دەرهێنا:
یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 1999
یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق
ماددە یەکەم:
هەرێمی کوردستانی عێراق ئاڵایەکی دەبێت بە شێوەی لاکێشەیی، کە پانیەکەی دوو لەسەر سێی درێژیەکەی دەبێت و، دابەش کراوە لەسەر سێ لاکێشەی ئاسۆیی یەکسان لە درێژی و پانی داو، پێکهاتەکەی بەم شێوەیەیە:
1-لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سورەو، هێمای شەهیدانی بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردە.
2-لاکێشەی ناوەراست ڕەنگی سپی دەبێت، هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و لێبوردنە (تسامح)، کە خەڵکی کوردستان ئاواتە خوازیەتی.
3-خۆرێکی زەرد دەکەوێتە ناوەراستی لاکێشە سپییەکەوەو، چەقەکەی خاڵی یەکتر بڕینی تیرەی لاکێشە سپیەکە دەبێت و، تیرەی خۆرەکە ئەوەندەی پانایی لاکێشە سپیەکە دەبێت و، (21) بیست و یەک تیشکی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێگۆشەی دوو لا یەکسان و، بنکەکانی () یەک لسەر بیست و یەک لە چێوەی گۆی خۆرەکە دەبێت و، درێژیشیان بگاتە نیوەی هەردوو لاکێشە سوورو سەوزەکە. خۆرە زەردەکە هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئومێدەو، (21) بیست و یەک تیشکەکەیش هێمای جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتییە، ڕۆژی بەرخودان و ڕاپەڕین و شۆرش ڕزگاریی دژ بە زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە.
4-لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوز دەبێت و، هێمای کشتوکاڵ و سروشت و ژینگەی کوردستان.
ماددەی دووەم:
ئەو جێگایانەی کە ئاڵاکەی لەسەر هەڵدەدرێت لە (پەیڕەو)دیاری دەکرێت.
ماددەی سێیەم:
هەڵکردنی ئاڵا لە کاتی خۆرهەڵاتن دا دەبێت و، هاتنە خوارەوەشی لە کاتی خۆرئاوا بوندا.
ماددەی چوارەم:
دروست و چاپ و دابەش کردنی ئاڵا بە ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەبێت.
ماددەی پێنجەم:
نابێت ئاڵا لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوایەتی و ئاهەنگەکاندا بەرز بکرێتەوە یان بە کاربێت، ئەگەر هاتوو کەم و کۆری هەبوو لە مەڕ گۆڕانی ڕەنگەکانی و پاک و پوختی و دڕانی.
مادەی شەشەم :
هەلدانی ئاڵا شان بە شانی ئاڵای عیراق دەبێت لەو بۆنانەی کە ئاڵای عیراقی تێدا هەڵدەدرێت و، تا قەوارەی دەستوری فیدڕالیەت دەچەسپێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە عیراقدا.
ماددەی حەوتەم:
ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە پەیڕەوێکی تایبەتی دەربکات بۆ ئاسان کردنی جێ بەجێ کردنی بەندەکانی ئەم یاسایە.
ماددەی هەشتەم:
کار بە هیچ دەقێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا هاو دژ بێت.
ماددەی نویەم:
دەبێ ئەنجومەنی وەزیران ئەم یاسایە جێ بەجێ بکات.
ماددەی دەیەم:
ئەم یاسایە لە مێژووی دەرهێنانیەوە جێ بە جێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی ڕەسمیدا بڵاو دەکرێتەوە.