حەمە عەلی مەدهۆش
2006
پێشەکی محەمەدی مەلا کەریم
ڕەنگ بێ لەناو شاعیرانی ئەم سەردەمەی کورددا ئەوەی لە هەمووان زیاتر بە بابەتی سەرەکی و بنچینەیی شیعرەوە–دڵداری یە–پێوەندبێ و جێ دەستی لە هەمووان زیاتر پێ یەوە دیاربێ، مەدهۆش بێ. مەدهۆش بە بەرهەمی فرەی، بە بەردەوامیی هێنانە بەرهەمی لەچل ساڵ لەمێژەوە تائەمڕۆی، بەناسکی و ڕاستی هەستو، میللیەتی فۆرم و زمانی، بەوردە خولیای دڵی دڵداران دەربڕینیو، بەنەبڕانی هەرگیزی ڕیشەی پەیوەندی لەگەڵ سەرچاوەکانی ئیلهام و سرووشتی شیعر وتنی، بێ ئەوەی کەسێک یارای ئەوەی ببێ خۆی لەم مەیدانەدا له و بەپێش دەسترو سەر بەدەرەوەبووتر بزانێ، توانیویە ناوی شایان و پڕبەپێستی ) شاعیری دڵداری (بۆخۆی دابڕێ و تاجی ڕەزامەندی سەرانسەری دڵداران، بەکوڕوکچیانەوە، لەسەری خۆی بنێ. بەڵام بەداخەوه و لەگەڵ ئەوەشا کەمەدهۆش چەندی پێ کرابێت هەوڵی داوە چەردەیێ کات لەپێویستی نان پەیداکردن دابڕێ و بەخوێندنەوه و خۆ ڕۆشنبیرترکردنەوە خەریک بێ، هێشتا شتێک لەوانەی لەخۆیانداو بەهەڵکەوتێکی باش و مایەیەکی بەپێزیی بەرهەم دائەنرێن بۆ ئەمیش و بۆ کەسانی تریش، لەمدا بووە بەکۆسپی ڕێی گەشەکردنی پتر، وا کەپێویستەو، لەباخی شیعری مەدهۆشدا بووە بەدڕکو، ئەگەر ئەم شتە لەهەردوو ڕوەکەیەوە بەبارە باشەکەدا چون یەک بوایە، مەدهۆش گەلێ لەئێستە گەشەکردووترو پێشکەوتووترو سەرکەوتووتر ئەبوو. پێشتر ئیشارەتمان بۆ یەکێک له و خاسییەت یا لەو ڕێکەوتە باشانەکرد کەبۆ مەدهۆش هەڵکەوتوون کەئەوەش نەبڕانی هەرگیزی ڕیشەی پەیوەندییەتی لەگەڵ سەرچاوەکانی ئیلهام و سرووشی شیعر وتنی. مەبەستم لەمەیش، وەک لام وایە زۆرتان پێش ئەوەش کەباسی بکەم ئەزانن چی دەڵێم، دانیشتنییەتی لەدووکانێکی بەرگدروونداو پێشوازی کردنی ڕۆژی چەندین جاریەتی لەپۆلی نازدارانی شۆخی عەوداڵی دوای ڕازاوەترین کاڵا بۆ جوانترین باڵاو.. دیتنی دەیان خواژنی جوانی یە کەهەریەکە لەڕوویەکەوە سەرامەدو نموونەن و دڵی دڵداران بەدەوریانا ئەفڕێو، گۆرانی دەنگ خۆشان بۆیان ئەچڕێ.. ئائەمەو، ئەو باس و خواس و سەرگوزەشتە گێڕانەوانەی کەزۆرجار خۆیان بەدوای ئەم دیدارانەدا بەزۆر بەکێش دەکەنو، هەموو ڕۆژێ ئەبن بەهەوێنی گیرسانی چەند شیعری جوان و بەتام و پێز، هەرخۆشیانن لەمەیدانی خوێندنەوه و ڕۆشنبیری و خۆ ڕۆشنبیرتر کردن و ئاگاداری لەنموونەکانی ئەدەب و دەوڵەمەندبوون بەتەجرەبەی کەسانی تری–دوور ئەخەنەوه و وای لێ دەکەن سەرچاوەی سەرەکی بیری تێکڕا هەر بەهرەی خواپێداوی خۆی و باری ژیان و هەڵکەوتی ڕۆژانەی خۆی بێ و له و هەموو سامانە دەوڵەمەندەی بێ بەش دەکەن کەجیهانی ئەدەب پێشکەشی ئەدەب دۆستانی سەرانسەری جیهانی ئەکا. بۆیە، من لام وایە ئەگەر مەدهۆش بەردەوام و بە پێ ی بەرنامەوپرۆگرامێک ڕۆژانە توانیبوویایە یەک دوو سەعاتێک کەمتر خەریکی کار بوایه و بەشێکی ئەو یەک دوو سەعات لەکار دابڕانەی بدایە