محەمەد کۆردۆ
2000
ساڵی (1999) کە نامیلکەی (چرپەی ناخ)م بڵاو کردەوە، پێشکەشم کرد: (بەو کەسانەی لە پێناوی بە دەستهێنانی مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی جوانییپەرستاندا تێدەکۆشن). ئەو کاتە دەمویست لە ڕێی ئەو پێشکەشکردنەوە بڵێم: شیعر بە پلەی یەک، سەروکاری لەگەڵ جوانییدایە. دەمویست بڵێم: پەیوەندی شیعر و جوانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و گرنگ و بایەخدارە. لایەنی هەرە دیار و سەرنجڕاکێشیش لەو پەیوەندییەدا، ئەوەیە کە یەکتری بەرهەم دەهێنن. جوانی سەرچاوەی سەرەکی شیعرە و شیعریش سەرچاوەی سەرەکی جوانییە. بۆ ئەوەی بە شیعر بگەین پێویستمان بە جوانی دەبێت و بۆ ئەوەیش کە بە جوانی بگەین پێویستمان بە شیعر دەبێت. واتە، هەم جوانی سەرچاوەی شیعرە و هەم شیعریش سەرچاوەی جوانییە. ئەو کاتە دەمویست بڵێم: لە هەر جێیەک جوانییەک هەبێت، جوانییپەرستێکیش پێویستە. لە هەر جێیەک جوانییەک هەبێت، قەدرزانێکی جوانی و کەسێک کە بتوانێت جوانی دووبارە لەو جوانییە بەرهەم بهێنێتەوە، پێویستە. بێگومان ئەو بۆچوونانە، هەر بۆ شیعر نا، بۆ هەموو هونەرە جوانەکان، وابوون و وان. هەموو هونەرە جوانەکان کە بە پلەی یەک سەروکاریان لەگەڵ جوانییدایە، کاری سەرەکییان ئەوەیە بمانگەیەنن بە جوانی. زمانی هەموویان جوانییە. ئەو کاتە دەمویست بڵێم جوانییپەرستەکان پێویستیان بە دەوڵەتێکی ڕەمزیی، سەربەخۆ، هەیە کە تیایدا زمانەکەیان، کە زمانی جوانییە، بپارێزن و دەوڵەمەندی بکەن و پەرەی پێبدەن. ئێستا کە (17) ساڵ بە سەر چاپکردنی ئەو نامیلکەیەدا تێپەڕیووە، دەمەوێ بڵێم: ئەرێ بە ڕاست ئەوە بۆچی بەشێک لە خەڵکی ئەم سەردەمە، ئەوەندەی بایەخ بە زمانی ئینگلیزی دەدەن، بایەخ بە زمانی جوانی نادەن؟ ئاخۆ ئینگلیزی لە جوانی گرنگترە؟ بە لای منەوە نەخێر. ئەگەر ئینگلیزی زمانێکی جیهانی بێت، جوانی زمانێکی گەردوونییە. بە بڕوای من، دەکرێت کەسێک، جگە لە زمانی دایک، نە ئینگلیزی و نە هیچ زمانێکی دیکە نەزانێت و پڕ بە دڵی خۆیشی ژیان بکات. بەڵام ئاسان نییە کەسێک لەگەڵ زمانی دایکییدا، زمانی جوانی نەزانێت و ژیانێکی ڕاستەقینەش بژی. ئەگەر وانییە، بۆچی مرۆڤ لەگەڵ هەر جۆرە هەڵکشانێکی بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، دڵێکی هەر لای هونەرە جوانەکانە؟ بۆچی هیچ شتێک ناتوانێت جێی هونەرە جوانەکان بگرێتەوە؟
کوردستانی نوێ، ژمارە (6898)، 15/2/2016