موعەمەر قەزافی لە #07-06-1942# لەدایکبووە، سەرۆکی لیبیایەو وەک خۆی ناویشی ناوە سەرکردەی شۆڕشی وڵاتەکەیەتی، لەساڵی 1969 شەوە پۆستی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست و هەر لەو ساڵەوە تا 1977 سەۆکی ئەنجومەنی سەرکرداتیەتی شۆڕش بووە.
لەوەتەی لیبیا بووەتە ولایەتێکی عوسمانی لەساڵی 1551 ەوە قەزافی بە خاوەنی زۆرترین ماوەی حوکمڕانی لەلیبیا دادەنرێت و ئێستاش کۆنترین فەرمانڕەوای سەر زەوییە.
قەزافی لەسەرەتادا حەزێکی نەتەوەیی عەرەبیی هەبوو و بۆ ئەوەش ڕوویکردە چەندین دەوڵەت بۆ ڕاگەیاندنی یەکێتی عەرەبی بەڵام سەرجەم هەوڵەکانی لەو بارەیەوە شکستیان هێناو ئەوەندی پێنەچوو کە پرۆژەکەی کرد بە پرۆژەیەکی ئەفریقی و ناوی خۆی نا شاهنشای ئەفریقیا.
بیروبۆچوونە سەیرو سەمەرەکانی سەرۆکی لیبیا چەندین کێشەو مشتومڕی لەلایەن زۆرێک لەناوەوەو دەرەوەی لیبیادا دروستکردووە بەتایبەت کە خودی خۆی بەتەنها لەوڵاتدا ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە حوکمدەکات و خۆی و بنەماڵەکەشەی بەچەندین تۆمەتی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات و داپڵۆسینی ئازاداییە گشتییەکان، تۆمەتباردەکرێن هەرچەندە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بیرۆکەیەکی جەماوەری هەیە لەبەشداریکردن لەدەسەڵاتدا.
بەهۆی حوکمە ئاسنینەکەی قەزافییەوە، لە 17-02-2011 ەوە شەپۆلێکی توندی خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆربەی شارەکانی لیبیای گرتووەتەوەو تائێستا بەردەوامەو خۆپیشاندەران داوای ڕوخانی ڕژێمەکەی دەکەن بەڵام قەزافی زۆر بەتوندی وەڵامی ئەو شەپۆلەی دەداتەوەو چەندین کەسی ئەفریقی بەکرێگیراوی بەکارهێناوە بۆ لێدانی خۆپیشاندەران بە بەکارهێنانی فڕۆکەو تۆپیشەوە.
قەزافی لەساڵی 1969 دا پاش کودەتایەکی سپی کە ڕێکخەرانی، خۆیان ناو ناوبوو ئەفسەرانی ئازادیخواز، هاتە سەر حوکم و توانییان حکومەسی پاشایەتی ئیدریس سنوسی لەناو بەرن.
لەماوەی 42 ساڵی ڕابردووی حکومی قەزافیدا، خانەوادەکەی بەشێوەیەکی گشتی لەگۆڕەپانی سیاسیدا چالاک بوون بەشێوەیەک زۆربەی لیبییەکان و چاودێران بەشێوەیەکی گشتی پێیان وایە کە قەزافی ئامادەسازیی دەکات بۆ ئەوەی سەیفولئیسلامی کوڕی جێی بگرێتەوە کە بەبەراورد لەگەڵ کوڕەکانی تریدا زیاتر جومجۆڵی سیاسی هەیە.
بروسکەیەکی ساڵی 2009 ی جین کریتز باڵًیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەتەرابلوس، بەم شێوەیە باس لەکەسایەتی قەزافی دەکات: کەسێکی جیوەیی و نامۆیە لەهەڵسوکەتدا، حەزی لەسەمای فلامینکۆی ئیسپانی و پێشبڕکێی ئەسپسوارییەو بەشێوەیەکی یەکسان دۆست و دوژمن بێزاردەکات، خۆنەویستانە لەبەرزایی دەترسێت و حەزی لەفڕین نیە بەسەر ئاودا.
ناوی تەواوی سەرۆکی لیبیا موعەمەر محەمەد عەبدولسەلام ئەبو منیار قەزافییەو لەهۆزی قەزازفەیە، لەگوندێک کە ناوی جەهەنەمە لەنزیک لەناوچەی سەرت لەدایکبووە، لەساڵی 1956 لە شاری سەرت قۆناغی سەرەتایی خوێندووەو دواتر ڕوویکردووەتە شاری سەبها کە دەکەوێتە باشوری وڵاتەوە.
قەزافی دوو ژنی هێناوە، ژنی یەکەمیان ناوی فەتحیە خالد بووەو کوڕە گەورەکەی کە ناوی محەمەد قەزافییە لەوە، پاش ماوەیەکی کەم فەتحیەی تەڵاقداوەو لەشاری بەیزا سەفیە فەرکاشی هێناوە کە 7 منداڵی لە قەزافی بووە.
جگە لە محەمەد، قەزافی چەندین کوڕی تری هەیە بەناوەکانی سەیفولئیسلام، ساعدی، موعتەسەم بیللا، سەیفولەعەرەب، هانیپاڵ، خەمیس، تەنها کچێکیشی هەیە کە ناوی عائیشەیە بەڵام چەند منداڵێکی تریشی بەتەبەنی هەیە.
سەفیەی ژنی دووەمی سەرۆکی لیبیا بەوە ناسراوە کە فڕۆکەیەکی تایبەتی هەیەو بەو فڕۆکەیە شوێنە جیاکانی وڵات دەگەڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی جموجۆڵەکانی نهێنین.