بە خوێندنەوە، ئێستا ئێمەش لەم مەیدانەدا –مەیدانی شیعری دڵداری–لە عەرەبی خاوەنی شیعرو پەخشانی ناسکی نەزار قەبانی کەمتر نەئەبووین و، مەدهۆشی شاعیری ڕەنجکێشی ئێمەش چەند پێ پیلکە لە ژوور ئەم پلە بەرزەی ئێستایەوە ئەبوو.. لەشیعری مەدهۆشدا قۆناغێکی شیعری کلاسیکی مەشرەب هەیە. ئەمیش لەساڵەکانی سەرەتای شیعر وتنیا هەر ئەو ڕێچکەیەی گرتووە کە شاعیرەکانی قۆناغی کلاسیکیمان، واتە قۆناغی بەسرانەوە بە عەرووزی عەرەبی و هونەرە شیعریەکانی عەرەبی و فارسی یەوە کردوویانە. ئەمە بەش بەحاڵی لاوێکی شاگرد خەیاتی نیمچە خوێندەواری وەک ئەوی ئەو ڕۆژە، کارێ بووە زاتێکی زۆری ویستووە. بەڵام ئەو هەر له و سەردەمەشەوە هەستی بە ڕەوانی و باشتر بەدەستەوە هاتنی وەزنی پەنجەی میللی کردووە، ئیتر زۆری نەخایاندووە ڕێی خۆی دۆزیوەتەوە و ڕێبازی شیعری پەنجه و هەندێک وردە جۆری شیعری نوێی کردووە بە ڕێبازی یەکجاری خۆی و بۆ) بێ تاقەتی (نەبوبێ نەگەڕاوەتەوە ناو جاڕی شیعری کلاسیکی. لەبارەی بابەتیشەوە، چەند ساڵێکی دووایی ساڵانی چل و سەرەتای ساڵانی پەنجا، مەدهۆش، کەمتر لە هەڵسووڕانی ڕۆژانەی، لە مەیدانی شیعری چینایەتی و نیشتمانپەروەریشدا پەل ئەهاوێ..بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئازاری خۆی سەخت تر بووبێ پەل هاویشتنەکەشی توند تر بووە.ئیتر لەوە پاش، وردەوردە، ئەگەڕێتەوە سەر ڕێبازی سەرەکی شیعرو تا ئەم ساڵانی دوایی یە کە لێشاوی نەتەوەیی هەستی هەمووانی هەژاند شیعری مەدهۆش ڕێگای خۆی بەرناداو بەڵکوو دەڵێم پاشانیش زۆر بە ئاستەم نەبێت لێی لانادا. بەڵام ئەو هۆشیاری یە کۆمەڵایەتی یەی کەله و ساڵە پێشینانەدا وە دەستی هێناوە. لەبیری ناچێتەوه و تاونەتاو بەپێ ی جۆری ڕێ وشوێن و لە قاڵبێکی هونەریدا سەرهەڵئەداو لەگەڵێ شیعری هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا ڕەنگ دەداتەوه و، وەک خوێی چێشت تامی زۆربەی شیعرەکانی خۆش دەکات …واتە مەدهۆش لەم قۆناغەدا تەنها شێوە زەقەکەی شیعری سیاسی بەرداوە، ئەگینا هەمیشە، بە هەر جۆرێک بوبێ، دەنگی خۆی لە دژی ستەمی کۆمەڵایەتی با هەر لە مەیدانی دڵداریشدا بێ، دەربڕیوە. مەدهۆش شاعیرێکی حازر بەدەستە.لەگەڵ کەرەستەی شیعردا، وەک لەگەڵ پارچەی قوماشدا، مامەڵە ئەکات، چۆن ئەو پارچە قوماشە مردووە ئەکا بە جوانترین سیپاڵ و چەند قات پتر جوانیی جوانانی پێ دەرئەبڕێ، هەروا ئەو بەیەک گەیشتنە زۆرە هەموو ڕۆژێ دووبارە بووانە کە ڕەنگ بێ لای زۆر کەس وەک شتێکی عادەتی ڕوو بدەن و بەسەربچن و ئەو بیرانەی له و کاتانەدا بەخەیاڵدا دێن، لەشێوەی ناسکترین و پڕ سوزترین شیعردا ئەهۆنێتەوه و پێشکەشی خوێندەوارانی ئەکا. زۆر جاریش هەر لەم کەرەستانەوە بنەمای شتێکی لەوەندەی لەوزەی شیعردا بێت–درێژ تری دەسگیر دەبێت و، ناچار دەبێت بە پارچە پەخشانێک یا لەشێوەی چیرۆکدا دای ئەڕێژێتەوە. کەواتە چیرۆک لای مەدهۆش بوو بە چارەسەری ئەو گیروگرفتانەی شیعر دەسەڵاتی بەسەر چارکردنیاندا ناشکێ، چونکە ئەم زۆر حەزی لە شیعری حیکایەت خوانی نییە، با لەم مەیدانەشدا بێ تەجرەبە نەبێ. مەدهۆش ئەوەندە بە زمانی خەڵک شیعر دەڵێ گەلێ جار زاراوەی تایبەتی ناو شاری سلێمانی لا دەبێت بەزمانی ئەدەبی یەکگرتووی کورد.