عەزیز گەردی ناوی تەواوی: (عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا) یە، لە ساڵی 1947 زارکی چاوانی بە شیری ژیان فڕچک کراوە و لە پێڕەوکەبوونییەوە تاسە و خولیای بەرەو باسە زانیارییەکان دەچێ، لێ ئەودەمەی خۆی لە بەردەم مامۆستاکانی قوتابیخانە سەرەتایییەکەی دەبینێتەوە؛ وا ئەکا ئەم زانییاریانەی دڵیان گۆش کردبوو بەرەو کزی دەڕۆن و تا ئەوەی بەرەو نەمان دەچن.
ئەمجا تاسەی شیعر و ئەدەبیات پەلی کاژەڵەی دەگرن و بەرەو چەمی بێبنی شیعری نالی و عەڕووزەکەی خەلیلی فەراهیدییەوە نغرۆی دەکەن.
لێرەوە عەزیز گەردی خولیای بۆ خولگەی زانستی مل دەنێ و پاش ئەوەی لە ساڵی 1968 لە #هەولێر# بە تەواوەتی ئاکنجی دەبێ؛ دەبینێ لەلایەک بێئیشی دەستی ماچ دەکا و لەلایێ زارکی پەڕتووکخانەی گشتی لە بەردەمی ئاوەڵا کراوە، بەم جۆرە چی پەڕتووکەکانی سەر بە زانستەکانی ڕەوانبێژی و عەڕووز هەن؛ خەتمیان دەکا و لای خۆیشی هێدی هێدی یاداشتیان دەکا تا ئەوەی خۆی وتەنی: (لەگەڵ خوێندنەوەی هەر پەڕتووکێکا تێبینی و سەرقەڵەمی تایبەتیم دەنووسییەوە، تا وای لێهات چەند دەفتەرێکم پڕ کردەوە...)
نۆبەرەی عەزیز گەردی ڕەوانبێژییەکەیەتی و بە سێ بەرگ ساڵی 1968 1969 دەینووسێ، لە سەرەتای حەفتاکان چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.
پاشان پەڕتووکەکانی: ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، ڕابەری شیعری کلاسیکی کوردی....تاد بە شوێنیدا سەرداوێنە دوو یەک و، تا هەنووکانەشی لەگەڵ بێ؛ نابڕێنەوە.
عەزیز گەردی بە کوانووی کێشی عەڕووزی کلاسیک دادەنرێ و کێشناسی کوردییەکەی سەرلەبەری پەڕتووکانە لەبار عەڕووز و چڵەپۆپەی ئەوانەیە کە دەیانەوێ بە زانستی عەڕووز ئاشنا بن و لێیەوە فێر بن.
خۆی نەبێ کەم کەس دەزانن گەمی زمانی عەزیز گەردی لە دەریای چەند زمانان بینراوە و لە هەوڵی ڕامکردنی تۆفان و باگێژەکانیانە، لێ ئەوەی بە وەرگێڕان تا هەنووکە دەزانرێ زمانەکانی: (فارسی، عەرەبی، فەڕەنسی، ئینگلیزی) وەک کوردی دەزانێ و توانای زێتر بەسەر ئەوان دەشکێ.
ماستەرنامەکەی ساڵی 1994 بەدەست دێنێ، دکتۆراش 1999 دێنێتەوە، کە تێزەکەی بە ناونیشانی (سەروا) یە، دەزگای ئاراس هەمان ساڵ چاپ و بڵاوی دەکاتەوە و خوێنەری کورد بە دەریایەک لە زانین و زانیاری دیکە ئاشنا دەبن.
عەزیز گەردی لە چەندین قوتابیخانە وانەی وتووەتەوە و پاشان دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی دەبێتە مامۆستا، خۆی لەبەر هەڵنەپڕژان بەسەر کاری وەرگێڕاندا دەستلەکار دەکێشێتەوە و بەیەکجاری لە گۆشەی ماڵەکەی گرمۆڵە دەبێ، بەحرکە تا هەتایە ئەم کێلووکە بۆخۆشەی لەناو خۆیا تەقەت دەکا و نایەڵێ چاوی چ لایەکی بەدەورەوە بێ.
عەزیز گەردی تا ساڵی 2022 لەسەر کاری وەرگێڕان و دەنک دەنک گەوهەری زمانی کوردیمانی بۆ توڕ دەدا.[1]
لە ڕۆژی #06-06-2022# و لە تەمەنی 75 ساڵییدا کۆچی دوایی دەکات و خامەکەی دەستی بۆ هەمیشە لەنووسین دەکەوێ.