جگە لەو دوو ژنە چەند بروسکەیەکی دزەکردوو لە ماڵپەڕی ویکیلیکسەوە باس لەوە دەکەن کە قەزافی پەیوەندی خۆشەویستی بە پەرستارە ئۆکرانییەکەی هەیە کە ناوی جالینا کۆڵًۆتنیاستکایەو بروسکەکان بە (قژزەردێکی دڵڕفێن) ناوی دەبەن.
محەمەدی کوڕەگەورەی قەزافی سەرۆکایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی لیبیا دەکات کە ئێستا خاوەنی 40% ی کۆمپانیا خواردنەوە لیبییەکان و خاوەنی ئیمیتیازی کۆمپانیای کۆکا کۆلایە لە لیبیا، محەمەد لیژنەکانی پۆستەی گشتی و پەیوەندەییە تەلدارو بێتەلەکانیش بەڕێوەدەبات.
بەدوای محەمەددا سەیفولئیسلام دێت کە چەند ساڵێکە وەک جێگروەی باوکی سەیردەکرێت و چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی شەپۆلە ناڕەزییەکانی ئەم مانگەی لیبیا لەشاشەی تەلەفزیۆنەوە دەرەکەوت و هۆشداری لەهەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆدا گەربێت و خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن.
سەیفولئیسلام ئەندازیارەو بڕوانامەی دکتۆرای لەزانستە ئابورییەکان لە لەندەن بەدەستهێناوەو بەڕووی دەرەوەی ڕژێمی لیبیا لەدەرەوەی وڵات دادەنرێت، و لەڕێگەی سەرۆکایەتیکردنی ڕێکخراوی خێرخوازیی نێودەوڵەتی قەزافییەوە پشتگیری ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکات.
سیێیەم کوڕی قەزافی ساعدییەو بەناشرینی هەڵسوکەت و ڕابردووی شپرزەو بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرو کحکولیی و ئاهەنگی بەردەوام و گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی حساب بۆ باوکی بکات، ناسراوە.
یاریزانێکی پیشەگەری پێشوو بووەو لەخولی پلەیەکی ئیتاڵیدا یاریکردووە، خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیارییەو ماوەیەکی کەمیش لەیەکەیەکی هێزە تایبەتەکاندا ئەفسەر بووەو خاوەنی هێزی تایبەتی خۆیەتی و دەشڵێن بەشداری لەداپڵۆسینی ناڕەزاییەکانی بەنغازیدا کردووە.
چوارەم کوڕی قەزافی موعتەسەمە، ڕاوێژکاری باوکیەتی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، باڵیۆزی سربیا لە لیبیا باس لەوە دەکات کە موعتەسەم خاوەنی زیرەکییەکی تیژ نیەو باس لەوەش دەکرێت کە ناکۆکی لەگەڵ سەیفولئیسلامدا هەیە.
پێنجەم کوڕی سەرۆکی لیبیا هانیپاڵە کە کەسێکی ڕاڕایەو لەڕابردوودا لەشاری جنێف بەتۆمەتی لێدانی خزمەتکارەکانی دەستگیرکراو بەهۆیەوە قەیرانێکی دیبلۆماسی لەنێوان لیبیاو سویسرادا دروستبوو.
خەمیس شەشەم کوڕی قەزافییەو فەرماندەی یەکەیەکی هێزە تایبەتەکانەو لەڕوسیا مەشقی پێکراوەو دەڵێن ئەو یەکەیەی کە ئەم سەرکردایەتی دەکات بەشداری لەداپڵۆسینی ناڕەزاییەکانی بەنغاریدا کردووە.
عائیشە تاقە کچی قەزافیش لەبواری ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا کاردەکات.
قەزافی کچکێی تریشی هەیە بەتەبەنی بەناوی هەنا کە لەمیانەی بۆردومانێکی ئەمریکی بۆ سەر شاری تەرابلوس لەساڵی 1986 دا کوژرا.
سەیفولعەرەب بچوکترین کەسە لە 18 منداڵەکەی قەزافی و لەشاری مینویخ دەژی و بەوە ناسراوە کە زۆربەی کاتەکانی لەئاهەنگدا بەسەر دەبات.
میلاد کوڕی حەوتەمی قەزافییە بەڵام بەتەبەنی.
قەزافی بەوتاری دوورودرێژو قسەی سەیرو سەمەرەو بەکارهێنانی وتەی ناشرینیش ناسراوە، خاوەنی چەندین دانراوە لەوانە:
آرا و جدیدة فی السوق والتعبئة ومبادئ الحرب
الکتاب الاخضر المرکز العالمی لدراسات وأبحاث الکتاب الأخضر.
شروح الکتاب الاخضر المرکز العالمی لدراسات وأبحاث الکتاب الأخضر.
القریة.. القریة، الأرض.. الأرض، وانتحار ڕائد الفضاء
تحیا دولة الحقراء
اسراطین الکتاب الابیض.
السجل القومی ویتضمن أحادیثە وخطبە وحواراتە ولقاءاتە السیاسیة والصحفیة صدر منە حتی اڵان (36 جزءاً) عن المرکز العالمی لدراسات وأبحاث الکتاب الأخضر.
ملعونة عائلة یعقوب، ومبارکة أیتها القافلة
عشبة الخلعة والشجرة الملعونة.
قەزافی دوستێکی گەورەی کورد بوو.