بە لای منەوە ئەمە لە ڕاستیدا لاوازی یەکی زەقە جاروبار بەهەندێک شیعری مەدهۆشەوە دیاری ئەدا، وەک ئەو جاروبار گیروگرفتە عەرووزی یانەش کە نەختێ تایبەیتی لا لاسەنگ دەکەن و شاندانەبەرێک پێویست دەبێت بۆ ئەوەی شیعرەکە بەتەواوی ڕاست بێتەوە من دڵنیام لەوە کە پێشکەش کردنی دیوانی شیعری مەدهۆش کە زۆربەی هەرە زۆری شیعرەکانی تیایە، لەم ڕۆژانەدا بە خوێنەواری کورد، تاوێک ئەیانگێڕێتەوە بۆ ڕۆژە ڕۆمانسییەکانی ساڵانی چل و پەنجا کە ئێواران کۆمەڵی لاوان بە کۆڵانەکانی سلێمانیدا ئەسووڕانەوه و جامانەکانیان بەسەر شانیاندا شۆڕ دەکردەوه و بە کۆمەڵ گۆرانییە خۆشەکانی کەلەپووری سەردەمی زێڕینی بابانیان ئەوت و، کچانیش لەبەر ماڵان و لەدرزی دەرگاوە سەیریان دەکردن و بەبزەی سەرلێو گەرمتریان دەکردن و بە دڵیش بۆیان ئەسەندنەوە..وایش بزانم ئەو جۆرە ڕۆمانسییەتە، هەرچەند بەدیمەن لە باری ئێستا و پێویستی ئەدەبی ڕیالیستییەوە دوورە، بەڵام لەسەرێکی کەوە تینێک دەدا بە گیان و، گڕی خەبات بۆ ژیانێکی ئازاد و کامەران و بێ سەرئێشەی ناپێویست، خۆش ئەکا. زۆر پێخۆشحاڵ ئەبم ئەگەر بزانم به و ڕەنجەی لەگەڵ نووسینەوه و بابەت بەندی و خەریک بوونی ئەم دیوانەی مەدهۆشی ئازیزو خۆشەویستدا، داومە- خوا عومری ئەوەندە درێژ بکا تا ئەمەندەی تریش شیعرمان بۆ دەڵێ–لەم چەرخەدا کە خەڵک بەچرای ڕۆن گەرچەکەوە بە دوای تۆزێ شادمانیدا ئەگەڕێن، بووم بە مایەی تروسکەی شادی و خۆشی خستنە دڵی خەڵکی کورد، بەپیاوو ئافرەت، کوڕ و کچیانەوە، ئەوانەی لەم دیوانەدا بیرەوەری زەمانی لاوی خۆیان دەخوێننەوە و ئەوانەش کە دەرزی بۆ ئەمڕۆی کوڕێنی یان لێ وەردەگرن. ئیتر فەرموون ئەوە ئێوە و، ئەمەش چەپکە گوڵی هەمەڕەنگەی شیعری ناسک و ئاگری دڵ خۆشکەری مەدهۆشی بەرگدروو، شاعیری دڵ و خۆشەویستی، شاعیری دوا هیوا و ئامانجی ژیانی کامەرانی بەرەی ئادەمیزاد. هەر لە منداڵییەوە هۆگری جوانی و سرووشت بووم. حەزم دەکرد زۆرتری کاتم سەرلەبەیانی و ئێواران درەنگ لەقەراغ شار بەسەربەرم. تابۆم کرابێت حەزم کردووە بەتەنیابم، چونکە بێ ئەوەی بەخۆم بزانم بە جۆرێک دڵم شاد ئەبوو لەخۆمەوە دەستم دەکرد بەسووڕدان و چەقەنەلێدان، یا پەستییەک دای دەگرتم. جارێکیان لەبن خەرمانێکا کوڵی گریانم هەستابوو بەدەنگی بەرز ئەگریام. کە لە دەنگێک سەرم هەڵبڕی ئەبینم زەلامێک لە بەردەمما بەسەر سووڕمانەوە وەستاوە، لێم دەپرسێ: ڕۆڵە بۆ ئەگریت؟ بەڵام من قوڕگم ئەوەندە پڕبوو بوو لەگریان، نەم ئەتوانیت وەڵامی بدەمەوە.
محەمەدی مەلا کەریم
03-05-1981 بەغدا [1]