سربستی (سەربەستی) ، ڕۆژنامە، سیاسی، لە یەکەم ساڵیدا ڕۆژانە، پاشان هەفتانە دەرچووە. دامەزرێنەر و خاوەن ئیمتیاز و بەرِێوەبەری بەرپرسیار: ڕەفعەت مەولان زادە (1869 ئەستەنبوڵ - 1930 حەلەب) . لە یەکەم ساڵی دەرچوونیدا سەرنووسەر: حەسەن فەهمی (1847- 06-04-1909 ئەستەنبوڵ) . دواتر تا داخرانی خودی خاوەنەکەی بووەتە سەرنووسەریش. لە ساڵی 1918 جەلادەت عالی بەدرخان بووەتە جێگری سەرنووسەر و کامەران عالی بەدرخانیش وەک نووسەر لە ڕۆژنامەکەدا کاریکردووە. هەروەها خەلیل ڕامی بەگ بەدرخانیش لە ساڵی 1918 پشتگیر و پشتیوانێکی گەورەی ئەم ڕۆژنامەیە بووە. ژمارە: (1) ی ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕۆژی 12-10-1908 لە ئەستەنبوڵ دەرچووە. دوای دەرچوونی چەند ژمارەیەک و بەهۆی بانگی ئازادی و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی حکومەتی (ئیتحاد و تەرەقیەکان) ، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتحاد و تەرەقیەکان برِیاری کوشتنی (رەفعەت مەولان زادە) ی خاوەنی ڕۆژنامەکە دراوە، بۆیە بە بەرنامەیەکی دارێژراو لە ڕۆژی 06-04-1909 لەسەر پردی گەلەتە-ی ئەستەنبوڵ بە هەڵە لە بری کوشتنی خاوەنەکەی سەرنووسەری سەربەستی (حەسەن فەهمی) دەکوژن. تەنیا دوو هەفتە دوای تیرۆرکردنی سەرنووسەر، خاوەنی سەربەستی (رەفعەت مەولان زادە) لە دوای دەرچوونی (191) ژمارە لە ڕۆژنامەکەی لە ڕۆژی 21-04-1909 ڕوویکردۆتەوە میسر و لە قاهیرە شەش ژمارەی لە ڕۆژنامەی سەربەستی لە ژمارە (192) تا ژمارە (197) بەناوی (اهالی) دەرکردووە و پاش ئەوە لە سەرەتای مانگی 7/1909 ڕەفعەت مەولان زادە لە قاهیرەوە چووەتە فرەنسا بۆ لای (شەریف پاشای خەندان) و لەوێش لەسەر ئەرکی (شەریف پاشا) جارێکیتر هەر بەناوی سەربەستی درێژەی بە دەرچوونی ڕۆژنامەکەی داوە و ئەم جارە هەفتانە دەرچووە. لەو ماوەیەدا لە مانگی 7 تا مانگی 10/1909 بە گشتی (12) ژمارەیتری سەربەستی لە پاریس چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لێی نێردراوەتەوە کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سنووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. دوای ئەوە بەهۆی گرفتی دارایی و ئابووری ڕۆژنامەکە بۆ ماوەیەک دەرنەچووە و تا لە ساڵی 1912 لە دەرفەتێکدا ڕەفعەت مەولان زادە گەرِاوەتەوە ئەستەنبوڵ و دووبارە درێژەی داوە بە ڕۆژنامەی سەربەستی و بەهۆی سووربوونی لەسەر ڕەخنە و هەڵوێستەکانی دژبە بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی تورک، ئەم جارە لە ڕۆژی 19-02-1913 بە برِیاری حکومەتی (ئیتحاد و تەرەقییەکان) ڕۆژنامەکە بە تاوانی بە بانگەشەکردن بۆ سیاسەتی ڕۆژاوا و ڕەخنەگرتن لە حکومەتی تورک داخراوە. دوای زیاتر لە پێنج وەستان لە دەرچوونی ڕۆژنامەی سەربەستی ئەم جارە بە هەوڵ و کۆششی پارێزگاری مەلاتیە (خەلیل ڕامی بەگ بەدرخان) سەرلەنوێ ڕەفعەت مەولان زادە بە بەشداری و هاوکاری بەدرخانیەکان درێژەی داوە بە دەرچوونی ڕۆژنامەکەی، کە جگە لە خەلیل ڕامی (خەلیل ڕامی بەگ بەدرخان) وەک هاوکاری بەردەوام و جەلادەت بەدرخان وەک جێگری سەرنووسەر و کامەران عالی بەدرخان وەک نووسەر بەشداریان لە ڕۆژنامەکەدا کردووە و نموونەی هەرە بەرچاویش وتارێکی کامەران عالی بەدرخانە لە ژمارەی ڕۆژی 02-01-1919 بە ناونیشانی (کوردستان) . ئەم ڕۆژنامەیە هەر لە سەرەتای دەرچوونییەوە تا وەستانی وتاری سەبارەت بە پرسی کورد و کوردستان تێدا بڵاوکراوەتەوە و جگە لە نووسینەکانی (رەفعەت مەولان زادە) خاوەنی ڕۆژنامەکە، هەروەها ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانیتری ئەو سەردەمەی کورد هەندێکیان بەناوی خوازراو و هەندێکیان بەناوی ڕاستەقینەی خۆیان بە نووسین و وتارەکانیان بەشداریان لەو ڕۆژنامەیەدا کردووە. ژمارە: (481) ی لە ڕۆژی 29ی ڕەجەبی 1337ی کۆچی بەرانبەر 30-04-1919ی زایینی دەرچووە. ڕۆژنامەی سەربەستی تا ڕۆژی 20-11-1920 بەردەوامبووە لە دەرچوون و دوای ئەوە بە یەکجاری لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە داخراوە. ڕۆژنامەی سەربەستی بە پێوانەی (35.8×48.5) سم دەرچووە و سەرجەم ژمارەکانی سەربەستی لە ئەستەنبوڵ لەم چاپخانانە چاپکراون: (چاپخانەی سەربەستی، چاپخانەی سەلەنەک، چاپخانەی ئیقبال میللەت، چاپخانەی خانملەر مەخسوس غەزەتە) . بەشێکی زۆر لە ژمارەکانی وێنەدارە.